خەبات: رەنجبەر بەرزنجی:- لە دوایین کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵینەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئێسکی شانی چەپی مرۆڤێکی نیاندرتاڵ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە ، کە سەرنجی شوێنەوارناسانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە ، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە (د. عەبدولوەهاب سلێمان) بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی خەباتی دایەوە.

ئەشکەوتی شانەدەر سەرەتا لە بارەی دۆزینەوەی ئەم ئێسکی شانە و توێژینەوەکان لەسەری (د. عەبدولوەهاب سلێمان) بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران رایگەیاند ، ئەشکەوتی شانەدەر، کە دەکەوێتە دامێنی چیایەکانی زاگرۆس لە دەڤەری سۆران، لە سەردەمی دەستپێکردنی هەڵکۆڵینەکانی زانا (ڕالف سۆلیکی) لە ساڵی ١٩٥١ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بووەتە لانکە و ڕووگەی سەرەکیی توێژینەوەکانی مرۆڤناسی لە جیهاندا ، دۆزینەوە مێژووییەکانی ئەم ئەشکەوتە، لەوانە دۆزینەوەی پاشماوەی چەندین ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نێاندەرتاڵ و بەڵگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیان، هەمیشە تێڕوانینی جیهانیان بۆ مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕیوە، لە درێژەی ئەم کارە زانستییە مەزنانەدا، دوای دەستپێکردنەوەی هەڵکۆڵینەکان لە ساڵی ٢٠١٣ بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لەگەڵ تیمی زانکۆی کەیمبریجی بریتانی و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئامێرە پێشکەوتووەکان، توێژینەوەیەکی نوێ و جیهانی لەسەر پاشماوەی «شانەدەر ئەی» بڵاوکرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ۷٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە ، لە پاشماوەی ئێسکی شانی ئەم نێاندەرتاڵەدا، کونێکی بازنەیی بە پانیی ١٥ ملم دۆزراوەتەوە کە بەهۆی لێدانی ڕمێکی داری تیژکراوەوە دروست بووە؛ ئەمەش کۆنترین بەڵگەی فیزیکییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەسەر توندوتیژیی کوشندەی نێوان تاکەکان بە بەکارهێنانی چەکی دارین ، لە لایەکی ترەوە سەرەڕای ئەم برینە سەختە، ددان و ئێسکەکانی تری نیشانەی ئەوە دەدەن کە ئەم تاکە لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر دوای برینداربوونی ژیاوە، کە ئەمەش بەڵگەیەکی بێوێنەیە لەسەر بوونی سۆز، هاوکاری و بەخێوکردنی کۆمەڵایەتی لەنێوان نێاندەرتاڵەکاندا لە ئەشکەوتی شانەدەر.

گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە هەر لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی ئەم دۆزینەوەیە بۆ کوردستان و ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند ، گرنگی ئەم دۆزینەوەیە بۆ چەند خاڵێک دەگەرێتەوە لەوانە شکاندنی گۆشەگیریی مێژوویی و جیۆپۆلیتیکی، سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی دەسەڵاتە مەرکەزییەکان و هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەر بۆ پشتگوێخستن یان سڕینەوەی ناوی «کوردستان» و «چیایەکانی زاگرۆس» لە ناوەند و ڕاپۆرتی ئەکادیمیی جیهانیدا، دۆزینەوەکانی شانەدەر ناوی کوردستانیان کردە مانشێتی سەرەکیی گۆڤارە مەزنەکانی جیهان (وەکوو Scientific Reports و کەناڵەکانی CNN و BBC ) و سەلماندیان کە ئەم خاکە لانکەی شارستانییەتە ، خاڵێکی دیکەی گرنگ بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی و دروستکردنی پردی زانستی لە نێوان هەرێمی کوردستان و زانکۆ ئەکادیمییە گەورەکانی جیهان وەکوو کەیمبریج، سەنگ و پێگەی دیپلۆماسیی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز دەکاتەوە ، هەروەها هۆکارە بۆ بووژانەوەی گەشتیاریی زانستی واتە ئەم مێژووە دەوڵەمەندە دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی زانستی و شوێنەواری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە سەرنجی توێژەران و گەشتیارانی بیانی ڕادەکێشێت. سوودەکانی تۆمارکردنی شانەدەر لە لیستی یۆنسکۆ لە لایەکی دیکەوە (د. عەبدولوەهاب سلێمان) بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران باسی لە سوودەکانی تۆمارکردنی سانەدەر لە لیستی یونسکۆ کرد و ڕایگەیاند ، لە ئێستادا، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ ئەوەی ئەشکەوتی شانەدەر لە لیستی میراتی جیهانیی یۆنسکۆدا تۆمار بکرێت ، گرنگیی ئەم هەنگاوە لە چەند ڕوویەکەوە زۆر گەورەیە لەوانە پاراستنی یاسایی و نێودەوڵەتی (قەڵغانی ئەمنی) هەموومان دەزانین کە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەندێک جار رووبەڕووی نائارامی و تۆپبارانی هێزەکانی دراوسێ دەبنەوە ، کاتێک شوێنەوارێک لە یۆنسکۆ تۆمار دەکرێت، ئیتر تەنها موڵکێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو دەبێتە «موڵک و سەروەتێکی تەواوی مرۆڤایەتی» ، بەم پێیە بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هیچ لایەن و وڵاتێک بۆی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر سایتێکی پارێزراوی یۆنسکۆ، و لە کاتی هەر هەڕەشەیەکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە دێتە سەر هێڵ بۆ پاراستنی ، خاڵێکی دیکەی ئەم تۆمارکردنە بابەتی گرنگیی گەشتیاری و ئابووریی جیهانیە ، تۆمارکردن لە یۆنسکۆدا، شانەدەر دەخاتە سەر نەخشەی فەرمیی گەشتیاریی جیهانی و بودجە و تیمی پسپۆڕ بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی هەمیشەیی دابین دەکات.

کەواتە جگە لە پێگەی زانستی و گەشتیاری، «دابینکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی یاسایی لە بەرامبەر تەقەمەنی و دەستدرێژییە سەربازییەکاندا» بەرچاوترین و گرنگترین سوودە ، چونکە تۆمارکردنی لە یۆنسکۆدا دەبێتە قەڵغانێکی نێودەوڵەتی کە ڕێگری دەکات لە هەر دەستدرێژییەکی چەکداری، و ناوچەکە دەپارێزێت لە توندوتیژییەکان، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورەیە بە سەقامگیریی ئاسایش و ژینگەی کولتووریی هەرێمی کوردستان.