خهبات: هاوار مورتكەیی
لایس لازارۆ خانمە شەترەنجزانی لاوی بڕازیلی توانی پلەی یەكەمی خولی نایابی شەترەنجی وڵاتەكەی لە ئاستی خوار 14 ساڵ بەدەست بهێنێت.
لازارۆ كە بەر لەماوەیەك رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامدابوو، بە نوێنەرایەتی شاری باوروی سەر بە ساوپاولۆی بڕازیلی بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا كرد كە بەهێزترین شەترەنجزانانی ئەو وڵاتە لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان بەشدارییان كردبوو، دواجار لەسەر ئاستی خوار 14 ساڵانی كچان توانی پێشەنگی قۆناغی یەكەم مسۆگەر بكات.
لایس لازارۆی بڕازیلی Lais Lazaro لە لێدوانیكی رۆژنامەی خەبات رایگەیاند كە ئەمە یەكەم شداری كردنی بوو لە پاڵەوانێتییەكی لەم شێوەیە كە تەواوی شارەكانی برازیل بە ژمارەیەك شەترەنجزانی بەتوانا بەشدارییان كردبوو، دەمێكە خۆم بۆ ئەوە ئامادە دەكەم كە لەم تەمەنەدا ببمە پاڵەوانی بڕازیل، لێرەوە سوپاسی راهێنەرەكەم كریستیان مایرا دەكەم كە رەنجەكەی بەرامبەرم بەهەدەر نەچوو و بەرهەمێكی باشی بوو، هەروەها گووتی : جیا لەبەدەستهێنانی پلەی یەكەم، شارەواییەكی باشم لەم خولە بینی كە بەركەوتنێكی بەهێز لەنێو بەشداربوواندا هەبوو، كە ئەمەش بەڕەنگارییەكە پێویستە هەموو شەترەنجزانێك لە ژیانیدا رووبەرووی ببێتەوە و ململانێ بكات.
لە كۆتاییدا لایس لازارۆ گوتی: ئەگەرچی خەونی 12 ساڵەم هاتەدی و بەوە گەیشتم كە شەونخوونیم بۆ دەكرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەسكەوتە ئەركی قورستر كردم و هانم دەدات كە زیاتر خۆم ماندوو بكەم و تەواو ئامادەكاری بكەم بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتی جیهانی 2018 كە لە جۆرجیا بەڕێوەدەچێت، ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنم.