بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، چەپكە نێرگزی پیرۆزبایی پێشکەشی گەلەكەمان لە كوردستان و هاونیشتیمانیان لە سەرتاسەری جیهان دەكەین، پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەكەین و، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە موژدەی ساڵێكی پڕهات و خێر و خۆشی پێ بێت بۆ كوردستانیانی خۆشەویست و خۆراگر.
نەورۆز، دیرۆكی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی نەتەوەكەمانە و لە نێوكوولتوری
رەسەنی میللیماندا سەریهەڵدا و سەرچاوەی گیانی مانەوە و خۆراگری بووە،
هەروەك نەریتێكی نەمرو جەژنێكی مێژوویی و نەتەوەیی، نیشانەی ژیاندۆستی و
رابوون و هێمای خۆری ئازادی و تێكشكاندنی زنجیری ژێردەستی و زۆرداری بووە.
نەورۆز، وەك داستانێكی مێژوویی و رۆژێكی چارەنووسساز، هەردەم سروشبەخشی
بەرەنگاریی و شۆڕش بووە دژ بە ستەم و چەوساندنەوە، هەروەها ئەڵقەیەكی گرنگی
نێو زنجیرەی راپەڕینەكانی ئاداری (1991) ە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدان و
راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، لەگەڵ ئازادكردنی شاری برایەتی و
خۆراگریی، هەر بەو بۆنەیەوەو بە یادی (28) هەمین ساڵیادی راپەڕینی شاری
كەركووك، وێرای هەلومەرجی ناهەموارونەویستراوی ئەو شارە خۆشەویستە،
پیرۆزباییەكی گەرم لە هاووڵاتیان و خەڵكی ئەو شارە دەكەین و هیوای
بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەرفرازیان بۆ دەخوازین.
نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و یەكەم رۆژی وەرزی بەهارەو پەیامی نوێبوونە و
هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمانە، لەو هەلومەرجە هەستیارەی
ئەمڕۆشماندا هیواخوازین جەژنی نەورۆز وەك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نەتەوەیی و
نیشتیمانیمانە، ئاوهاش هاندەر و مایەی پتەوبوونی هاوهەڵوێستی و یەكڕیزی و
برایەتی گشت پارت و لایەنە سیاسیییەكان بێت تا بتوانین بە یەكخستنی هەوڵ و
كۆششەكانمان زیاتر داكۆكی لە دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بكەین
و هەنگاوی كاراتر بنێین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهاتنی ئامانجە نزیك
و دوورەکانی گەلەكەمان.
لەم جەژنی نەورۆز دا ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەکو ھەمیشە جەخت
دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و یەكدەنگیی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی
كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ھاوکات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و
زیاتر پتەوكردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانی و رەخساندنی زەوینەیەكی
ئەوتۆ کە كۆتایی بە گیروگرفت و كێشەكان بهێنین و لە ئاست خواست و داواکاری
جەماوەر و زیاتر لە خەمی خۆشگوزەرانی و ئارامیی تێکڕای هاووڵاتیان دابین.
یادی نەورۆز، هاندەر و هەوێنی بەردەوام بوونی خەبات و تێكۆشان و
ئومێدبەخشی زیاترمانە بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان و بەرقەراربوونی زێتری
سەقامگیریی و ئاسوودەیی…
جارێكی دیكە جەژنی دێرین و مێژوویی و نەتەوەییمان، جەژنی نەورۆز و سەری
ساڵی 2719ی کوردی لە هاووڵاتییان و تێكڕای كوردستانیانی خۆشەویست، پیرۆز
بێت…
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
1ی خاكەلێوەی2719ی كوردی
21ی ئاداری 2019ی زایینی








