ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٩/٣/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەلێستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا پێگەیشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتەکان و بارودۆخی
سیاسی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و
بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە بایەخی بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی
جیهانی لە پرۆسەی ریفۆرم و راهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزەکانی
پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا جەخت لە پاراستن و چەسپاندنی دەسکەوتەکانی
شەڕی دژ بە تیرۆریستان و هەوڵەکانی سەقامگیری کرا، وەزیری دەوڵەتی
حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا
دووپاتی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان
بەردەوام دەبێت.








