-بەهجەت مەسیفی: هاووڵاتییان بە ئومێدن كە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كوردستان بەهێزتر بكەن
– تەها دەروێش: ئاواتەخوازم نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و یەكگوتاری كوردی دروستبێن
-كوردێكی تاراوگە: كاك نێچیرڤان بارزانی توانی كوردستان لە داڕمانی ئابووری بپارێزێت
فەزیلە شۆڕش: لەم چوار ساڵەدا كوردستان پێدەنێتە قۆناغێكی تری پڕ لە دەستكەوت
خەبات – ساسان دەروێش
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 3ی ئەیلووڵی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بە مسۆگەركردنی 45 كورسی بووە زۆرینەی ناو پەرلەمان، بەمەش دەیتوانی بە تەنیا خۆی و چەند هاوپەیمانێكی نزیك لە پارتی، حكوومەت پێكبهێنێت، بەڵام لەبەر رەچاوكردنی دۆخی سیاسیی كوردستان و رێزگرتن لەو حزبانەی خواستی بەشداریكردنیان لە حكوومەتدا هەیە، درێژەی بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت داوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێ لایەنی سیاسی چەنداندجار بە ئەنقەست كێشەیان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دروستكرد، بەڵام پارتی لەپێناو یەكڕیزیی كوردستان پێی باش بوو سەرجەم حزبەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن و پشوودرێژانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا كرد بۆ ئەوەی حكوومەت رەنگدانەوەی هەموو لایەنەكان بێت. دوای چاوەڕوانییەكی زۆری هاووڵاتییانیش بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كاراكرایەوە و نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، هاوكات مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت راسپێدرا، لەم نزیكانەش بە كردەیی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دەستپێدەكەن.
هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها دەستنیشانكردن و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، كوردانی تاراوگەی خۆشحاڵكردووە و پێیانوایە كە ئەو دوو كەسایەتییە سیاسییە دەتوانن بە باشی پرۆسەی سیاسی و حكومڕانێتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببەن، لەممبارەیەوە بەشێك لە كوردانی تاراوگە بۆ خەبات دەدوێن.
-هاووڵاتییان ئومێدیان بە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەیە
سەرەتا بەهجەت مەسیفی لە ئەڵمانیا بۆ خەبات، گوتی: ئێمە وەك ناوەندی سیاسی لە ئەورووپا و وەك كوردستانییەكی دەرەوەی وڵات لە تاراوگە، زۆر خۆشحاڵ بووین لە دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و پشوودرێژییەی پارتی بۆ پرسی كورد و تەبایی و یەكڕیزی نێوماڵی كورد، دواتر ئەمڕۆی لێ هاتە بەرهەم وەك دەستكەوتێكی گرنگی مێژوویی پارتی و هەڵبژاردنی دوو سەركردەی گەنجی بە ئەزموون بە دەنگدان لەپەرلەمانی كوردستانەوە بۆ وەرگرتنی هەر دوو پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، ئەم دوو كەسایەتییە، كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مەسرور بارزانی، ئەزموونێكی باشیان لە بەڕێوەبردنی كاروباری كوردستاندا هەیە و خەڵكی كوردستان ئومێدیان پێیان هەیە كە لە داهاتوودا ببنە هۆی خۆشگوزەرانی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان و ڕەنگدانەوەی زیاتری تەبایی و برایەتی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە لەژێر چەتری پێكەوە كاركردن، كوردستان بەهێز بكەین.
-داوای یەكگوتاری كوردی دەكرێت
تەها دەروێش نادر ئەحمەد لە هۆڵەنداوە بۆ خەبات، گوتی: ئێمە لە تاراوگەوە پیرۆزبایی خۆمان لە هەردوو بەڕێزان، كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كاك مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە كابینەی نۆیەم دەكەین، بەو هیوایەین كە نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش باشتر ببێت، یەكگوتاری سیاسیی كوردی هەبێت، كە گوزارشت لە هیوا و ئاواتی دێرینەی نەتەوەكەمان بكات، وەك ئەوەی تەواوی كورد، كۆدەنگ بوو لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
-چاكسازی خواستی هاووڵاتییانی كوردستانە
حەمە هێمن، لە ئەڵمانیا، بەدەم پیرۆزباییكردنەوە، دەڵێت: وەك كەسێكی نەتەوەیی لە تاراوگەوە، پیرۆزبایی خۆم لە سەرۆكی هەرێم دەكەم، بەو هیوایەی كە چۆن توانی زەمینەی بناغەی ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ هەرێمێكی گەمارۆدراو دابمەزرێنێت و قەیرانە سەختەكانی ئابووری هەرێم تێپەڕێنێت، هەر بەو توانا و ئیرادە بەهێزەوە برایەتی و ئاشتەوایی نێوماڵی كورد بەهێزتر بكات و لە گەڕی دانوستانی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكارێت، بەرەی سەربەخۆیی ئامانجی دەوڵەتی كوردستان بەدی بهێنێت، هاوكات پیرۆزبایی لە كاك مەسرور بارزانی دەكەم كە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە هیوادارم پرۆژەی چاكسازی كە خواستی خەڵكی كوردستانە، بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە، بكاتە دەستپێكی كارنامەی كابینەكەی.
-بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی توانی گەمارۆكان تێكبشكێنێت
د. نزین بەرزنجی لە نەرویژەوە گوتی: وێڕایی پیرۆزبایی گەرمم بۆ هەردوو سەركردەی گەنج و لێهاتووی كوردستان بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتیشی: هێزی سیاسی كاك نێچیرڤان بارزانی لە دوای گەمارۆی سیاسی و ئابووری هەرێم باشتر دەركەوت كە دوژمنانی كورد لەبەر چاوی دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیا ویستیان جارێكی تر ستەم لە كورد بكەنەوە بە گەمارۆی ئابووری و سیاسی سەر كوردستان لە دوای ڕیفراندۆم، لەو كاتە سەختەدا كاك نێچیرڤان بارزانی توانی هەرێم لە داڕمانی ئابووری بپارێزێت، هەروەها بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی توانی گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستانیش تێكبشكێنێت، بۆیە جەماوەری كوردستان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە، لە یەكسانی و ئارامی و چاكسازی و دابینكردنی ئاو و كارەبا و كەرتی كشتوكاڵ و تەندروستی و گەشتوگوزاری و بایەخدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە.
-بە یەكسانی و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ناخۆشییەكان لە بیر خەڵك ببنەوە
هەروەها د. نزین بەرزنجی گوتیشی: پیرۆزبایی خۆشم ئاراستەی كاك مەسرور بارزانی دەكەم، پیاوی وڵاتپارێز و دابینكردنی ئارامی، ئەوەی لە ڕابردوو و ئێستادا كردوویەتی، جێگای خۆشحاڵی هەموو كوردستانییەك بووە، لە پاراستنی سەروماڵی خەڵكی، بۆیە من لێرەوە، كاك مەسرور بارزانی، داوات لێ دەكەم، هەرچۆن ئەندازیاری ئاسایش و پاراستنی كوردستان بوویت، هەروەها لەم كابینەیەشدا بایەخ بە یەكسانی كۆمەڵایەتی و باشتركردنی گوزەرانی خەڵك بدەن و ناخۆشییەكانیان لە بیر ببەنەوە، بە كاری جوان و داهێنانی نوێ كە لە توانای جەنابتاندا دەیبینین.
-بایەخدانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی دەرەوە
هێرش حمەخان قەرەداغی لە ئەڵمانیا، گوتی: بە دڵێكی پڕ هیوای دوورە وڵاتەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە جەنابی كاك مەسرور بارزانی دەكەم، كە راسپێردراوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بۆ زیاتر خزمەتكردنی خاك و خەڵك، بە هیوای كۆكردنەوەی هێز و تواناكان و توندكردنی پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوە، هیوام سەركەوتنیانە، هەروەها لە تاراوگەوە پیرۆزبایی خۆم دەگەیەنمە سەرۆكی هەرێم، كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ زیاتر خزمەت و بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوەكەمان.
-كوردستان پێدەنێتە قۆناغێكی تری پڕ لە دەستكەوت
فەزیلە شۆڕش لە هۆڵەنداوە بۆ خەبات دەڵێت: پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لەم دوو سەركردە گەنجەی كوردستان دەكەم، كە لە رابردوودا خزمەتیان لەبەرچاوانە و ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە ڕووداوەكاندا بە ئەزموونێكی گەورەوە دێنەوە مەیدان لە بەرەوپێشبردنی كوردستان، لەژێر چەتری ئەم دوو قارەمانەدا هیواكانمان هەڵدەچنین و لە چوارساڵی داهاتوودا داكوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی تری پڕ لە دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستانێكی بەهێز لە ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و بەخشینەوەی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لەنێوان تاكەكانی كورد و ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوومان تۆمار دەكەن، ئافرەتان بە گشتی و بەتایبەتی لە تاراوگە گەشبینن بەو هەنگاوەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دیموكراسی، پارتی بەدەستیهێناوە وەك براوەی یەكەم، ئەمەش متمانەكردنی خەڵكە بە پارتی و كادیر و پیشمەرگە و فەرماندە و سەركردەكانی، كە هەموو ئەو خەسڵەتە جوانانە لەم دوو سەركردەیەدا هەن و دووبارە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین بەرەو كوردستانێكی بەهێز.










