فؤاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ڕۆما و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، ئاشکرای کرد کە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیانێکی ئابووریی گەورەی بە عێراق گەیاندووە و بەهای زیانەکانیش بە 60 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، هەردوولا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسۆی پەرەپێدانی هاریکاریی ئەمنی و سەربازییان لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تاوتوێ کرد. هەروەها باس لە دۆسییە دارایی و سەربازییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و حکومەت و کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا کرا کە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەگەڕێنەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەو ململانێیە بووەتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی وزەی جیهانی و زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵاوسان، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی زۆرێک لە وڵاتان، لەوانەش وڵاتانی ئەوروپی داناوە.
فؤاد حوسێن سوپاسی حکوومەت و گەلی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتیوانییان لە عێراق لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش، هەروەها بە تایبەت ڕۆڵی ئیتاڵیا لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپی، بە ئیتاڵیاشەوە کرد، ڕۆڵێکی کارا ببینن لە پاڵپشتیکردنی دەسپێشخەرییە ئاشتیخوازەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناکۆکەکان بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێکان بکرێت.
هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر ئەو دۆسییانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن کردەوە، لە کۆتایی دیدارەکەشدا فؤاد حوسێن بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی هاوتا ئیتاڵییەکەی کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق.