خەبات: سەنگەر حوسێن
ئافرەتێكی ئەمەریكی تەمەن 21 ساڵان توانی گەشت بۆ 196 وڵات بكات، بەمەش ناوی چووە نێو كتێبی گینیس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.
لیكسی ئەلفۆرد كچێكی ئەمەریكی تەمەن 21 ساڵانە لە ویلایەتی نیفادا لەدایكبووە، توانی گشت وڵاتانی جیهان كە ژمارەی 196 وڵاتە بگەڕێت و وێنەشی لەو هەموو وڵاتانە گرتووە، لە نێویشیاندا هاتۆتە هەرێمی كوردستان و وێنەی لەگەڵ مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر گرتووە. هەروەها توانیویەتی بچێتە ئەو شوێنانەی بەهۆی شەڕەوە سەقامگیر نییە وەك فەڵەستین و یەمەن و لیبیا، دوا وڵاتیش كە ئەلفۆرد سەردانی كردبێت كۆریای باكوور بوو، كە ئاسان نییە بۆ هاووڵاتییەكی ئەمەریكی سەردانی بكات.
بۆ ئەوەی ناوی بچێتە نێو كتێبی گینس، سەیری پاسەپۆرتی لیكسی كراوە كە ڤیزای هەموو وڵاتانی تێدا بووە، هەروەها ناوی ئەو هوتێلانەی لەو وڵاتانە تێیدا نیشتەجێ بووە، لەگەڵ وێنەی تایبەتی خۆی كە لە شوێنە سەردانیكراوەكانی گرتوویەتی و هەمووی لە ئینستگرام بڵاوكردۆتەوە.










