كاروان محەمەد سینۆ
پێرێ سێشەممە 28ی گوڵان 2019، هەرێمی كوردستان هەناسەیەكی دیكەی هەڵكێشا كە پێشتر پێی تەنگە نەفەس ببوو!، ئەویش كارابوونی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە. پاش پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە30ـی9ـی2018 تاكو پێرێ 28ی گوڵان 2019، واتا نزیكە نۆ مانگ یاخود (268رۆژ). پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی كار بەرێكردندا بوون، نەیدەتوانی هیچ یاسایێك و بڕیارێكی چارەنووسساز جێبەجێ بكەن، بەم شێوەیە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش گۆشەگیر بوو. خەڵكی كوردستانیش لە روانگەی نیشتیمان پەروەری خۆیانەوە بە پشووێكی درێژ و فراوان لە خاتر و چاوەروانی حزب و لایەنە كوردستانییەكان بوون كە رێككەون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان. خۆشبەختانە سێشەممەی رابردوو ئەم خەون و خواستەی خەڵكی كوردستان هاتە دی.
نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سێشەممەی رابردوو 28ـی گوڵانی 2019 لە پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادە بوونی 81 ئەندام پەرلەمان و بایكۆتی فراكسیۆنی یەكێتی و نەوەی نوێ، نێچیرڤانی بارزانی بە 68دەنگ واتا (نزیكەی %80 دەنگەكەكان) بۆ چوار ساڵی داهاتوو بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا. دوابەدوای هەڵبژاردنی نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و(تاكو نووسینی ئەم گوتارە) پەیتا پەیتا زۆربەی وڵاتانی جیهان و دەوروبەر راستەوخۆی و لە رێگای كونسوڵەكانیانەوە لە هەولێر، خۆشحاڵی خۆیان و پیرۆزبایی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانییان ڕاگەیاند. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی كەسایەتی و كارەكتەرێكی كارایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەقلیمی و عێراق كە ئەمڕۆ كوردستان و عێراق و جیهان پێویستی پێیەتی، هەڵبەت ساڵانی خەبات و حوكمڕانی نێچیرڤانی بارزانی لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان و حوكمڕانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چالاكییەكانی بارزانی لە بواری پەیوەندییە ئەقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و دیپلۆماسییەت و زاڵبوونی بەسەر قەیرانە جودا جوداكاندا (سەنگی مەحەكن) بۆ شیان و توانا و ئەزموونی نێچیرڤان لە دەوڵەتمەداریدا.
ئێمە دڵنیاین كە لەوادەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا، سەروكایەتی هەرێم دەبێتە چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە، لە پێناوی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی كوردستاندا. هەروەها ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی زامن دەبێت، هەروەها مافەكانی تاك و كۆمەڵگا، لە ئامانجە سەرەكییەكانی نێچیرڤان بارزانی دەبێت. لەلایەكی دیەوە بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا ئەركێكی دیكەی نێچیرڤان بارزانییە. هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەهێزكردنی پێگە و سەنگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە نێچیرڤان بارزانی شارەزایی و پسپۆری تەواوی لەم بوارەدا هەیە، كوردستان بەرەو پاشەرۆژێكی ئارام و بەهێز ئاراستە دەكات. هەرووەها لەسایەی نێچیرڤان بارزانیدا سەرۆكایەتی هەرێم دەبێتە سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانی هەموو خەڵكی كوردستان، بەبێ هیچ جیاكاری و پەڕگیرییەك.
بۆچی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بێ كۆسپ و ئاستەنگ نەبوو؟!
وێراَی ئەوەی پارتی هەموو هەوڵێكیدا كەپڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كەش و هەوایەكی برایانە و تەبایی و یەكریزی نیشتیمانی ئەنجام بدرێ و بۆ ئەم مەبەستە چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ برایانی یەكێتی لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا، هەروەها هەرلەسەر ئەم مژارە پارتی دوو رێكەوتنی لە گەڵ برایانی یەكێتی ئیمزاكرد (رێكەوتنی یەكەم لە 4ـی3ـی2019، رێكەوتنی دووەم لە 5ـی5ـی2019)، بێجگە لەوەی چەندین جاری دیكە كۆڕ و كۆبوونەوە لەسەر ئاستی شاند و مەكتەبی سیاسی و سەردانی بەرپرسانی باڵا لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدار، تەناتە دواجار (20كاتژمێر) بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو پەرلەمانی كوردستان، واتا لە ئێوارەی دووشەممە 27ی گوڵان، بەپێی لێدوان و ڕاگەینراوەكانی برایانی یەكێتی ، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبۆتەوە و لە ئەنجامدا فراكسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان راسپارد كە لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنەی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان هەیە، دەبێ هەر 21كاندیدەكانی یەكێتی لە پەرلەمان دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بدەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. كەچی رۆژی پاشتر (سێشەممە 28ـی گوڵان) فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستاندا لەسەر زاری (بێگەرد تاڵەبانی) بە فراكسیۆنی پارتی راگەیاند كە نابێ ئەوان بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن (بێ ئەوەی هیچ ئەگەر و هۆكارێك بخاتەروو)؟!. ئەمەش جێگای هەڵوەستە و بەدواداچوونە!. ئەگەر برایانی یەكێتی نیازی وردەكاری زیاتریان هەبوو لە پڕۆسەكەدا، بۆچی یەكێتی (چەند رۆژێك پێشتر) پارتی ئاگادار نەدەكردەوە لەم هەڵوێستەی خۆی؟!. دەرەنجام ئەم هەڵوێستەی برایانی یەكێتی، پێم وایە دوو رەهەندی سەرەكی لەخۆ دەگرێ.
رەهەندی یەكەم: یەكێتی لە ئاستی سەركردایەتی خۆیدا، كێشەكانی زیاتر تەشەنەی كردووە و لەبەر چەند ئەگەرێك (كە ناكرێ لە ئێستادا باسی بكەین)؟! یەكێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەكردووە. ئەگینا پاش دوو رێككەوتن لەگەڵ پارتی چۆن و بۆچی؟! پشت لە رێكەوتنەكە دەكەن!!.
رەهەندی دووەم: پێم وایە (باڵێكی نێو سەركردایەتی یەكێتی)؟! كەوتۆتە ژێر هەژموونی (ئەجندایەكی دەرەكی) كەناخوازێ پڕوسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و پێك هاتنی دامودەزگا شەرعییەكانی كوردستان سەركەوێت ؟!. بۆیە (كوتوپڕ) بێ پێشەكی پاشگەزی رێكەوتنەكانیان بوونەوە لە گەڵ پارتی.
بەڵام ئەم دوو رەهەندە دژی خواست و ئیرادە و بەرژەوەندی و داهاتووی خەڵكی كوردستانە، بۆیە نەدەبوایە برایانی یەكێتی تەنها بیر لە بەرژەوەندی بەرتەسكی خزبی (باڵێكی سەركردایەتی خۆیان) بكەنەوە و متمانەی پارتی و خەڵكی كوردستان لەدەست بدەن و لەم دوورەهەندەوە بگڵێن.
پارتی لەسەر دیاریكردنی پارێزگای كەركووك لە گەڵ یەكێتی رێككەوتبوو
لە گۆشە نیگای بڕوای پارتی دیموكراتی كوردستان بە بنەماكانی بەرپرسێتی هاوبەش لە حوكمڕانی و زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و پڕوسەی چاكسازی، پارتی لە 4ـی3ـی2019 رێكەوتنی لەگەڵ برایانی یەكێتی ئیمزاكرد. دواتریش بەلەبەرچاوگرتی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانیدا، دیسان پارتی لە 5ـ5ـی 2019 رێكەوتنێكی دیكەشی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد لەسەر ئەو پشك و پلانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستاندا دەخوازێت. لە رێكەوتنی رۆژی 4ـی3ـی2019 لە روانگەی پەرۆشی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (بەتایبەت پاش رووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر)، بەپێی رێكەوتنی نێوان سەرۆك مسعود بارزانی و بەرێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی، پارتی (بەناو) لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك لەگەڵ یەكێتی رێككەوت، ئەویش دوابەدوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی لە نێوان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسۆل بوو، هەردوولا رێككەوتن لەسەر دیاری كردنی بەرێز فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، شایانی باسە دوێنێ چوارشەممە 28ـی گوڵان لە روونكردەوەیەكدا بەرێز فەرەیدون عەبدولقادر ئەم ڕاستییە خستۆتە روو. هەروەها تەنانەت دەربارەی پۆستی وەزیری داد لە بەغدا، لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن لە نێوان سەرۆك بارزانی و كوسرەت رەسوڵ هەبوو لەسەر دیاركردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە!! كە برایانی یەكێتی بەم شێوەیە پشت لە رێكەوتنەكان دەكەن، ئەمەش گەواهی راستیی ئەو دوو رەهەندەیە كەلەسەرەوە باسمانكرد.
بێگومان هەموو خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاك دەزانن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرتاوە تێگەیشتن و بەرچاو روونی هەبووە بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و لەم روانگەیەوە سیاسەتی (سەبری ئەیوب) و ئاسانكاری بۆ برایانی یەكێتی كردووە، هەرئەمەش بوو هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو دواكەوتنەش تاكو ئێستا زیانی هەبووە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و دەڤەرەكە و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەروەها زیان و كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان كە ناكرێ چیدی درێژەی هەبێ.









