مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(44)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پیرۆزبایی لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئەندام و لایەنگرانیان ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:
بەڕێزان/ لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
بە بۆنەی(44)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین لە خەبات و خزمەت بەردەوام بن لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان.
ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و پڕگۆڕانکاریدایە، بۆیە ئەرکی سەرجەم ھێز و لایەنە نیشتمان پەروەرەکانە شانبدەینە بەر بەرپرسیاریەتی قۆناغەکە و  ئایندە و چارەنوسی گەل و نەتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان لەسەروی ھەموو شتێکەوە ببینین.
ئومێدەوارین ئەو یادە هاندەری یەکدەستی و تەبایی ناوخۆی حزبە تێکۆشەرەکەتان و  ھەوێنی زیاتری یەك گوتاریی سیاسی و هاوپەیمانیی راستەقینە و کاری ھاوبەشی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانیش بێت بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئەزموونەکەمان و پاراستن و بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان