هێزە ئەمنییەكانی كەركووك، ژمارەیەك خانووی هاووڵاتییانی كوردی گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركووكیان رووخاند.
ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك، بە باسنیوزی ڕاگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 16/5/2019، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كەركووكەوە خانووی ژمارەیەك هاووڵاتیی كوردیان لە گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركووك رووخاندووە”.
گوتیشی” ئەگەر باسی زیادەڕۆیی بكرێت ئێستا رۆژانە لە كەركووك خانوو لەسەر زەوی حكوومەت دەكرێت، بەتایبەت لە شوێنە ستراتیژییەكان و زیادەڕۆیی لە هەموو عێراقدا هەیە، بەڵام ئەوەی كە ئێستا لە کەرکووک دەكرێت ڕوون و ئاشكرایە كە كورد كراوەتە ئامانج.
روونی كردەوە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دەسەڵاتی سەربازی بەسەر كەركووكدا سەپێندراوە، ئیتر ئەوان گوێ نادەنە یاسا و بە مەبەست بڕیار لەدژی كورد دەردەكەن و جێبەجێی دەكەن و پەرلەمانتارانی كوردی كەركووكیش خاوەن هەڵوێست نین لەمەڕ بابەتی تەعریبكردنەوەی كەركووك و ئەو كردەوانەی كە دژ بە كورد لە شارەكە بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیارییەكان ئەو ماڵە كوردانەی كە لە گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركووكن ژمارەیان نزیكەی 100 ماڵ دەبێت و بە بیانووی جۆراوجۆر پێشتر داوایان لێكرابوو ئەو خانوانە چۆڵ بكەن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون چۆڵی بكەن، بۆیە دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ژمارەیەك لەو ماڵانەیان رووخاندووه.









