خەبات: تریفە ئازاد –
ڕۆژی هەینی 21/6/2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی توركیای كرد، لە ئیستەنبول لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پێشوازی لێكراو لە سەردانەكەیدا وێڕای تاوتوێكردنی پرسە سیاسیی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوو لا، باس لە دوایین پێشهات و رووداوەكانی ناوچەكە كرا، هاوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوەی گرینگی ئەنجام دا. لەم بەدواداچوونەدا پسپۆرو شارەزایانی بواری ئابووری و نێودەوڵەتی و كاروباری توركیا شرۆڤەی سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەكەن.
سەردانێكی زۆر بەهێز بوو
حەسەن ئەحمەد مستەفا شارەزا لە كاروباری توركیا لە بارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی كارابوونەوەی دامەزراوە نیشتمانییەكان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و ناوچەكەش بە ئاڵۆزییەكی نادیاردا تێپەڕ دەبێت، دەتوانین بڵێین بە دەوڵەتی عێراق و توركیا و ئێران و هەرێمی ئێمەش ستراتیژییەتەكان زۆر وردن، تا ئەو كاتەی ململانێكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران یەكلایی دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش هەرێمی كوردستانی عێراق وەك هەرێمێكی بەهێز هەرێمێكی فەرمییە بە گوێرەی دەستووری عێراق، دوای كارابوونەوەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و ئەو سەرۆكایەتیەی بۆی هەڵبژێردراوە و ناودێركردنی بەڕێز مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەڵمەتێكی چڕی دیبلۆماسی كردووە، لەم ستراتیژییە نوێیەدا پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق ستراتیژین و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی عێراق لەخەمی ئەوەدان كە عێراق بە هەرێمەوە لەم ئاڵۆزییانە و ململانێیە دەربچێت و بۆ هەرێمی كوردستان دەستكەوتی تریشی هەبێت، ئەمەشیان ڕاگرتنی باڵانسە لەگەڵ عێراق لەگەڵ ئێران و توركیا، بۆ هەرێمی ئێمە كارێكی زۆر گرینگە لەم قۆناغەدا، چونكە لەم قۆناغە هەستیارانە بەشێك لە گەلان سەردەكەون، پاراستنی دەستكەوتەكان تەنها لەناو هەرێم ناكرێت، پێویستی بە جموجۆڵ هەیە. وێستگەی دووەمی سەردانەكەی بەرێزیان بۆ ئەنقەرە بوو كە لە كۆشكی دۆلما باغچە سەرای پێشوازی لە بەرێز نێچیرڤان بارزانی كرا ئەو كۆشكەی كە سینبوڵی تواناو مێژوویی توركیایە لەبەر ئەوەی مستەفا كمال ئەتاتورك لەوێ پێشوازی لە مێوانان كردووە، بۆیە پێشوازییەكە پێشوازییەكی تایبەت، لە هەمووی گرنگتر سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەكان بەكار نەهات كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی نەبوو هیچ تەفاسیلێك لەسەر سەردانەكە نەبوو تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكانی توركیاش تەنها وێنەكان بڵاو كرانەوە، بۆیە سەردانەكە بەتەواوی سەردانێكی دیبلۆماسیە و سەردانێكی خاوەن پێگە و سەنگینە، توركیا سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هەموومان دەزانین لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دیفاكتۆی هەرێمی كوردستان زیانی بەركەوت گەمارۆ قورسەكانیان بەسەرماندا سەپاند بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی توركیاوە گەیشتە فەرەنسا و لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن گەمارۆیەكانیان شكاند، سەبارەت بە ئێستاش هەرێمی كوردستان بێ لایەنترین هەرێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم جەنگەی كە هەیە، بۆیە عێراق و ئێران و توركیا تەنانەت ئەمەریكاش تا ڕادەیەك بۆ مانەوەی جێگیری ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و جوگرافیا سیاسیەكەی لە گەیاندنی وزەی ناوچەكە بە بازاڕی جیهان بەرز دەنرخێن.
حەسەن ئەحمەد مستەفا گوتیشی: خالێكی تر ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی پێگەیەكی سیاسی نێودەوڵەتییەو لە دروستكردنی ئەم پێگەیە ماوەیەكی زۆرمان بڕیووە، سەبارەت بە دیدی پرۆتۆكۆلی سەردانەكە كە شێوازی دانیشتەكە دانیشتنێكی سەنگینە تەنانەت سەرۆكی ڕێكخراوی ناتۆ و سەرۆك وەزیرەكان بە هەمان شێوە دادەنیشن لەم دیدەوە دەتوانم بڵێم سەردانێكی زۆر بەهێز بوو، زۆر قورس بوو، دەبێت سەیری دوای سەردانەكە بكەین و ئەم گەشتە دیبلۆماسیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوامن و درێژەیان دەبێت.
گەشەپێدانی ئابووری پەیوەستە
بە گەشەپێدانی سیاسی
دكتۆر سەلاحەدین ئەحمەد دكتۆرا لە ئابووری نێو دەوڵەتی لە بارەی سەردانەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی ئابووری لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: چوونی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا وەرچەخانێكە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوەی وڵات، توركیاش دەوڵەتێكی بەهێزە لە ناوچەكە پەیوەندیشان لەگەڵیان هەیە لە پێشتریش پەیوەندی ئابووری و سیاسیمان هەبوو لەگەڵ توركیا. ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی شارەزاییەكی زۆری هەیە، كە چۆن پەرە بەم پەیوەندییە بدات لە ڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، یەكێكیش لەم سێكتەرانەی كە پێویستە گرینگی پێبدرێت سێكتەری ئابوورییە، توركیاش لە ڕووی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە ناوچەكە دیارە، ئێمە زۆر شتمان هەیە كە لە توركیاوە هاوردە دەكرێت، سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمیش فراوانتر كردنی ئەو پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیانەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و ئاستی ئابووری زیاد بكات لە كورستان و بۆ ئەوەی كۆمپانیای تر بێنە كوردستان و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێت، ئەمەش كارێكی زۆر گرینگەو بوونی ئەم پەیوەندییەش فاكتەرێكی زۆر گرینگە كە ئیستقراری سیاسی هەبێت ئەو كاتە گەشەی ئابووری زیاتر دەكات، گەشەپێدانی ئابووریش پەیوەستە بە گەشەپێدانی سیاسی، هەر لە دوای ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا لە داهاتوویەكی نزیك ئەم كۆمپانیانەی پیشەسازی و بازرگانی روو دەكەنە كوردستان لەبەر ئەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە كوردستان دەبوژێتەوە، چاوەڕێ دەكرێت پەیوەندییەكان لە ڕووی ئابووری زۆر باش بن و ببوژێنەوە و لەگەڵ بەغداش كە ڕۆژێك پێشتر ڕێزدرار كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسان كۆبووەوە، چاوەڕی دەكرێ لە ڕووی ئابوورییەوە پێشكەوتنی زۆر بەخۆی بێنێت لە داهاتوو.
پەیوەندیی پتەوی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واتای پەیوەندییەكی نێودەوڵەتی لێ دەخوێنرێتەوە
سانع شریف شێروانی مامۆستا لەزانكۆی سۆران و قوتابی دكتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی لە بارەی سەردانەكەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئەگەر خوێندنەوەیەكی ورد بكەین بۆ سەردانەكەی بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ئەوا گرنگی ئەم سەردانە بۆ هەرێمی كوردستان بە دەردەكەوێت كە چەند زەرورو پێویستە هەم لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە هەم لەڕووی بەرەوپێشچوونی لایەنی ئابووری و سیاسییەوە كە كاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر چارەنووسی داهاتووی سیاسی هەرێمی كوردستان، هەروەها توركیا ئەندامێكی كارای هاوپەیمانی ناتۆیەو خاوەن پێگەی سیاسی و بڕیارە لە ناوچەكەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕۆڵی توركیا نادیدە ناگرێت، بەتایبەتی لە لایەن هەردوو دەوڵەتی زلهێزی ئەمەریكا و ڕووسیا، بۆیە هەبوونی پەیوەندییەكی پتەوی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واتای پەیوەندییەكی نێودەوڵەتی لێ دەخوێنرێتەوە لە سەر بنەمایەكی دیبلۆماسی. لەلایەكی تریشەوە لە ڕووی ئابووریەوە گرنگییەكی پڕ بایەخی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە توركیا دەروازەی بە بازاڕی كردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانە بەڕووی وڵاتانی ئەورووپادا، كە ئەمەش كارێگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادبوونی داهاتی هەرێم و بەرەوپێشچوونی كەرتی ئابووری هەرێم. بەپێچەوانەوەش هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا گرنگە بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە كە دەتوانێت ئەو بۆشاییە وزەیەی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا سەبارەت بە كڕینی نەوت پڕ بكاتەوە، بۆیە ناچارە ئەلتەرناتیڤی تر بدۆزێتەوە كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ئەلتەرناتیڤانە، لەگەڵ ئەمەش كڕینی غازی هەرێمی كوردستان زۆر باشتر و نزیكترە و بە نرخێكی هەرزانتریش بۆی دەكەوێ وەك ئەوەی لەرێی رووسیاو ئازەربایجانەوە بۆی دابین دەكرێت، دەكرێت بڵێین توركیا چەند بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە وە هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە بۆ توركیا گرنگە.
ئومێدێك بۆ ئاشتەوایی زیندوو دەكاتەوە
هێژا دلشاد نووسەر و رۆژنامەنووسی تایبەتمەند بەكاروباری توركیا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سەردانێكی پۆزەتیڤ و لەجێی خۆی بوو، بەوەی كاتی سەردانەكەی پەیوەست بوو بە چەند تەوەرەیەكەوە یەكەمیان ئەوەیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و پاشان یەكەم سەردانی دەرەوەی بۆ توركیا دەكات، ئەمەش پەیامی گرنگ و بەهای هەیە، بەوەی نیازپاكییەك بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان نیشاندراوە كە یەكیان لەگەڵ بەغدا و ئەویتریش ئەنقەرەیە كە ماوەی نزیكەی 3 ساڵە هیچ سەردانێكی فەرمی سازنەكراوە، هەرێمی كوردستانیش كارەكتەرێكی سیاسی گرنگە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، نێچیرڤان بارزانی قابیلیەت و توانای هەیە كە رۆڵی ئیجابیانە بۆ چارەسەری پرسەكان لەنێوان بەغداو كوردستان و هەروەها ئەنقەرەو هەولێردا بگێرێت. سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا جێی باسی میدیاكان بوو بەوەی ڕۆژێك پێش سەردانەكەی ئۆجەلان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە باسی لە پرۆسەیەكی ئاشتی دەكات. هاوكات بەرێز بارزانی ماوەیەك لەمەوبەر لە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەر گوتی: پێویستە پرسی كورد لە توركیا بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت و شەڕ هیچ چارەسەرێك لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. لە پرۆسەكانی پێشووتردا كە نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی ئاشتەوایی گێڕاوە پێدەچێ ئەمجارەش تەرحی ئاشتەوایی بۆ لایەنی توركی كردبێت. ئەمەش یەك لە ئەگەرەكانە كە ئومێدێك بۆ ئاشتەوایی زیندوو دەكاتەوە بێگومان، لەبەر ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دامەزرێنەری پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی حكوومەت كە ئەوكات لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیر بوو توانی ئەو پەیوەندییانە پەرەپێبدات.









