ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم دەڵێت، لە سێ
ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 652 كەس بە تۆمەتی پێوەندیكردنیان بەرێكخراوی
داعشەوە گیراون، هەزار و 100 كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبووەتەوە و سزا
دراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی مافەكانی مرۆڤ بۆ
ساڵی 2018 بڵاو كردەوە و چەند خاڵێكی پێوەندیدار بە هەرێمی كوردستانی
تێدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا دەڵێ، “ڕاپۆرتەكان باس لە خراپی
مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێك لە گیراوان دەكەن لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا
لە هەندێك لە بنكەكانی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەكان”.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە هەندێك لە زیندان و بنكەكانی ئاسایشیشدا،
مێردمنداڵان لەگەڵ كەسانی پێگەیشتوودا دەبیندرێن، هەروەها زیندانییەكان بۆ
ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە پێش ئەوەی دادگایی بكرێن، پاشان هەندێك ڕاپۆرت باس
لە هەبوونی زیندانی سیاسی یان گیراوى سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دەكەن.
دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم
لە وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمههریكا ڕای گەیاند،
“ڕاپۆرتەكە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیا بەستووە و بەشێكی ئەو تێبینی و
تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندان جارە دووبارە دەبنەوە لە
كاتێكدا ئەو دۆسیانە بە پێی ڕێو شوێنە یاساییەكان یەكلایی كراونەتەوە.”
زیاتر گوتى، “حكوومەتی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و
گرتووخانەیەكی نهێنی نییە و هەر كەسێك بگیرێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا
دەكرێت دوای ئەوەی ڕاگیراو حوكمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت، ڕەوانەی دەكرێت
بۆ سەپاندنی سزاكەی بەپێی ڕێوشوێنە كارپێكراوەكان”.
دیندار زێباری جەختی كردووەتەوە، هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا ناگیرێت
بە هیچ تۆمەتێك و گشت ڕێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، بەپێی
یاسایش ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی
ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت.
باسی لەوەیشكردووە، هۆكاری پێكنەهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە
تۆمەتی ئەشكەنجەدان مێردمنداڵانی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ سكاڵایەك
دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە.
دیندار زێباری ئاشكرایشی كردووە، لە سێ ساڵی رابردوودا دوو هەزار و
652 كەس گیراون بە تۆمەتی پێوەندیكردنیان بە ڕێكخراوی داعشەوە، هەزار و 100
كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبووەتەوە و سزا دراون، 870 كەسیان
ئازادكراون و 672 كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
دەشڵێت لە هەرێم ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بە پێی یاسا ڕێكخراوه
و لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری و
پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن كار بە یاسای سزادانی
عێڕاقی دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا دەڵێت، حاڵەتی ئەرێنی لە هەرێمی
كوردستاندا زۆرن، بۆ نموونە، زیندانە نوێكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە
شارە گەورەكاندا بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوەدەبردرێن، ڕێگە بە رێكخراوە
نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ دەدرێت سەردانی زیندانیان
بكەن، یاسای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە قەرەبووكردنەوەی گیراوانی
نایاسایی دەكات.
بەشێكی ترى ڕاپۆرتەكە تایبەتە بە هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی كوردانی
ئێزدی لە دەستی داعش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا دەڵێت، تاوەكو ئابی ساڵى
ڕابردوو نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی كە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دامەزراوە، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بۆ
ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش خەرجكردووە.









