دانە غاز دەڵێ، شەوی ڕابردوو هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و گومان دەکرێ لە ڕێگەی درۆنەوە بووبێت. دەشڵێ، بەرهەمهێنان ڕاگیراوە تا قەبارەی زیانەکان دەخەمڵێنرێن.

 کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەشی بارکردنی غازی شل بەئامانج گیرا. بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، بەڵام بێ هیچ زیانێکی گیانی توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت؛ سەرباری ئەوەش بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکەدا ڕاگیراوە. هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەری لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت و بەزووترین کات دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

 کۆمپانیای دانە غاز لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ، هەموولایەک ئاگادار دەکەینەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، شەوی یەکشەممە کەوتە بەر هێرشێک “گومان دەکرێ درۆن بێت” کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و دواتر توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ. لەبارەی زیانە گیانییەکانیش، دانە غاز دەڵێ، هیچ کارمەندێک بریندار نەبووە.

 دەشڵێ، بەرهەمهێنان دەستپێناکاتەوە تا ئەو کاتەی قەبارەی زیانەکان دەخەمڵێندرێن.

– کۆمپانیاکە دەڵێ لە هەماهەنگییەکی نزیکداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی فیدراڵ، کە پاڵپشتییەکی بەهێزیان پێشانداوە. لە کاتی گونجاویشدا زانیاریی نوێ بڵاو دەکرێتەوە.