ئەمڕۆ پێنجشەممە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا، بەردەوامیی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە و ئاسیای ناوەڕاست.

جیهاد ئازعوور، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست لە سندووقەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو شەڕە شۆکێکی ئابووریی ناهاوسەنگی بەسەر ناوچەکەدا هێناوە و ئەو وڵاتانەی راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە، رووبەڕووی فشاری توند بوونەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئازعوور لەو کۆنگرەیەدا کە لە پەراوێزی کۆبوونەوە ساڵانەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بەڕێوەچوو، روونیکردەوە، پێشبینییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بەندە بە خێرایی گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی وزە و بازرگانی بۆ دۆخی ئاسایی، لەگەڵ توانای وڵاتان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی گشتی.

سوودوەرگرتن لەو زیادەیەی پێش شەڕ هەبووە، رێگە جێگرەوەکان، دەستکاریکردنی داواکاری و کشانەوەی گەورە لە جبەخانەکان، یارمەتیدەر بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەریی ئەو شۆکەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە دروست بوو.

ئازعوور گوتی: “ئەو سەرچاوانە هەندێک کاتیان دابین کرد، بەڵام سنووردارن. جبەخانەکان کەم بوونەتەوە و توانای بەرهەمهێنانی یەدەگیش دابەزیوە، بۆیە دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزییەکان رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی زۆر گەورەتر لە نرخەکاندا”.

ئەو بەرپرسەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و پاکستان، دوای گەشەی 3.3% لە ساڵی 2025، بە رێژەی 1.3% پاشەکشە بکات. چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 گەشەیەکی بەهێز بەڵام جیاواز بەخۆیەوە ببینێت کە رەنگە بگاتە 6.6%.