سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە بەپێی بڕیارەكانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵانی رابردوو، كەمكردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بۆ ١٢.٧٪ پووچەڵە و هیچ بەهایەكی یاسایی نییە و دەبێ رێگەی لێ بگیرێت.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران كە لە پشكی یەكێتی لەو پۆستەدایە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ئەنجامدانی بەراوردی داتاکانی ناوچەكانی ماددەی ۱٤٠ لەگەڵ تۆمارەکانی ساڵی ۱۹٥۷ بە هاوبەشیی حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵی مەرجی ئاشکراکردنی ڕێژەی دانیشتوانە. بە گوێرەی بڕگەی (٤)ی بڕیاری خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی بە ژمارە (٢٤٨٦٠)ی ساڵی ٢٠٢٤، بە ڕوونی هاتووە کە پێش تەواوبوونی بەراوردی (مقاطعە)ی داتاکانی سەرژمێری لەگەڵ تۆماری ساڵی ۱۹٥۷ بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، نابێت ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی رابگەیەندرێت، كەچی تا ئێستا ئەم بەراوردە ئەنجام نەدراوە و وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ خۆی لێ دزیوەتەوە.”

ئەوەشی خستە ڕوو كە ”کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم هیچ نرخێکی یاسایی نییە و ڕێژی ۱۲.۷٪ پووچەڵە و بە ئەنجامی کۆتایی هەژمار ناکرێ تاوەکوو بەراوردی داتاکان نەکرێت. لە هەمان کاتدا بە گوێرەی هەردوو بڕگەی ژمارە (۳) و (٤) لە بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە ژمارە 24853 ساڵی 2024 بەراوردکردنی داتاکانی ئەم ناوچانە لەگەڵ داتاکانی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧، پێویستە بە هاوبەشیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ و هەرێم و هەردوو دەستەی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی ئەنجام بدرێت، نەک بە ڕێکاری تاکلایەنەی فیدڕاڵی.”

لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە: ”لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەراوردی داتاکان و پشکنینی هاوبەش ئەنجام نەدراوە، ڕاگەیاندنی ئەنجامێکی کۆتایی و بەکارهێنانی بۆ دیاریکردنی پشکی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، نا یاساییە و پووچەڵە و دەبێت ڕێگەی لێ بگیرێت.”