سەلام عەبدوڵڵا
لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، دوێنێ سەرۆكی نوێی هەرێم بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان كە بریتی بوون لە 81 ئەندام پەرلەمان، بە دەنگی 68 پەرلەمانتار، بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا.
وا چاوەڕوان دەكرا كە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كە خاوەنی 21 پەرلەمانتارە بەشدار بن لەو پڕۆسەیەدا، بەڵام لە دوا ساتەكاندا، بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو بەشدار نەبوون.
بڕیارەكەیان راست بووبێت یان هەڵە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی خۆیان، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاری بەشداری ئەوان بوو، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ سازدان و سەردانی كردن و چەند رێككەوتنێكی لەگەڵیان ئەنجامدا كە بە داخەوە بێ ئەنجام بوون. بەهەرحاڵ پڕۆسەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام دراو زۆرینەش هەر زۆرینەیەو بنەمای سەرەكی دیموكراتییە.
بەشدارنەبوونی یەكێتی و دەنگنەدانی هەندێك فراكسیۆن، ئەگەرچی ئامادەی دانیشتەكەی پەرلەمانیش بوون، دەلیلی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەیە بەشێوەیەكی دیموكراتی لە پەرلەمانداو بەشدارنەبوون و دەنگنەدانیش مافی سەرەتایی هەموو حزبێكە كە لە سیستەمی پەرلەمانی و كاری پەرلەماندا، پەیڕەوی دەكرێت.
گرنگ ئەوەیە تێكڕا پڕۆسەكە بەشێوەیەكی شارستانی و هێمن و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا بەڕێوەچوو، هەروەك هەموو حزبەكان دوای ئەو پڕۆسەیە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، بۆ میدیاكانی هەرێم و جیهان، پاساوی بەشداربوون و نەبوون و دەنگدان و دەنگنەدانیان خستەڕوو.
بۆیە لە دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان، سەرۆكی نوێی هەرێم دەتوانێت داوا لە كوتلەی زۆرینە بكات كە بەربژێری خۆی بۆ دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەت دەستنیشان بكات، بەمەش پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمدا ڕێچكەی ئاسایی خۆی بگرێت.
پرسیارەكەش، ئێستا ئەوەیە دوای بەشدارنەبوونی یەكێتی لە پڕۆسەی دەنگداندا، ئایا بەشداری حكوومەت دەكات كە شەش مانگە لەگەڵ پارتی لە وتووێژدان؟؟ یان بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنی خۆی دەدات؟









