مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15/4/2019 پێشوازی لە ژەنەڕاڵ پاتریك رۆبەرسۆن، فەرماندەی گشتیی تیمی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا، پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگی لە بواری ڕوبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

مەسروور بارزانی، سەبارەت بە هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان، بەردەوامیدانی هاوكاری و یارمەتییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بە پێویست و كاریگەر وەسف كرد، هەروەها پەلەكردن لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و گێڕانەوەی سەقامگیری و بەرتەسككردنەوەی جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچەكەدا، بە پێویست زانی.

لای خۆیەوە، فەرماندەی گشتیی تیمی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكان لە عێراق و سووریا، وێڕای ئاماژەدان بە كاریگەریی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، دووپاتی لەوەش كردەوە، كە هێزەكانی هاوپەیمانان لە بەرنامەی هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییە هونەرییەكان بەردەوام دەبێت.

رۆڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیركردنەوەی ناوچەكە بە گشتی، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.