قایمقامكی شنگال رای گەیاند كە هێزێكی زۆری سوپای عێراق گەیشتوونەتە شارۆكەی شنگال و دەوروبەری و دووپاتیشی كردەوە كە سوپای عێراق كۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەكانی نایاسایی لەو دەڤەرە لەگەڵ سووریا كردووە.
مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، هێزێكی زۆری سوپای عێراق گەیشتوونەتە شارۆكەی شنگال بۆ سەپاندنی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكە و زیاتر گوتی، سوپای عێراق هەروەها كۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییە نایاساییەكانی لەگەڵ سووریا كردووە و لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هێزانەوە تا ئێستە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان هیچ پێشێلكارییەكەیان نەكردووە.
خەلیل دووپاتی كردەوە، جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵ و سەپاندنی ئاسایش لە شارۆكەكە دەبنە هۆی ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەكە و راكێشانی رێكخراوە نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشەكان بەرەو ئاوەدانكردنەوەی شارە وێرانبووەكان و كاركردن بەبێ ترس وەك پێشتر.