داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن”

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا، وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەداتەوە و زمانی سەربازی ڕەت دەكاتەوە و دەشڵێ: “هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە.”

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی 11ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان بيست، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە.”

گوتیشی: “ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەت دەکەینەوە. ئه‌زموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازه‌ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە.”

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بونیادنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕاى پشتیوانی له‌ پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێكگه‌يشتن بێت.”

هەر لە پەیامەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەشڵێ: “لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەخت لە گرنگیی ته‌بايى و یەکڕیزیی کوردستانی دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە.”