هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بارێک دراوی ساختەی عێراقی لە دەروازە سنوورییەکان و هۆشدارییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆر لەو پارانە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، نیگەرانیی لای هاووڵاتییان و بازرگانان دروست کردووە کە تووشی زیانی دارایی ببن. شارەزایانی ئابوورییش هۆشداری دەدەن لە لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە بۆ سەر جووڵەی مامەڵە بازرگانییەکان و متمانە بە دراوی باو لە بازاڕدا.

یەکێک لە بەڕێوەبەری بانکە ئەهلییەکان لە عێراق بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: «ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە بوونی دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە ڕاستن» ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داتای وردی لەبەردەستدا نیە لەبارەی بڕی ئەو دراوانەی ساختە کراون.

بەڕێوەبەرەكە ئەوەشی ئاشکرا کرد: «ڕۆژی چوارشەممە، لە دەروازە سنوورییەکان دەست بەسەر باندێکدا گیراوە کە هەوڵیان دەدا بارێک دراوی ساختە بهێننە ناو وڵاتەوە»، بەڵام ناوی ئەو دەروازەیەی نەبرد و بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەکەشی دیاری نەکرد.

هاوکات لە یەکێک لە ناوەندە بازرگانییە دیارەکانی بەغدا، بازرگان «ئەبوو ئەحمەد» کە لە ناوچەی پیشەسازیی جەمیلە کار دەکات، هۆشداریی داوە لە مامەڵەکردن بە دراوی ساختەی ٢٥ هەزار دیناری و جەختی کردووەتەوە، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە بڕێکی زۆر لەو پارەیە هاتووەتە بازاڕەوە.

ئەبوو ئەحمەد لە لێدوانێکدا ڕوونی کردووەتەوە، کە پرۆسەی ساختەکردنەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد ئەنجام دراوە، بە جۆرێک جیاکردنەوەی بۆ هاووڵاتییان ئەستەمە، بەتایبەت لەو مامەڵە ڕۆژانەییە گەورانەی کە بڕی زۆری پارەیان تێدا دەگۆڕرێتەوە.

ناوبراو داوا لە بازرگانان و هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی وەرگرتنی پارەدا زۆر وریا بن و دڵنیا ببنەوە لە نیشانەکانی دراوی ڕەسەن، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی فێڵ و تەڵەکە.

بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوە دەدات

لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە میکانزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە حاڵەتانە، بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: “دۆزینەوەی دراوی ساختە لە ڕێگەی سکاڵای فەرمییەوە دەبێت، یان لە کاتی پشکنین و ژماردن و جیاکردنەوەی پارە لە دامەزراوە بانکییەکاندا.”

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی، حەیدەر غازی، گوتووێتی: «چاودێریکردنی ئەو دراوانەی گومانی ساختەیان لێ دەکرێت، لە کاتی گەییشتنی سکاڵای فەرمی یان لە کاتی پاککردنەوە و پشکنینی ئەو پارانەی لە بانک و کۆمپانیا داراییەکانەوە دێنە لای ئێمە، ئەنجام دەدرێت.”

غازی هەروەها دەشڵێت: ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی چاپکردنی دراو ناکات، چونکە ئەرکی دیاریکردنی سەرچاوەی دراوی ساختە و ئەو لایەنانەی بەرهەمی دەهێنن یان دەیهێننە ناو وڵات، دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان و لێکۆڵینەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شارەزای ئابووری، محەمەد حەسەنی، هۆشداری دەدات لەوەی، بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە زیانی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتییان و بازرگانان دەگەیەنێت، جگە لە تێکدانی جووڵەی کڕین و فرۆشتن، بەتایبەت لەو بازاڕانەی پشت بە مامەڵەی كاشی ڕاستەوخۆ دەبەستن.

حەسەنی بە (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: «مەترسیی ئەم دراوانە لەوەدایە کە لەنێوان مامەڵەکاراندا بەبێ دۆزینەوە دەستاودەست بکرێت، ئەوەش وا دەکات ئەو کەسەی پارەی ساختەی وەرگرتووە تووشی زیانی دارایی بێت.”