| دوو بارزانییەكەو هاتن لە وادەی خۆیدا! |
2018-05-10 |
 |
|
|
نووری بێخاڵی
وتارەكانی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسروور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، ئاماژەن بۆ چەند خاڵێكی گرنگ. یەكێكیان سووربوونی پارتی لەسەر درێژەدان بە پڕۆژەی نەتەوەیی و خاوەندارێتیكردن لە ڕیفراندۆم و دەستگرتن بە ناسنامەی سەربەخۆییخوازی، ئەوەی تریان شكاندنی پەردەی موجامەلە و دڵڕاگرتنی ئەم و ئەو، كە ساڵانێكە پارتی و سەركردەكانی لە پێناو پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی و لەسەر حیسابی ڕۆژانە برینداركردن و تەشهیركردن بە حزبەكەیان، بەرگەیان گرتووە. خاڵێكی دیكە بریتییە لە تێكەڵنەكردنی كارتەكان لە نێوان یەكڕیزیی نیشتمانی، وەك ئەركێكی نەتەوەیی و ڕووهەڵماڵین لە خیانەت و لێكەوتەكانی، وەك بەشێك لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئێستا و ئاییندە. دواجار دەركەوتن و ڕۆڵ بینینی ئەم دوو سەركردەیەی پارتی و دوو ئەندامی ماڵباتی بارزان، وەك یەك تیم، خەونی ئەوانەیشی بەتاڵ كردەوە، كە ئومێدیان لەسەر باڵ باڵێن و گریمانەی پەرتەوازەیی ئەو بنەماڵە وڵاتپارێزە و حزبەكەیان هەڵچنیبوو. هەرچی پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە هەیە، هەر كوردێك ئەگەر بڕێك هەستی نەتەوەیی لە ناخدا بێت، نابێ شەرمی بەو ڕۆژە بێت، كە كوردستانییان بە جۆش و خرۆشەوە چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە باوەڕەوە، گوزارشتیان لە بوون و ئیرادەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كرد. خاوەندارێتیكردن لە پڕۆژەی نەتەوەیی و گەڕاندنەوەی شكۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانی، نەك هەر جێی شەرم نییە، بەڵكو هی ئەوەیە هەموو ڕۆژ بە شانازییەوە ئەوانەی پێ ڕیسوا بكرێ، كە پاساوی خیانەتی پێ دەدەنەوە، هەروەها ئەوانەیشی پێ ڕیسوا بكرێ، كە دووڕوو و ساختەچی، ڕۆژی ڕیفراندۆم لەبەردەم كامێراكان شانازی دەنگدانیان بە (بەڵێ)یان بە خەڵك دەفرۆشتەوە، كەچی ئەمڕۆ سەركز، داوای دادگاییكردنی سەربەخۆییخوازان دەكەن، یان وەك سەقەتیی خۆیان، ڕیفراندۆم بە سەقەت ناو دەبەن. دووپات و چەند پاتەكردنەوەی هەردوو بارزانی لە وتارەكانیاندا لەسەر پابەندبوون بە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم و خۆ بەخاوەن زانینی پرۆسەكە، دەبێ پڕۆژەی ئەمڕۆ و سبە و ئاییندەی ئەو حزبە و هەموو سەربەخۆییخوازان بێت و ببێتە بەشێك لە پەروەردەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ناو كۆمەلگای كوردستان و نەوەكانی لەسەر گۆش بكرێت. "ئیتر بەسە"، ئەو كارتە سوورەی دەبووا زۆر زووتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕووی ئەوانەدا بەرزی بكاتەوە، كە لە پاڵ دەمامكی ئۆپۆزسیۆنەوە، لە لایەك كڵاویان نایە سەر شەقامی كوردستان و لە لایەكی دیكەوە تا بیناقاقایان لە گەندەڵی و ئیمتیازاتەكانی حوكمڕانیدا ڕۆچوون. كەچی ئەمڕۆ وەك هێزی پۆپۆلیست و كەسایەتیی ئەنارشیست، هەموو كەموكوڕی و خەوشەكانیان بە عەلاگەی بەڕێزیان و حكوومەتەكەیەوە هەڵواسی و هەڵدەواسن. ئەم (بەسە!)یە دەبێ بۆ لەمەودواش بكرێتە پرەنسیپی كاری ناو حكوومەت و پەیوەندیی حزبایەتی، بۆ ئەوەی كەس زاتی ئەوە نەكات دەستی چەوری خۆی بە سەری ئەوانی تر بسڕێتەوە و خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك و هەر كەسە و لایەنە، بەرپرسیارێتیی بەشی خۆی لە چاكە و خراپەی ئەم وڵاتەدا، بگرێتە ئەستۆ. "ئێمە تەوەقوعمان نەدەكرد خەڵكێك هەبێت ئێستاش خیانەت لە نیشتمانەكەی بكات"، ئەگەر دیوێكی كاری سیاسی، زمانی دیبلۆماسیەت و بەلاغەتی دواندنی بەرامبەر بێت، ئەوا دیوەكەی دیكەی، ڕاشكاوی و ڕاستگۆییە. بۆیە ئەوەی كە مەسروور بارزانی دەڵێ (تەوەقوعمان نەدەكرد)، دەبێ لە كارنامەی ئێستا و داهاتووی پارتیدا بكرێتە بنەمای سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە كاری هاوپەیمانێتی و پەیوەندیی سیاسی لە كوردستاندا. ئەو تەوەقوع نەكردنە ئیدی دەبێ بەشی ئەوە بێدارمان بكاتەوە، كە هێشتا ڕقی ئایدیۆلۆژی و كینەی سیاسی، بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆنەستی نێوەندیی سیاسیی ئێمە و لەسەروو هەموو ئیعتیبارێكی نیشتمانی و نەتەوەییەوەیە و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر شوێنكاتێك و لە سای هەر هەلومەرجێكدا، ئەو دڵڕەشییە سیاسی و بەرچاوتەنگییە ئایدیۆلۆژییە، دەستكەوت و قوربانیدانەكان بكاتە قوربانی بەرژەوەندیی تایبەتی گرووپێك و تەسفیەی حیسابی حزبی. هەرچی پەیوەندی بەو خەونەوە هەیە، كە فڵان كەس و فیسار لایەن لەسەر پەرتەوازەیی ناو ماڵباتی بارزان و پارتی هەڵیان چنیبوو، دەركەوت خەونی وشترن و بوون بە بڵقی سەرئاو. ئەم دەركەوتن و ڕۆڵ بینینە دوو قۆڵییە هاڕمۆنییەی، هەر یەكێك لەم دوو سەركردە گەنجە بارزانییە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، جگە لەوەی ئەو ڕاستییەی دەرخست، كە هەموو گرەوكردنێكی ئەم و ئەو، لەسەر كەرتبوونی ئەو بنەماڵەیە و پارتی، گرەوێكی پێشوەختە دۆڕاوە. هاوكات ئاماژەیە بۆ تێنەگەیشتن و ئاشنانەبوونیان بە سروشتی كار و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ناو بنەماڵەكە و پارتی. بە مانایەكی دیكە، ئاماژەیە بۆ بێئاگایی و هەژاریی ئەم فڵان و فیسارە لە پەیوەست بە پرەنسیپ و بنەماكانی دابەشكردنی كار و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی هەر ئەندامێكی بنەماڵەی بارزان (كە لەوێشەوە گوێزراوەتەوە ناو پارتی) و ڕەگەكانی بۆ مێژووی دووری ئەو بنەماڵەیە لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییدا دەگەڕێتەوە. لەسەرو ئەمەشەوە، تێنەگەیشتنی ئەم فڵان و فیسارەیە لە بایەخ و نهێنیی ئەو سەنترالیزمەی بڕیار، كە پێویستە هەر حزبێك هەیبێت، بۆ ئەوەی بەرچاوی ئێستا و ئاییندەی ڕوون بێت. بەهەرحاڵ، هاتنە ناوەوەی هەردوو بارزانی بۆ ناو بانگەشەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق، پێویستە ببێتە بنەمایەكی پتەو بۆ بەشداریی كارا و فراوانتری هەردوو سەركردەی گەنج، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا (ئەو بڕیارەی وەك ماف و دەسەڵاتی یاسایی خۆی، سەرۆكی حكوومەت بە هۆی دڵڕاگرتنی ئەم و خاترخوایی ئەو و لە سەرووشیانەوە، بۆ پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی، دوای خستبوو!). |
| |
|
|
|