| سەرۆك بارزانی:دەنگی سێ ملیۆن كەس بۆ سەربەخۆیی بە كەس ناسڕدرێتەوە |
2017-10-30 |
 |
|
|
سەرۆك بارزانی پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا باسی رووداوەكانی16 ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی و مەسەلەی درێژنەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند: بەرزترین پلەو پایە بۆ من پێشمەرگایەتییە و لەگەڵتان دەبم و پێشمەرگەی ئێوەم، ئەمەش دەقی پەیامەكەیە: خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پێشمەرگە قارەمانەكان هەموو چین و توێژەكان كوردستانیانی دەرەوەی وڵات ئەم كاتەتان باش.. گەلێكی ئاشتیخواز، دڵپاك و نیەتساف، داوای مافی خۆی دەكات و بە ڕێگایەكی ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، سەرەڕای ئەوەش تاوانبار دەكرێت، ئەمەیە حاڵی ئێمەی خەڵكی كوردستان، جارێكی تر دەركەوت كە ئێمەی خەڵكی كوردستان، تەنها خۆمان و چیایەكانمانین، ناگەڕێمەوە بۆ درێژیی مێژوو كە چیمان بەسەرهاتووە، تەنها كەمێك باسی دوای 2003 دەكەم، ئێمە وامان زانی دوای ساڵی2003 دەرفەتێكی تازە رەخساوە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، كە پێكەوە بتوانین عێراقێكی فیدراڵی دیموكرات دابمەزرێنین، هەموو كەسێك، هەموو لایەنێك، ئەرك و مافەكانی خۆی بزانێت، هەرچی لەدەستمان هات كردمان بۆ ئەوەی ئەو عێراقە دابمەزرێت، تا ساڵی 2005 رۆڵێكی سەرەكیمان بینی بۆ داڕشتنی دەستووری تازە بۆ عێراق، هەرچەندە ئەو دەستوورە كەموكوڕیشی هەبوو، بەڵام پێمان وابوو بۆ ئەو سەردەمە دەسكەوتێكی گەورەیە، نەك تەنها بۆ خەڵكی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بەڵام بەداخەوە دوای ماوەیەك دەركەوت، كە دەستوور پێشێل دەكرێت، شەراكەت، تەوافوق، تەوازن، رۆژ بە رۆژ لاواز دەكرێت، تا بەرەو نەمان رۆیشت، جارێكی تر عێراق كەوتەوە دەست تەنها یەك لایەن، زۆر هەوڵماندا لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ دەرەوە كە دەستوور جێبەجێ بكرێت، بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، بگەڕێینەوە بۆ رێككەوتنەكانی بەینمان، بەڵام فایدەی نەبوو، لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی چەندین جار باسمان كرد، پێمان گوتن وەزعەكە بەرەو هەڵدێرێك دەڕوات، پێمان گوتن وەزعەكە خەتەرناكە، بەم شێوەیە بڕوات ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە خوێن بڕژێت، وەرن یا شەراكەتێكی راستەقینە پیادە بكەین، یاخود مادام نەتوانین شەریكی راستەقینەی یەكتری بین، با ببینە جیرانی باش و هاوكاری یەكتری، ئەوكاتە زۆر هەڵوێستێكی ئیجابییان پیشاندا، ئەوەی كە من دەیڵێم پێشی دوو سێ ساڵ، هەتا یەكێكیان وتی ئەگەر ئێمە هەر نەگەیشتینە رێككەوتن، (فامساك بمعروف او تسریح باحسان)، هەمان كەس ئێستا سواری تانكی ئەبرامز بووە و دێ شەڕی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكات. ئازیزان.. لە 3 ی تەمموزی 2014 من خۆم چووم بۆ هۆڵی پەرلەمان، لەوێ داوام كرد كە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی تاوتوێ بكەن و یاسایەك دەربكەن بۆ ئەوەی ریفڕاندۆم بكرێ، چونكە لەو وەختەوە كەسانێك هەبوون لە دەرەوە و لە ناوەوە، دەیانگوت كورد یەك نین هەركەسەو رایەكی هەیە، هەركەسەو بۆچوونێكی هەیە، بۆ ئەوەی رای زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەركەوێ كە چییان دەوێ، لەو وەختەوە بۆ ریفڕاندۆم ئیش كراوە، لە 20 ی تەمموزی هەمان ساڵ بە كۆی دەنگ پەرلەمان بڕیاری دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی دا، بەڵام دوای ئەوە، ئەوەبوو شەڕی داعش لەسەر كوردستان فەرزكرا، هەموومان مەشغوڵی بەرگریكردن بووین لە وڵاتەكەمان، تا رۆژی 7 ی 6ی ئەمساڵ كە هەموو لایەنە ساسییەكانی كوردستان، بڕیاریان دا كە رۆژی 25 ی ئەیلوول رۆژی ریفڕاندۆم دەبێت، بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو كێشانەی هەن، ئێمە ئەو وەختەش گوتمان، ریفڕاندۆم بۆ ئەوەیە ئێمە چارەسەری گرفتەكان بكەین، دەمانەوێ بەشێوەیەكی ئاشتییانە، بە لێكتێگەیشتن بگەینە تەفاهوم، ئەگەر كاتیشی پێویست بێت ساڵێك دووساڵ تا سێ ساڵ، ئێمە دەتوانین بەردەوام بین و پێكەوە هاوكار بین لەگەڵ بەغدا و باشترین پەیوەندی دروست بكەین، بەڵام ئەوەی كە بینیمان رەنگدانەوەیەكی زۆر زۆر توند، دوور لە هەموو پێشبینییەك، ئەو هەڵوێستەی جارانیان گۆڕابوو بە هەڵوێستێكی زۆر توند و دژایەتی، ئەگەر ئێمە مەبەستمان ئەوەبایە یەكسەر سەربەخۆیی رابگەیەنین، لەكاتێك داوامان دەكرد كە سوپای عێراقی بەرامبەر داعش ئینهیاری كرد، یان پێشی ئەوە كە شەڕی ناوخۆیی شەڕی تایفەگەری ئەوەندە قووڵ بوو، رۆژانە سەدان كەس دەكوژرا، لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق، بەڵام هاوكاریمان كردن، بە نیەتێكی ساف و دڵێكی پاك، بۆ ئەوەی پێكەوە بەردەوام بین لە عێراقێكی فیدڕاڵی دیموكراتدا، بەڵام بەداخەوە، دەركەوت مەسەلە فەرهەنگ و عەقڵییەتە، قەناعەتیان بە مافی گەلی كوردستان نییە، قەناعەتیان بە فیدڕاڵیش نەبوو، باوەڕبكەن ئەزیزان، ئەگەر دڵنیابوواینە ئەم وەزعەی كە هەیە بەردەوام دەبێ و شەڕمان پێنافرۆشن، رەنگە ئێمەش هیچ هەنگاوێكمان نەهاویشتبا، بەڵام ئەمە بەرنامەیەكی داڕێژراوی زۆر لەمێژینەیە، ریفڕاندۆمیان كرد بە بەهانە، ئەگینا زۆر لەمێژە، زۆر نیشانەی ئەو نیەت خراپییەیان دەركەوتبوو، لە شەڕی داعش كە پێشمەرگە داستانی زۆری تۆمار كرد، ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، خەڵكی كوردستان خۆڕاگر بوون، هەموو ئەو وەفدانە لە دەرەوە دەهاتن، ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە، لە كاتی كە پێویست بوو هەڵوێستی عەمەلی پیشان بدەن، هەموویان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەڕانەوە و پرنسیپەكان بزر بوو، لە شەڕی رزگاركردنی موسڵ، پێشمەرگە رۆڵی سەرەكیی بینی، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، قەت سوپای عێراقی نەیدەتوانی موسڵ بەو ئاسانییە رزگار بكات، ئێمە وامانزانی كۆمەڵگای نێودوڵەتی پاداشتی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەدەنەوە، رێز لە خوێنی ئەو شەهیدانە دەگرن، هەروەها وامانزانی عێراقیش وەفایەكی دەبێت،دەسەڵاتی بەغدا وەفایەكی دەبی بەرامبەر بەو هاوكارییە و ئەو ئاسانكارییانەی كە بۆمان كردن لە شەڕی رزگاركردنی موسڵ، بەڵام بەداخەوە بینیمان هەر لەو وەختەوە هەموو بەرنامەیان ئەوەبوو، سوود لە دەرفەتە بكەن، شەڕی حەویجەیان دواخست تا دوا رۆژ، بۆ ئەوەی هەموو ئەو هێزانەی كە بە بەبیانووی شەڕی داعش كۆكراونەتەوە دوایی پەلاماری كەركووك بدەن. لە وتارەكانمدا پێش 25 ی ئەیلوول، زۆرجار ئاماژەم بەوە دەكرد كە دەبێ پێشبینی زۆر فشار بكەین، دروستكردنی زۆر كۆسپ لەسەر رێگای هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان، چونكە ئازادی و سەربەخۆیی باجی دەوێت، بەڵام ئەوەی كە قەت پێشبینی نەدەكرا، بەخەیاڵیشماندا نەدەهات، ئەوەبوو كە لە شەوی 15 لەسەر 16ئەو خیانەتە گەورەیە، ئەو خیانەتە نیشتمانی و نەتەوەییە لە كەركووك ئەنجام درا، كەركووك تەسلیم كرا و لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و لە هەموو گەلی كوردستان درا، دەنگی زوڵاڵی3 ملیۆن مرۆڤیان لە كوردستان خستە بەردەم كۆسپێكی زۆر زۆر گەورە، هەرچەندە ئەو3 ملیۆن دەنگە مێژوویەكیان تۆمار كرد بەكەس ناسڕێتەوە، بەڵام كۆسپ دروستكرا، كارەكەیان سەختتر كرد، ئەگەر ئەو خیانەتە نەبوایە، ئێستا دۆخەكە بە شێوەیەكی تر دەبوو. خوشك و برایان.. پلانی بەرگری بۆ هەموو شوێنەكان و بەتایبەتی بۆ كەركووك داندرابوو، چونكە پێشبینی ئەوەمان دەكرد پەلامارمان بدەن، ئەگەر ریفڕاندۆمیش نەكرابا ئەو پلانە هەر هەبوو، دڵنیابن پلانیان هەبوو كە نەهێڵن ئەم وەزعەی كوردستان وەكو خۆی بمینی، بەڵام ئەو خیانەتە گەورەیە، وایكرد كە مۆڕاڵی پێشمەرگە داببەزێ، مۆڕاڵی خەڵكی كوردستانیش دابەزی، كاریگەرییەكی یەكجار زۆر گەورەی لەسەر پلانەكەش كرد كە وەكو پێویست نەتواندرا جێبەجێ بكرێ لە بەرگریكردن، ئەوەی تر كە جێگەی سەرنج بوو و پێشبینیمان نەدەكرد، ئەوانەی كە ئەمەریكا بە تیرۆریست ناویان دەبات، ئەوانە سواری دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكی ببن و لەبەرچاوی ئەمەریكا بێن پەلاماری خەڵكی كوردستان بدەن و ئەمەریكاش تەماشا بكات، ئەمە پرسیارێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان دروست كردووە، ئایا ئەمەریكا بەو پلانە رازی بووە، بەو هێرشە بۆ سەر كوردستان یان مەسەلە چییە؟ ئەگەر سزادانی گەلی كوردستانیش بیت، ئایا سزادان بەوە دەبێت بە دەبابەی ئەبرامز بێن پێشمەرگە شەهید بكەن و خەڵكی كوردستان دەربەدەر و ئاوارە بكەن، جینۆساید و ئەنفالێكی تر لە كوردستان بكرێتەوە، دوای ئەم رووداوانە دەسەڵاتی بەغدا تووشی غرورێكی زۆر هات، چەندی هەوڵمامدا شەڕ نەبێت، پێشمەرگە زۆر لە ناوچەكانی تری چۆڵ كرد، تەنها بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێ، بەڵام هێزەكانی عێراق، بەتایبەتی حەشد، تووشی غرورێكی وا هاتن، سنوورێكیان نەهێشت و هەر دەیانویست بێنە پێش و هیچ شوێنێك نەهێڵن، تاكو پێشمەرگە ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بكەن و نەیانهێشت چیدی پێشڕەوی بكەن، ئەو شوێنانەی كە سوپا و حەشد هاتوونەتە ناوی هەموویان بە ئاشتی چۆڵكراون و پێشمەرگە شەڕی تێدا نەكردووە، لە هەر كوێیەك پێشمەرگە بەرگریی كردبێت نەیانتوانیوە بێنە پێش، باس لەوە دەكەن دەستوور و دەسەڵاتی فیدڕاڵی جێبەجێ دەكەن، فەرموون با بۆ دەستوور بگەڕێینەوە، پیشانمان بدەن لە كوێ دەستوور رێگەی بە ئێوە داوە هێزی چەكدار لە دژی میللەت بەكاربێنن، مەبەست جێبەجێكردنی دەستوور نییە، زۆر زۆر ئاشكرایە، بەڵكو بۆ شكاندنی هەیبەتی خەڵكی كوردستان و هەرێمی كوردستان و كەڕامەتی گەلی كوردستانە، ریفڕاندۆمیان كردۆتە بەهانە، كە ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژ كراین، ماوەیەك پێش ئێستا كە ئێزدییەكان كۆمەڵكوژ كران و ئەم گەلە نانبڕ كرا ئایا ئەو كاتە كەس باسی ریفڕاندۆمی كردبوو. ئەزیزان، مەسەلە فەرهەنگ و عەقڵییەتە، ئەو مافە بە ئێمە رەوا نابینن، ئێستاش بە راشكاوی بە بەرپرسانی بەغدا دەڵێین، ئەگەر مەبەست جێبەجێكردنی دەستوور و چارەسەری ئاشتییانەیە، ئەوا بژاردەی هەرێمیشە، ئەوە حكوومەتی هەرێمیش دەستپێشخەری كردووە، فەرموون لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكەونە گفتوگۆ، چارەسەری ئەو گرفتانە بكەن، زۆرمان پێناخۆشە خوێن بڕژێت، بەڵام ئەگەر وەك دەردەكەوێت، مەبەستتان تێكدانی هەرێمی كوردستانە، مەبەستتان شكاندنی كەڕامەتی خەڵكی كوردستانە، خۆسەپاندن و فەرزكردنی ئیرادەیەكی ناهەقە، بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم، هەزاران رۆڵەی ئەم گەلە و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی كوردستان ئامادەن تا دواهەناسە بەرگری لە خۆیان و وڵاتەكەیان بكەن، ئێمە مردن هەڵدەبژێرین، ناهێڵین كەڕامەتی ئێمە بشكێت، ئەگەر پێتان وابێت بە چەند حەشدێك دێن و ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە كەیفی خۆتان تاڵان دەكەن و خەڵكەكە دەربەدەر دەكەن، بەوە ناسنامەی كوردستانی ئەو ناوچانە لەناو دەبەن، ئەمەش خەیاڵی خاوە، ناسنامەی كوردستانی ئەو ناوچانە هەر دەمێنێ، ئەمە كاتییە و مومكین نییە ئەم وەزعە قبووڵ بكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئێمە لەگەڵ نەتەوە و گەلانی ناوچەكە براین، نابێ سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان ببێتە هۆی ئەوەی ئەو برایەتییەمان تێكبچێت، ئێمە ئەو برایەتییە دەپارێزین، نابێت بە هیچ شێوەیەك رێگە بدرێ كە بچووكترین خەلەل لەو پەیوەندییە دروست ببێت. ئەزیزان، هەروەك ئاماژەمان پێكرد، پێشمەرگە زۆر هەوڵیدا شەڕ روو نەدات، بەڵام زێدەڕەوی حەشد وایكرد كە لە رۆژانی رابردوو لە چەند شوێنێك شەڕێكی خوێناوی رووبدات، لە پردێ و مەخموور و تەلسقۆف و زوممار و رەبیعە، سوپاس بۆ خوای گەورە و پێشمەرگە قارەمانەكان داستانی گەورە تۆماركرا، دەست خۆشی لەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەم، سڵاو بۆ گیانی ئەو شەهیدە قارەمانانە و هەموو شەهیدانی كوردستان، هیوای شیفا بۆ بریندارەكان دەخوازم، جارێكی تریش زۆر زۆر بەداخەوە بۆ هەموو ئەو خوێنەی كە رژاوە، پێمان ناخۆش بووە، بەڵام پێشمەرگە ناچاركرا كە بەرگری لە خۆی بكات. خوشك و برایان.. بڕیاربوو سەرەتای مانگی 11 واتە چەند رۆژێكی تر، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر هۆی سیاسی و ئەمنی و تەكنیكی دیارە ئەنجام نەدرا، پەرلەمان تەمەنی یاسایی خۆی بۆ 8 مانگ درێژ كردەوە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شوڕا، تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێمیش لەگەڵ تەمەنی پەرلەمان درێژ دەبوویەوە، بەڵام من قبوڵم نەكرد، نامەم بۆ پەرلەمان نووسی كە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەم نە ماوەكە درێژبكەنەوە نە یاسایەكە دەستكاری بكەن، هەروەكو خۆتان دەزانن، لە دوو خولی سەرۆكایەتی لە 2005 تا2013 جارێك لە پەرلەمان و جارێكیش راستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە هەڵبژێردرا، لە 2013 ش لە پەرلەمان بۆ 2 ساڵ درێژكرایەوە، دوای ئەوەش بە بڕیاری ئەنجوومەنی شوڕا تا هەڵبژاردنی داهاتوو درێژكرایەوە و لەبەر شەڕی داعش ئەو وەختە من قبووڵم كرد، لە هەموو دەرفەتێكدا داوام لە پەرلەمان و حزبەكان كردووە، هەڵبژاردن بكەن، كێ خۆی كاندید دەكات و بڕوای میللەت بەدەست دێنێت پیرۆزبایی لێ دەكەم، بەڵام نە هەڵبژاردنیان كرد نە كەس خۆی كاندید كرد تا گەیشتە ئەمڕۆ، ئێستاش هەروەكو باسم كرد، ئێمە نامەمان بۆ پەرلەمان نووسیوە، كە لەگەڵ حكوومەت و حزبەكان بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەری ئەو بابەتە بكەن، راوێژیشم لەگەڵ جێگری سەرۆك كاك كۆسرەت كردووە ئەویش هەمان رای هەیە. خوشك و برایان.. منیش وەك مسعود بارزانی لە خزمەتی گەلەكەم بەردەوام دەبم، پێش سەرۆكایەتی و لەكاتی سەرۆكایەتی و دوای سەرۆكایەتیش، من هەر مسعود بارزانیم، هەر پێشمەرگەم، بەرزترین و پیرۆزترین پلە و پایە لای من پێشمەرگایەتییە، گەورەترین شانازی بۆ من ئەوەیە كە هەموو كوردستانییەكی دڵسۆز و بە ویژدان لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا، گەیشتنە ئاستێك كە بە بڕواوە داوای مافی خۆیان بكەن و بە ئومێدەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، پشتیوانی ئەو رێگەیە بكەن كە من بڕوام پێی هەیە و ئامادەم لە پێناویدا خۆم بەخت بكەم، دڵنیاتان دەكەم من لەگەڵتان دەبم، هەر پێشمەرگەی ئێوەم و سەركەوتنیش هەر بۆ ئێمە دەبێت، لە كۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگریتان، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان، سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان، داوا لە هەموو كوردستانییان دەكەم یەكڕیز بن و ئیرادەیان بەهێز بێت، ناحەزان لە هەوڵی ئەوەدان ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، دەبێ رێگە نەدەن ئەو ئامانجەیان بێتەدی، دڵنیام گەلی كوردستان سەردەكەوێت، چونكە دۆزەكەی رەوایە، ئیتر هەر بمێنن بە خێر و خۆشی. |
| |
|
|
|