بەوتەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە باران و لافاوەكەی چەند رۆژی رابردوو زیانی زیاتر لە100 ملیۆن دیناری لە دانیشتووانی ناوچەكە داوە.وەكو گۆران ئەحمەد دەڵێت: زیانە مادییەكە زیاتر بەر ئەو كەسانە كەوتووە كە لە كەناری رووباری زێی بچووك حەوزی ماسیان هەبووە. بەپێی ئەو زانیاریانەی ژمارەیەك لە دانیشتووانەی تەقتەق بە پەیامنێری(خەبات)یان داوە لە رۆژانی رابردوودا نزیكەی30 هەزار ماسی و ژمارەیەكی زۆر نافورە و غەتاس و مزاغەی ئاو، لافاو بردوونی. خەبات/عەلی بانیشاریگۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە بە (خەبات)ی راگەیاند” بارانی بەخوڕ و لافاو هیچ زیانێكی گیانی لە سنوری قەزای كۆیە بەدوای خۆیدا نەهێناوە، ئەوەی كە هەیە زیانی مادییە”. گوتیشی” دوێنێ لەناو سەنتەری قەزای كۆیە چەند ماڵێك لە گەڕەكی ئەندازیاران ئاویان تێچووە و تیمەكانی شارەوانی و بەرگری شارستانی و ئاوەدانكردنەوەی و قایمقامیەت و پۆلیس بە بەردەوامی لە ئامادەباشیدان و لەناو شار دەسوڕێنەوە تا لە هەر ئەگەرێكی لافاودا هاوكاری دانیشتووانی ناوچەكە بكەن”. دەشڵێت” لە چەند رۆژی رابردوو تیمەكانی غەواسمان سێ كەسیان رزگاركردووە، كە بەهۆی لافاوەوە ژیانیان لە مەترسیدا بووە”. عەقید گۆران ئەحمەد ئەوەشی گوت” تیمەكان بۆ كەمكردنەوەی زەرو زیانەكان سەر مەنۆڵ و زێرابەكانیان هەڵی گرتووە”. سەبارەت بەو زیانانەی كە بەهۆی لافاوەوە بەر دانیشتووانی شارۆچكەی تەقتەق گەیشتووە؟ بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە گوتی” لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووك ژمارەیەكی زۆر حەوزی ماسی و مزاغەی ئاو و باخچە ئاو بردوونی، بەو هۆیشەوە زیانێكی زۆر خاوەنی حەوزەكان و باخچەكان كەوتووە”. زیاتر گوتی” هێشتا قەبارەی زیانەكان دیارینەكراون، بەڵام لەوانەیە بایی زیاتر لە100 ملیۆن دینار ببن”. لەبارەی چۆڵكردنی ماڵەكانی هەردوو گەڕەكی ئاشتی و رزگاری لە تەقتەق؟ عەقید گۆران ئەحمەد گوتی” پێش باران بارینی بەخوڕی چەند رۆژی رابردوو دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەكەمان لە بەرزبوونەوەی ئاشتی ئاوی زێی بچووك ئاگادار كردەوە، پاشان بەدەم داواكارییەكانمانەوە هاتن و ماڵەكانیان چۆڵكرد”. هەورەها بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە ئاشكراشی كرد زیاتر لە700 خێزان لەو دوو گەڕەكە لە ترسی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاو ماڵەكانیان بەجێهێشتووە. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینی كردووە تا چەند رۆژی رابردوو باران بارین لە تەواوی باشووری كوردستان بەردەوامی هەبێت و ئاستی ئاوی بەنداو و رووبارەكان زیاتر بەرزببنەوە. دانیشتووانی تەقتەق ترسیان لەوە هەیە پاش پڕبوونی بەنداوی دوكان ئەو زەرو زیانانەی كە پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووك بەریانكەوتبوو زیاتر بێت. بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە دەڵێت” بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەقتەق و شارەوانی شارۆچكەكە بەدرێژایی1700 مەتر دیواریان لە پێش تەقتەق دروستكردووە، هەر ئەوەیش وایكردوو تائێستا دانیشتووانی نزیك لە زێی بچووك خۆشبەختانە لە لافاو پارێزراوبن”. شارۆچكەی تەقتەق لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای كۆیەیە و كەوتووەتە لای راستی زێی بچووك.90 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە دوورە. لە ساڵی1918 بووەتە ناحیە و لە1986 خاپووكراوە. لە1995 دووبارە حكوومەتی هەرێم شارۆچكەكەی ئاوەدانكردووەتەوە،22 گوند لەخۆ دەگرێت و25 هەزار كەس ژمارەی دانیشتووانی تەقتەقە.









