بەچاودێری دكتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكوومی و حزبی و مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆ، دوێنێ یەكشەممە رێككەوتی 12/4/2019 كۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی چوارەمین فستیڤاڵی ساڵانەی خۆی بەناونیشانی بازاڕی بەرهەمی قوتابیان لەنێو كۆلیژی پەروەردەی بنەڕتی سازكرد. لە دەستپێكی فیستڤاڵەكەدا دكتۆر سیروان عارەب ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەمساڵ بەشێوازێكی جیاواز لەچاو ساڵانی پێشوو قوتابیان بەرهەمەكانی خۆیان نمایش دەكەن. هەروەها ئەوەشی گوتی: مەبەستمانە قوتابیانی زانكۆی بەشێوەیەكی دروست بۆ كۆمەڵگا ئامادە بكەین و تەنها پشت بە كەرتی حكومی نەبەستن، بەڵكو بتوانن لە بازاڕی كاردا بەرهەمەكانیان پێشكەش بكەن. دواتر هەر لە كۆنفرانسەكەدا دكتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین لە وتەیەكەدا ئاماژەی بەوەكرد، لەم ماوە كەمەی سەرەتای دروستبوونی كۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی، بە بەرهەمی زانستی قوتابیان، ئامانجی زانكۆمانی هێنایەدی و ئێستا كۆلیژی پەروەردەنی بنەڕەتی یەكێكە لە كۆلیژە هەرە پێشكەوتووەكان، كە ئەمە جاری چوارەمە فیستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمی قوتابیان نمایش دەكات. هەر لە وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین سوپاسی ئەو لایەنانەی كرد كە هاوكاربوون لە دروستكردن و بونیادنانی كۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی، كە ئێستاكە ساڵانە قوتابی زۆر خواستیان لەسەر بۆ ئەوەی روو لە كۆلیژی ناوبراو بكەن. هەروەها سوپاسی مامۆستایان و قوتابیانی كۆلیژی ناوبراو كرد لەبەرامبەر هەوڵ و كۆششە زانستییەكانیان.
هەر لە كۆنفرانسەكەدا چەندین گۆرانی فۆلكلۆری كوردی لەلایەن قوتابیانی كۆلیژ پێشكەش بە ئامادەبووان كراو دواتر دەستكرا بە نمایشكردنی بەرهەمەكانیان لەلایەن قوتابیانی كۆلیژ.









