| جیۆسیاسەتی ئەمریكا لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە (تەلەڤیڤ)ەوە بۆ (ئۆرشەلیم) |
2018-05-15 |
 |
|
|
كاروان محەمەد سینۆ
دوێنێ 14ـی ئایار، ئەمریكا باڵَیۆزخانە نوێكەی خۆی لە(قودس)ـی فەلەستین كردەوە، یاخود دەتوانین بڵێین، ئەمریكا باڵیۆز خانە كۆنەكەی لە (تەل ئەبیب یاخود تەل ئەڤیڤ)ـی ئیسرائیل گواستەوە بۆ (قودسی فەلەستین) یاخود بۆ (ئۆرشەلیم) هەروەك ئیسرائیلییەكان ناوی دەبەن. چونكە هەر لە سەرەتای راگەیاندی دەوڵەتی ئیسرائیل لە (14ـی ئایاری 1948) ئەمریكا پەیوەندی راستەوخۆی لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هەبوو. هەروەها لە(31ـی كانوونی یەكەمی 1949) ئەمریكا بەفەرمی دانی نا بە دەوڵەتی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی خۆی لە (تەلەڤیڤ) كردەوە و ئێستا دەیگوازێتەوە بۆ (قودس – ئۆرشەلیم). لێرەدا بێجگە لەوەی كە خودی ناو بردنی شارەكە (قودس یان ئۆرشەلیم) گرنگی هەیە لە فەرهەنگی سیاسی نێودەوەلەتیدا لە لایەنی پشتگیری كردنی عەرەب یاخود ئیسرائیل!. هەروەها ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەكەی، گرنگییەكی زیاتر و تایبەتی هەیە لە سیاسەتی ئەمریكادا بەرامبرە ئیسرائیل و سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەم چەند دێرەی خوارەوەدا، هەوڵدەدەم هەندێك لەو جیوسیاسەتەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بخەمەروو.
لە تەلەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم هەر لە رۆژی دووشەممەی رابردوو7ـی ئادار واتا هەفتەیەك پێشتر ئیسرائیل بەشێوەیكی چالاك كەوتە خۆ ئامادەكردن بۆ یادی 70ساڵەی راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرایل (14ـی ئایار 1948)، كە عەرەب بە رۆژی نیگبەتی ناوی دەبەن. ئەمە لە لایەك، هەروەها لە لایەكی دیكەوە ئیسرائیل بەهەمان گوڕ و تین خەریكی ئامادە كاربی بوو لەپێناو كردنەوە یاخود گواستنەوەی باڵیۆز خانەی ئەمریكا لە تەلەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم (واتا قودس بە عەرەبی) كە لەهەر لەم رۆژدار (دوێنێ) ئەنجامیدا. گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی بۆ ئۆرشەلیم لەلایەن ئەمریكاوە، خۆشی و شادییێكی دات بە حكومەتی ئیسرائیل و خەڵكی ئیسرائیلی، بەڵام لە هەمان كاتدا نیگبەتی و ماڵ وێرانییە بۆ عەرەبی فەلەستین (موسڵمانەكان). چونكە ئەمە دانپێنانێكی فەرمییە كە ئۆرشەلێم پایتەختی وڵاتی ئیسرائیلە و بەم شێوەیە نیگبەتییەكی دیكە بۆ عەرەبە موسڵمانەكانی فەلەستین نایەوە، كە لە خوارەوەی باسی دەكەین. ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا واتا دانپێنانی (قودس – ئۆرشەلیم) بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل، سیاسەت و بڕیارێكی دۆناڵد ترامپ بوو كە دەیان ساڵە 3 سەرۆكی ئەمریكا (بیل كلیتۆن، جۆرج بۆش، باراك ئۆباما) جورئەتی ئەوەیان نەبوو رەزامەندی بدەن لەسەر جێبەجێ كردنی (یاسای باڵیوزخانەی ئەمریكا لە ئیسرائیل) و بڕیاری (گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا) كەلە ساڵی 1995 كۆنگرێسی ئەمریكا ئەم یاسا و بڕیارەكەی دەركردبوو. ئەم بڕیارەی ترامپ، مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ (بنیامێن نەتانیاهۆ) سەرۆكی ئیسرائیل و خەڵكی ئیسرائیل، بەڵام وەكو باسمانكرد مایەی نیگبەتییە بۆ عەرەبە موسڵمانەكانی فەلەستین. چونكە لەمەوپاش ئیدی قوسی رۆژهەڵات (تایبەت بە عەەربە موسڵمانەكان) نەما و ئەو تایبەتمەندییە لەدەستدا، لەمەوپاش لە جیۆسیاسەتی ئەمریكا و جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی (قودس و ئۆرشەلیم) یەك شارە و یەك ئیدارەیە و یەك شارەوانییە، ئەویش پایتەختی وڵاتی ئیسرائیلە، جا هەركەسێك چ ناوێكی لێ دەنێت (قودس، ئۆرشەلیم، جیرۆسالم) كەیفی خۆیەتی؟!. بێگومان لەمەوپاش (عەرەبە موسڵمانەكان) مافی ئەوەیان نابێت داوای پایتەختی ئیسرائیل بەكەن (تەنانەت بەشی رۆژهەڵاتیشی بێت)؟!.
بۆچی ترامپ باڵیۆزخانەی ئەمریكای گواستەوە بۆ قودس لێرە هەركەسێكی ئاڵودە و ئاشنا بە سیاسەت، ئەم دوو پرسیارەی لەلا دروست دەبێت، بۆچی دۆناڵد ترامپ دانی نا كە قودس پایتەختی ئیسرائیلە؟، بۆچی ترامپ باڵیۆزخانەی ئەمریكای گواستەوە بۆ (قودس – ئۆرشەلیم). ئەگەر بە شێوەیەكی سادە و ئاسایی و نەچینە ناو قوڵایی جیوسیاسەتی ئەمریكا لە جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. دەتوانین ئاسایی بەم شێوەی خوارەوە وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە بدەین: "ماوەیەكی دورودرێژە لوبی ئیسرائیل (جولەكە) و لایەنگرانی وڵاتی ئیسرائیل لە واشنتۆن گوشار دەخەنە سەر سەرۆكە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمریكا كە (یاسای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئیسرائیل) جێ بەجێ بكەن كە كۆنگرێسی ئەمریكا لە ساڵی 1995 دەریكردووە و یەكێك لە بڕیارەكانی ئەم یاسیایە بریتییە لە دانان بە (قودس – ئۆڕشەلیم) وەكو یەك بەش و یەك شار بەپایتەختی وڵاتی ئیسرائیل. بەڵام وەكو لەسەروە باسمان كرد (بیل كلینتۆن و جۆرج بۆش و ئۆباما) خۆیان لەم گوشار و داوایە دەدزیبووەوە، بەڵام دۆناڵد ترامپ لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ساڵی 2016 پەیمانی ئەوەیدابوو "ئەگەر هەڵیبژێرن بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەو دان بە قودس ئەنێ وەكو پایتەختی وڵاتی ئیسرائیل". ئەمەش مایەی رەزامەندی و خۆشحاڵی زۆرینەی چینی ئورستۆكرات و دەوڵەمەند و مەسیحی و جولەكەكانی ئەمریكابوو و لەسەر ئەم بنەمایە دەنگیاندا بە دۆناڵد ترامپ. بەڵام ئەگەر ، تۆزێك بەوەردی بخزێینە نێو جیوسیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و كاریگەری بڕیاری ترامپ (دانان بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل)، دەبینین كە ئەم بڕیارە و قەیرانی قودس بەگشتی رۆڵێكی ریشەیی هەیە لە ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
بۆچی قەیرانی قودس كاریگەرە لە ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەكورتی.. دەتوانی كاریگەری (قودس – ئۆرشەلیم) لە شەڕ و ئاژاوە و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەنێو سێ چەمكدا دیاری بكەین ئەویش: "ئایین و سیاسەت و مێژوو". لە مێژینەوە بەر لە هەزارەها ساڵ شاری (ئۆرشەلیم – قودس) ببووە ئەگەر چەندین شەڕ و جەنگ لە نێوان دانیشتوان و داگیركەرانی دەوروبەری شارەكە و دەڤەرەكە. ئەم شارە (ئۆرشەلیم – قودس) شارێكی پیرۆزە لە لایەن جولەكە و مەسیحی و عەرەبە موسڵكانەكان، هەریەكە لەم ئاینانە پێگە و مەزارگەی پیرۆزیان لە شارەكەدا هەیە. هەروەها لەلایەن خۆیەوە حكومەتی ئیسرائیل (ئۆرشەلیم – قودس) بەشارێكی یەكپارچە و پایتەختی وڵاتەكە دەزانێ. هەروەها عەرەبە موسڵمانەكانیش دەخوازن رۆژهەڵاتی (ئۆرشەلیم – قودس) ببێتە پایتەختی وڵاتەكەیان (فەلەستین). بەڵام ئەم هەڵوێستەی ترامپ ئەم خەونەی ئەوانی لە گۆڕنا. لەلایەكی دیكەوە شارەكە دوو ناوی جیاوازی هەیە، جولەكە ناوی دەنێن (ئۆرشەلیم یان جیرۆسالم)، بەڵام عەرەبە موسڵمانەكان ناوی دەنێن (قودس). بەڵام لە راستیدا (ئۆرشەلیم – قودس) گرنگییەكی قوڵتری هەیە لە داوا و خواستی لایەنەكان.
گرنگی و كاریگەری شارەكە لە ناوەراستی شارەكەدا (ئۆرشەلیم – قودس)، گردێك (بەرزایی) هەیە كە هەموو جولەككەكانی جیهان ناوی دەبەن بە (جیای پەرستگا). بەڵام عەرەبە موسڵمانەكان ناوی دەنێن (حەرەمی شەریف). جولەكەكان دەڵێن ئەم شوێنە پێگەی دێرینی و سەرەكی پەرستگاكانی جولەكەیە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لە پەرستگاكان تەنها دیوارێكە كە (هیرۆد - هیرۆدس) ی گەورە بونیاتی نابوو و بە (دیواری رۆژئاوا) ناودەبرێ كە جولەكەكەكان نوێژ و نزاكانی خۆیانی لێی پەیرەو دەكەن. لە دوورایی چەند مەترێك لەم دیوارە، دووپێگە هەیە كە لەلای عەرەبە موسڵمانەكان پیرۆزیی خۆیان هەیە، ئەویش (قوبە الصخرە و مسجد الاقصی)یە كەلە سەدەی هەشتەم بونیاد نراوە و بە سێهەم پێگەی پیرۆز عەرەبە موسڵمانەكان ئەژمار دەكرێ پاش هەردوو پێگەی پیرۆزی (مەكە و مەدینە). هەروەها لە لایەكی دیكەوە ئەم شارە (ئۆرشەلیم – قودس) بە پێگەیەكی پیرۆزی مەسیحیەكانی ئەژمار دەكرێ كە لەوێدا (عیسای مەسیح) بانگەشیە بۆ ئاینەكەی كردووە و هەر لەوێش لە خاچ دراوە و هەرلەوێش پاش ئەوەی كە مردبوو بەفەرمانی خودا ژیایەوە. بەم شێوەیە ئەم شارە (ئۆرشەلیم – قودس) گرنگی ئاینی و سیاسی و مێژووی تایبەتی خۆی هەیە لە نێو هەرسێ ئاین (جولەكە و مەسیحی و عەرەبی موسڵمان) و هەروەها بێگومان گرنكی زۆری دەبێت لە ململانێی ئایدلۆلۆجی و سیاسی و ئاینی نێوان ئەم سێ ئایدیا و كلتوورانە. ئەمەش راستەوخۆ كاریگەرییان دەبێت لە تەرازووی هێزی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە دەڤەرەكەدا بەتایبەت ئەمریكا.
مێژووی نزیكی (ئۆرشەلیم – قودس) لە ساڵی1947 كە ئەوكات فەلەستین لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی بەریتانیادابوو و بەرلەوەی دەسەڵاتەكەی لەوێ كۆتایی پێ بێنێت، كۆمكاری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاریدا فەلەستین بۆ دوو دەوڵەت دابەش بكرێ، دەوڵەتی یەكەم بۆ ئیسرائیل و دوڵەتی دووەم بۆ جولەكەكان بەناوی ئیسرائیل. بەڵام دۆخی (ئۆرشەلیم – قودس) بە دۆخێكی تایبەت هێشتەوە و پێشنیاری كرد كە (ئۆرشەلیم – قودس) و شاری (بەیت لەحم) بخرێنە ژێر حوكمڕانی كۆمەڵگای نێودەوە و نەتەوە یەكگرتووەكان كارگێڕی بكات، بەڵام ئەم پێشنیارە هەرگیز جێ بەجێ نەكرا. لەساڵی 1948كاتێك كە دەسەڵاتی بریتانیا لە فەلەستین كۆتایی پێهات. سوپای ئوردن شارەكۆنەكە (ئۆرشەلیم – قودس) و رۆژهەڵاتی قودسی ئێستا داگیر كرد. بەڵام لە ساڵی 1967 سوپای ئیسرائیل رۆژهەڵاتی قودسی لەدەستی سوپای ئوردن دەرهێنایەوە و خستیەوە سەر بەشی رۆژئاوای شارەكە و وەكو یەك شار گەڕاندییەوە بۆ نێو دەوڵەتی ئیسرائیل. لەساڵی 1980 پەرلەمانی ئیسرائیل یاسایێكی دەركرد، بەپێی ئەم یاسایە رایگەیاند كە (ئۆرشەلیم – قودس) شارێكی یەكپارچەیە و پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیلە. بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان دانی نەنا بەم بڕیارەی پەرەلەمانی ئیسرائیل و شارەكەی وەكو ناوچەیەكی (ناكۆك لەسەر) ئەژماركرد تاكو ئەوكاتەی لەرێگای گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین قەیرانەكەی چارەسەر دەكرێت (تاكو ئێستاش هەر چارەسەر نەكراوە). لەو رۆژەوە تاوەكو ئێستا شەڕ و گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەردەوامەوە و تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئاخو بڕیاری دۆناڵد ترامپ بە دان پێنانی (ئۆرشەلیم – قودس) وەكو شارێكی یەكپارچە و پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ ئەو شارە، كێشەكە (كێشەی فەلەستین) چارەسەر دەكات یاخود ئاڵۆزتری لێدەكات؟!. ئەگەر ئاڵوزتر بوو، ئایا تەنها (فەلەستین و ئیسرائیل) دەگرێتەوە؟، یاخود تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست؟. ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتەوە، ئایا پێویست دەكات نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگۆڕێ؟، یاخود تەنها سیستیم حوكمڕانی چەند وڵاتێك لە دەڤەرەكەدا دەگۆڕێ. ئەی دۆخ و دوارۆژی بەرزاییەكانی (جولان) چی بەسەردێت؟، كە پێشووتر خاكی سوریا بوو!!. ئەمانە چەند ئەگەر و پرسیارێكن كە ئەستەمە وەڵامەكانیان پێشبینی بكرێن لەمیانەی سیاسەتی ناجێگیری ئەم سەردەمە و جیوسیاسەت و ململانێی ئایدیۆلۆجیاكانی دەڤەرەكە و تەواوی جیهان. |
| |
|
|
|