خەبات: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: پارتی رێز لە هەموو لایەنێك دەگرێت، بەڵام رێزی گەورەی پارتی بۆ دەنگدەرانی كوردستانە و حكوومەتیش خەڵكی كوردستان هەر چۆنێكیان ویستووە، هەروا دەبێت. هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، سەبارەت بە وادەی وادەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەت، كە پێشتر بەرپرسانی پارتی جەختیان لەسەر ئەوە كردبووەوە دوای جەژنی نەورۆز سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كارادەكرێتەوە، رایگەیاند: پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی سەرۆكی حكوومەت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لەكاتی دیاریكراودا ئەنجامدەدرێت. دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ خەبات گوتی: لەم مانگەدا پارتی و یەكێتی دوو كۆبوونەوەیان بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئەنجامدا، راستە رێكنەكەوتین، بەڵام باش لە یەكدی تێگەیشتووین. سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، گوتیشی: پێكهێنانی حكوومەت بەند نییە بەم كۆبوونەوانە و پڕۆسەی سیاسیی كوردستان چیتر بۆ هیچ كەس و لایەنێك دواناكەوێت. سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەبارەی خواستی خەڵك و چاوەڕوانییەكانیان لە حكوومەتی ئایندە، دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، راشیگەیاند: پارتی رێز لە هەموو لایەنێك دەگرێت، بەڵام رێزی مەزنی پارتی بۆ دەنگدەرانی كوردستانە و ئەم حكوومەتە ئەوان چۆنیان ویستووە وا دەبێت. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی جەختیش دەكاتەوە كە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەت لەوە زیاتر دواناكەوێت، لەمبارەیەوە رایگەیاند: پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەكاتی دیاریكراودا ئەنجامدەدرێن، بەڵام تا ئەوكات لەگەڵ یەكێتیدا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی رێكبكەوین، بەڵام حكوومەت و خەڵكی كوردستان لە هەموو رێككەوتنێك و رێكنەكەوتنێك بۆ پارتی گرنگترە.