| بەپێی یاسا ئەركی نوێنەرەكانمان لە بەغدا چییە؟ |
2018-05-14 |
 |
|
|
مافپەروەر: جەواد مستەفا ستوپەیی لە ماددەی یەكی دەستووری فیدراڵیدا باس لە پێكهاتەی دەولەتی عێراق دەكات دەڵێت: (كۆماری عێراق وڵاتێكی یەكگرتوو و سەربەخۆیە و سەروەری تەواوی هەیە، سیستەمی حوكمرانی تێدا كۆماری نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموكراتییە، ئەم دەستوورە یەك پارچەیی خاكی عێراق دەپارێزێت). مەبەستم ئەوەیە باسی سیستەمی پەرلەمانی بكەم، سیستەمی پەرلەمانی لە هەر وڵاتێكدا لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەرقەرارە و هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاساداناندا هەیە، و هەردوو دەسەڵات دەتوانن چاودێری بەسەر یەكترەوە بكەن بەبێ ئەوەی دەست بخەنە ناو كاروباری یەكترەوە. هەروەها لە عێراق دەسەڵاتی جێبەجێكردن دوانەییە واتە پێكدێت لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك كۆمار، بەڵام دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار تەشریفاتین واتە سوودمەندە و بەرپرس نییە(یسود ولایحكم) زۆربەی هەرە زوری دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لەدەست سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە. كەواتە ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵەش بكات نادرێتە دادگا بێجگە لە تاوانی گەورە، بەڵام لەكاتی ئەنجامدانی تاوانی گەورەشدا سزاكەی تەنها لەسەر كار لادانە. سەرەتایترین ئەركی نوێنەرەكانمان لە بەغدا بریتییە لە یاسا دانان و چاودێریكردنی كردەوەكانی حكومەتی فیدراڵی و بەرگری كردن لە مافی ئەو هاوڵاتیانەی نوێنەرایەتییان دەكات، هەروەها دەبێت لە رێگەی چاودێریكردنەوە كار بكرێت بۆ جێبەجێكردنی هەموو ماددە و بڕگەكانی دەستوور بەتەواوەتی و بێ جیاوازی نەك ئەو مادانەی لە بەرژەوەندی ئەواندابن جێبەجێ بكرێن و ئەوانەی لەبەرژەوەندی كورد دابن پشت گوێ بخرێن، هەروەها رێگریكردن لە هەموو ئەو پێشێلكارییانەی لەم دەستوورەدا دەكرێت لە لایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، وەك رێگریكردن لە تائیفەگەری و قورخ كردنی دەسەڵات تەنها لە ژێر یەك پێكهاتەی دیاریكراو. ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ناو ماڵی خۆیان ناكۆك بن نابێت ئەم ناكۆكییانە بگوێزرێنەوە بۆ بەغدا، لەوانەیە لایەنەسیاسییەكان لە كوردستان ئامانجیان جیاواز بێت، بەڵام لە بەغدا ئامانجی هەموو لایەنەكان هاوبەشە. كەواتە پێویستە هەموو فراكسیونە كوردستانیەكان یەكگرتوو و یەك هەلوێست و یەك بوچوونبن و بەیەك تیم لە نێو هاوپەیمانەتییەكی یەكگرتوودا كار بكەن بو بەرگریكردن لە هەموو مافەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا. چونكە پێویستە ئێمە پەند لە شوڤینیەتی عەرەبییەكەیان وەرگرین ئەوان لەنێو ماڵی خۆیان چەند ناكۆك و نا تەبابن كە كێشەكە هاتە سەرئەوەی بەرامبەر كوردە ئەوان دەبنە برای یەكتر و یەك هەڵوێست بەرامبەر كورد وەردەگرن. لە خولەكانی پێشتردا بەهۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد حكومەتی فیدراڵی بە هەزاران كێشەی بو هەرێم درووست كرد و پێشێلی دەیان مادەی یاسایی و دەستووری كرد و چەندەها مافەكانی نەتەوەكەمانی لێ زەوت كردن وەك: هەوڵدان بو سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان (هەرچەندە ئەوان ئەمەیان پێ ناكرێت، چونكە دەستووری فیدرالی دەستوورێكی بەستەلەكە و مەرجی توند هەن بۆ هەمواركردن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم) هەروەها بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم و زەوت كردنی هەموو شایستە داراییەكانی كوردستان و ئەنجامدانی ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری و ئاسمانی لەسەر كوردستان و چەندین دژایەتی كردنیتر لە دژی هەرێمی كوردستان، كە ئەم جۆرە كردەوە و پێشێلكارییانە پێچەوانەی هەموو یاساكانی مافی مرۆڤ و نەریت و یاساكانی ناو خۆیی و نێودەوڵەتیەكانە. ئەم كردەوانە لەلایەن سەركردایەتی كوردستانەوە بە هیچ شێوەیەك جێگای قبوڵ كرن نییە. كەواتە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانمان پێویستە هەموومان پێكەوە دەست بدەینە بەردە قورسەكە و هەولی وەرگرتنەوەی هەموو مافە سیاسی ئابووری و سەربازی و كارگێریەكانمان بدەین، بە پێچەوانەوە بە بەكارهێنانی سیاسەتی پەرتكە و زاڵبە زەلیل و رسوامان دەكەن، چونكە دووبەرەكی و پەرتەوازەی كوردستانیان هێزی ناوخۆیمان دەمژێت و لاوازمان دەكات. كەواتە ئەركی نوێنەرەكانمانە بە یەكریزی دژی هەموو ئەم پێشێلكاریانە بوەستینەوە، بەڵام ئەمەش بە یەك ریزی و یەك هەلوێستی لایەن و فراكسیونە كوردستانیەكان دەكرێت لە هەرێم و لە بەغدا. هەروەها لەبەر ئەوەی نوێنەرەكانمان لە بەغدا كەمینەن و لەبەر حوكمی زۆرینەی شیعی و شوڤینییەتی عەرەبی ئگەر نەیان توانی رێگری لە پێشێلكارییە یاسایی و دەستوورییەكانی حكومەتی فیدراڵی بگرن بو بەرگریكردن لە مافەكانی هەرێم، پێویستە بە یەكدەنگی لەگەل سەرۆك كۆمار و وەزیرە كوردەكان هەلوێست وەرگرن، چونكە بەپێی دەستوور كوردیش پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە عێراق ئەوان نە لە بواری ناو خۆیی و نە لە رووی نێودەوڵەتییەوە ناتوانن كورد لە عێراق نادیدە بگرن. هەروەها ئەگەر هەوڵی نوێنەرەكانمان بێسوود بوو دەتوانن پەنا بو دادگای باڵای فیدرالی ببەن هەرچەندە لەسەردەمی مالكیەوە ئەم دادگایە بە سیاسی كراوە، بەلام ئەو پێشێلكارییانەی ئەوان لە دەستوور و یاساكاندا لە دژی هەرێم ئەنجام دەدەن روون و ئاشكرایە و بەری رۆژ بە بێژینگ ناگیرێت. لە خولی رابردووی پەرلەماندا بە سوود وەرگرتن لە ناكوكیەكانی ناو هەرێم ئەوان توانییان بە هەزاران كێشە بو كوردستان دروست بكەن، بەڵام زۆر بەداخەوە لە هەموو ئەم زوڵم و ستەمانە نوێنەرەكانمان هیچ كاتێك پەنایان بو دادگای باڵای فیدراڵی نەبردوە بە رێژەیەكی زور كەم نەبێت. بەتایبەتی بێ هەلوێستی سەرۆك كۆمار جێگای قبوڵكردن نەبوو لەكاتێكدا سەرەرای ئەوەی كە دەسەڵاتەكانی تەشریفاتین، بەڵام ئەو دەیتوانی بە زور شێوە كاریگەری لەسەر عێراق درووست بكات بونموونە لە رێگەی هەڵوێست وەرگرتنی راستەوخۆ، یان پەنابردن بو دادگای باڵای فیدراڵی، یان (اڤعف الایمان) لە رێگەی بەستنی كۆنگرەی رۆژنامەوانیەوە دەیتوانی بە هۆی ئەم زوڵم و ستەمەی لە كورد دەكرا كاریگەری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست بكات، چونكە بەپێی دەستوور سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستوورە و هەروەها كورد پێكهاتەیەكی سەرەكییە لەم عێراقەدا و گریمان تەنانەت ئەگەر سەرۆك كۆماریش كورد نەبێت و ئەندامی مەكتەب سیاسی حزبێكی كوردستانیش نەبێت دەیتوانی بەرگری لەمافەكانی كورد بكات كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە ولاتدا، چونكە سەرۆك كۆمار لە هەموو سیستەمە پەرلەمانیەكاندا ئەم مافەی هەیە. گریمان ئەگەر هەموو ئەمانەش بێ سوود بوون، بەپێی مادەی 15ی یاسای دادگای فیدراڵی سەرۆك كۆمار مافی بەرزكردنەوەی داواكاری لە دادگای فیدرالی هەیە كە دەقەكەی بەم شێوەیە: (سەرۆك كۆمار مافی ئەوەی هەیە داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی بكات سەبارەت هەر پێشێلكارییەك كە لە دەستووردا دەكرێت)، لەكاتێكدا كە بریارەكانی ئەم دادگایە بریاری كۆتایی و یەكلا كەرەوەن و ناكرێت تانەیان لێبدرێت. هەروەها سەبارەت بە دروستكردنی پەیوەندی ژێر بەژێر لەگەڵ رژێمی عێراق لەلایەن نوێنەرەكانمان لە بەغدا یاخود دەنگدان لە پەرلەمان لە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەو كەسانەی دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبیدا، لەبەر هەبوونی پارێزبەندی ناكرێت ئەمانە بدرێنە دادگای تایبەتمەند، بەڵام پێویستە رێكەوتنێكی حزبە كوردستانیەكان هەبێت كە لە كوردستان ئەم نوێنەرانە بدرێنە دادگای جەماوەر و هەموو كردەوەكانیان بە ڤیدیۆ و بەڵگەنامەوە لە راگەیاندنەكاندا بڵاو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی ببنە پەند بو هەموو خەڵكی كوردستان كە ئەم جۆرە خوفروشانە لە خولی پێشتر زور بەروونی دەبینرا و تەنانەت سەرۆك فراكسیۆنیش هەبوو كە تێوەگلابوو. هەروەها پێویستە ئەو شاندانەی حكومەتی هەرێم كە سەردانی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر مافەكانی كورد پێویستە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان ئەم شاندە و نوێنەرەكانمان لە بەغدا هەبێت، بۆ پیشاندانی هەڵوێستێكی كوردی یەكگرتوو بەرامبەر بەغدا، بەڵام زور بەداخەوە لە گفتوگۆكانی پێشتر لەبەر ناكوكی و پەرتەوازەیی لایەنە كوردستانیەكان ئەم هەماهەنگییە زۆر لاواز بوو. |
| |
|
|
|