-مەحموود محەممەد:پێویستە هەر سێ لایەن بۆ دیارییكردنی كارنامەی حكوومەت دابنیشن
-شۆڕش حاجی: ئەركی نیشتمانی هەموو لایەكمانە پەلە بكەین لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم

خەبات: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ یەكشەممە 5-5-2019 شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كرد، یەكەم وێستگەی سەردانەكەی شاندی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لەلایەن عومەری سەید عەلی، رێخكەری گشتی و ژمارەیەك سەركردەی دیكەی گۆڕان پێشوازیان لێكرا.
دوای كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و گۆڕان، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان مەحموود محەممەد و گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان شۆڕش حاجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەشێك لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خستەڕوو.
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی لە رۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆزكرد و رایگەیاند: دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێك لەو پاكێجە سیاسییانەی ئێمە و پارتی لەسەری رێككەوتووین، ئازادی رۆژنامەگەری و كەشوهەوایەكی ئازاد دەبێت لە كوردستاندا. هەروەها شۆڕش حاجی باسی لە ئەجێندای سەردانەكەی شاندی پارتی كرد بۆ لای گۆڕان، رایگەیاند: شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد، شاندی پارتی هاتبوون بۆ ئەوەی ستایش و پێزانینی خۆیان بەرانبەر هەڵوێستی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕن. هەروەها شۆڕش حاجی راشیگەیاند: ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان لەو رۆژەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنمان كردووە كەوتووینەتە گفتوگۆ و دواجاریش واژۆی رێككەوتنەكەمان كردووە، پێمانوایە لەو هەلومەرجەی كە كوردستان و ناوچەكە پێیدا دەڕوات تا زووتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بێت لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و لە بەرژەوەندی بازاڕ و فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشە، ئێمە لەو بارودۆخەی كوردستان كە لەبەردەم ئەگەری گۆڕانكاریدایە، پێویستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بین بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو ئەزموونەی هەمانە لە كوردستان، بتوانێت خۆی لەبەردەم هەموو ئاستەنگەكان بگرێت.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند: ئێمە تەئكیدمان لەوە كردووەتەوە كە پاكێج و خاڵی هەرە سەرەكی ئەو رێككەوتنەی ئێمە، مەسەلەی چاكسازییە لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات و كارگێڕی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەلای ئێمەوە پلە و پۆست، پۆستێك لێرەو پۆستێك لەوێ، نابێت رێگر بێت لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتدا و ئەركی نیشتمانی هەموو لایەكمانە كە پەلە بكەین لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پاكێجەكانی چاكسازی جێبەجێبكەین و هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیش بە نیشتمانی بكەین و كارێك بكەین لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت.
دواتر هەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە ئەجێندای سەردانی شاندی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: ئەو كۆبوونەوەیە درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی پێشوومانە لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەك هەموو لایەكیش ئاگادارن ئێمە پێشتر رێككەوتنمان هەبووە لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەنداربوونە بە نێوانی ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان. هەروەها گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، راشیگەیاند: هەر لە سەرەتای گفتوگۆكانمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای هەڵبژاردنەكان، نزیكبوونێكی یەكجار زۆرمان هەبوو لەسەر كۆمەڵێك لەو پاكێجانەی لەنێوان هەردوولاماندا هەبوون، ئێمە پێمانوایە ئەم قۆناغە پێویستی زیاتری بە هەموو لایەنەكان هەیە بۆ ئەوەی بەشداربن بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان. هەروەها مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا، راشیگەیاند: لە روانگەی بە خەمەوەبوونی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی كاركردنی ئەم قۆناغە و هەروەها دەرككردن بەوەی ئەو قۆناغە پێویستی بە چییە، هەرزوو لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتینە لێكتێگەیشتن و چارەسەری كێشەكانمان كرد، هەم رێككەوتنی سیاسی و هەمیش رێككەوتنمان لەسەر ئەو پۆستانەی ئێمە و ئەوان پێكەوە لە حكوومەت بەڕێوەیان دەبەین واژۆكرد، بۆیە هاتنی ئێمە بۆ لای گۆڕان، بۆ ئەوەیە كە پێیان بڵێین سوپاسگوزارین بۆ ئەو لێكتێگەیشتنەی هەیانبووە بۆ ئەو بابەتە. گوتەبێژی پارتی راشیگەیاند: ئومێد دەكەین لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، هەر لە پڕۆسەی دەنگدان و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەستپێدەكات تا دەگاتە ئەو كەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم. هاوكات لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان، سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە مانگی رەمەزاندا، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆڕان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی پرۆسەكە بەردەوامبێت و چەندی رێكارە یاساییەكان رێگە بدەن پرۆسەكەش زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت. سەبارەت بە كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو بابەتەمان باسكردووە و پێویست دەكات هەر سێ لایەن دابنیشین بە تایبەتی بۆ دیارییكردنی كارنامەی كابینەی داهاتوو بۆ ئەوەی روانگەی هەر یەك لەم سێ حزبە لەناو كارنامەكەدا هەبێت كە ئەمە زۆر پێویستە.