عەدنان فاخیر
لەبەر چاوگرتنی ئەم دوو چەمكە لە هەر هەنگاوێكی سیاسی ئابووری سەربازی و……دا پاڵپشتێكی باشە و تین و توانای زیاتر بە مرۆڤ دەدات و سەركەوتنیش مسۆگەرتر دەكات ، ئینجا هۆكارەكانی ترس و دڵەراوكێی خەڵك لە پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دیارە هەندێكیان هۆكاری خۆیین و هەندێكیشیان بابەتین ….سەرەڕای ئەمەش نەمانی متمانە لە نێوان خودی لایەنە سیاسییەكان و خەڵك و ئەو لایەنانەی كە بەردەوامن لە وێك هاتنەوە و لە دەستدانی متمانەی خەلك هۆكاری ترن … بەهۆی ئەو كرانەوە رەهایەی هاتۆتە ئاراوە و ئەزموونە مێژووییەكان بۆ خەڵكی روون بۆتەوە كە ئەو لایەنەی كۆسپە لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێدا و خۆیشی بە خاوەنی بەشێكی گرنگی دەستكەوتەكان دەزانێت هەر لە بنەڕەتدا نایەوێ بێتە ناو حكومەت و كابینەی نوێدا چونكە وا دیارە ئەوەی لەدەرەوەی حكومەتدا پێی دەكرێ و بۆی دەكرێ لەناو حكومەتدا نە پێی دەكرێ و نە بۆشی دەكرێ .. ئەزموونەكان زۆرن و بەردەوامن و كۆتاییشان پێ نایێ .. بۆیە دەبێ و پێویستە كورد ئەو كارە بكات كە هەر دەبێ بیكات ..ئەویش بریتییە لەوەی وەكو میللەتێكی دابەش و داگیركراو خاوەن ئەزموون و كارەسات دیدە بە فكرو رامانەوە بە ئەزموونە مێژوویەكاندا پچێتەوە و ئێستای لەگەڵدا بەراورد بكات و چاوی عەقڵیش بخاتە پاڵ چاوەكانی تری و ئینجا لە ئایندە بروانێت .. تا بزانێت كێشە و چارەنووسەكەی لەسەر تاوڵەو مێزی زلهێزەكان چ كاڵا یەكەو لە لایەن بەرێوبەر و هەڵسورێنەرانی جیهانی ئەمرۆ بە چی دەپێورێت و دەكێشرێت …!!. جا لەبەر ئەوەی لە كاری سیاسیشدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە و هێڵە سوورەكانیش كاڵ بوونەتەوە ….كەواتە هەموو سیناریۆ و رووداوە چاوەروان نەكراوەكان لە بەردەم هەندێ لایەنی سیاسیدا كراوەن .. بارگاوی بوونی عێراق و ئێران و توركیاش لە ژێر كاریگەری ململانێی زلهێزەكاندا دۆخی ناوچەكەیان زیاتر قوڵتر و ئالۆزتر كردووە، جا بۆ سووك كردنی فشارەكانی سەریان دوور نییە خۆیان بە هەرێمی كوردستاندا خاڵی بكەنەوە . كەواتە زانستی سەردەم وئەزموونە مێژووییەكان دوو رووی ئەو دەرگایەن كە دەروانێتە واقعی ئەمرۆ.










