سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ریاز لەگەڵ جێنشینی پاشای سعوودیە کۆبۆوە و ئیدانەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی ریازی کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە رێگە نادرێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئاسایشی سعوودیە بەکار بهێنرێت.

 چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری ریاز لەگەڵ شازادە محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، جێنشینی پاشای سعوودیە کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان تاوتوێ کران، بە شێوازێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیدانەی توندی حکوومەتی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و هەر هێرشێک کە هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان بکاتە ئامانج دەربڕی و رایگەیاند؛ ئەم جۆرە کردەوانە مەترسین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

هەروەها عەلی زەیدی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە بەوەی رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی ببنە مەڵبەندێک بۆ هیچ جۆرە دەستدرێژی و کردەوەیەک کە زیان بە ئاسایشی سعوودیە و وڵاتانی ناوچەکە بگەیەنێت، هاوکات پابەندبوونی عێراقی بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی دۆست دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە و رێگەکانی بەهێزکردنی لە بواری جیاجیادا پێداچوونەوەیان بۆ کرا، بەتایبەتی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئاسایش لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە ئامنییە ناوچەیییەکان. لەلایەن خۆشییەوە، جێنشینی پاشای سعوودیە پاڵپشتیی سعوودیەی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لەپێناو بەهێزکردنی دیالۆگ و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.