| پێنج ئەستێرەی لاماسیا داهاتووی بەرشلۆنە رووناك دەكەنەوە |
2018-04-28 |
 |
|
|
خهبات: نهبهز روستایی
خەمبارییەكی زۆر لەناو یانەی بەرشلۆنە هەبوو، بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوو قوتابخانەی لاماسیا رۆڵێكی ئەوتۆی لەپێكهاتەی سەرەكی نەبووە، لەیاری رابردوویان بەرامبەر سێلتا فیگۆ، لەناوەڕاستی هەفتەی رابردوو هیچ یاریزانێكی دەرچووی لاماسیا لەپێكهاتەی سەرەكی یانەی كاتەلۆنی نەبوو، كە ئەمەش هاندەرانی كاتەلۆنی تووشی شۆك كرد. بەڵام ئەمە درێژەی نەكێشاو تیپی لاوانی بەرشلۆنە لەیاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە 3 گۆڵی خاوێن لەیانەی چێڵسی بردەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە یانەی ئەكادیمیای بارسا دەتوانێت چەند توخمێكی لێهاتوو لەداهاتوو بەپێكهاتەی سەرەكی ببەخشێت. رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاویكردەوە كە گۆڵپارێز ئەناكی بینای تەمەن 19 ساڵ یەكێكە لەدیارترین یاریزانە تازە دەركەوتووەكان كە دەتوانێت لەوەرزی داهاتوو بێتە تیپی یەكەم، كە پێشتر لەگەڵ گاسپێر سیلسین و مارك ئەندرێ شتیگن مەشقی لەبەردەم راهێنەر ئارنستۆ ڤالڤێردی ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەی گۆڵپارێزی سەرەكی هەڵبژاردەی لاوانی خوار تەمەنی 19 ساڵی ئیسپانیایە. هەروەها رۆژنامە ئیسپانییەكە روونیكردەوە كە یاریزانی باڵ ماتیۆ مۆری (18) ساڵ بەیەكێك لەباشترین یاریزانە تازە دەركەوتوەكان دادەنرێت و مەزندە دەكرێت لەداهاتوودا رۆڵێكی كاریگەری لە تیپی یەكەمی كاتەلۆنی هەبێت، لەكاتێكدا لەوەرزی رابردوو زۆر نزیك بوو لەوەی یانەی بارسا جێبهێڵێت، بەڵام بەباشی زانی لەگەڵ یانەی بلۆگرانا تا كۆتایی بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەی بۆندێكی گەورەی لەیانەی بایرن میونخی ئەڵمانی بۆهات. هەروەها ماركا ئاماژەی بەوەكرد كە یاریزانی باڵی چەپ گوان مێراندای 18 ساڵ چانسی چەند خولەكێك یاری هەبوو لەگەڵ تیپی دوەمی بەرشلۆنە، بەهۆی ئەو توانایە بەرزەی هەیەتی، كە وای لەبەرپرسانی یانەی بلۆگرانا كردووە بیر لە پاراستنی ئەو یاریزانە لاوە بكنەوە، لەگەڵ تیپی دووەم و پاشان سەری خەن بۆ تیپی یەكەم، هەروەها یاریزانی باڵی راست كارلیس پیرێز و هێرشبەر ئابیل ریێز، لەدیارترین ئەستێرەكانی تازە دەركەوتوون، كە دەتوانن لەداهاتوو ببنە مەشغەلی تیپی یەكەم، كە ئەمەی یەكەم 7گۆڵی لە 9یاری خولی ئەوروپا تۆماركرد، ئەوەی دووەمیش بەشداری هەموو تەمەنەكانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای كردووە. |
| |
|
|
|