ئامادەكردن و فۆتۆ: بڕیار كۆیی
ڕێزدار مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی تازە حكوومەت و داواكانیان لە كابینەی تازە كۆبوونەوە.
سەردانەكان و كۆبوونەوەكانی رێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بۆ لای پێكهاتەكان سەرلەبەیانی دوێنێ شەممە22-6-2019 سەرەتا بە كۆبوونەوەی لەگەڵ 9 لایەنی توركمانی لە شاری هەولێر دەستپێكرد و كۆبوونەوەكان ماوەی نیو كاتژمێری خایاند و لەمیانەدا لایەنە توركمانییەكان داواكاریی و پڕۆژەی خۆیان پێشكەش بە رێزدار مەسرور بارزانی كرد.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وەكو داوایان كردووە پۆستی راوێژكار و بریكاری وەزیر و چەند بەڕێوەبەرایەتییەكیان پێبدرێت، هەروەها لە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستانیش نوێنەریان هەبێت، جەختیشیكردەوە كە وەكو لایەنە توركمانییەكان پشتگیری خۆیان بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتدەكەنەوە.
وێستگەی دووەمی سەردان و كۆبوونەوەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بریتی بوو لە سەردانیكردنی بارەگای بەرەی توركمانی لە شاری هەولێر و لەلایەن ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی و بەرپرسانی دیكەی ئەو حزبە توركمانییەوە پێشوازییان لێكرا و پاشان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و لەمیانەدا بەرەی توركمانی داواكانی خۆی سەبارەت بە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد.
وێستگەی سێیەمی سەردان و كۆبوونەوەكانی رێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بریتی بوو لە سەردانیكردن و كۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی كریستیانەكان، شاندەكە لەلایەن رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی بێت نەهێرن و بەرپرسانی دیكەی هاوپەیمانییەتییەكەوە پێشوازییان لێكرا و لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا داواكاریی خۆیان سەبارەت كابینەی تازەی حكوومەت پێشكەش بە رێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری كرد.
مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە مەبەستی بەشداریی پێكردنیان لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی كریستیانەكان كۆبووەوە كە لە سێ پارتی سیاسی پێكهاتوون و خاوەنی سێ كورسی پەرلەمانین.
لە لێدوانێكیدا رۆمیۆ هەكاری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پشتگیری خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتدەكەنەوە و ئاشكراشی كرد كە داوایان كردووە لە جومگە جۆراوجۆرەكانی دەسەڵات پۆستیان پێبدرێت.
پاشنیوەرۆی هەمان ڕۆژ ڕێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری سەردانی بارەگای بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری لە هەولێر كرد و لەمیانەدا لەگەڵ یونادم یوسف كەنا سكرتێری بزووتنەوەكە و بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە كۆبوونەوە و گفتوگۆ ئەنجامدرا سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
دوا وێستگەی سەردانەكانی رێزدار مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بریتی بوو لە سەردانیكردنی بارەگای ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری و لەمیانەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنجوومەنەكە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر گفتوگۆ ئەنجامدرا و داواكارییەكانی خۆیان سەبارەت بە پشكیان لە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.










