وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دواخستنی وەرگرتنی باج لەسەر هێلكە و مریشكی هاوردە دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی بەپەلەی كرد.

لە ڕاگەیەنراوێكدا هاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ دووپاتی دەكاتەوە كە بەهۆی پشتبەستن بە پلانە كشتوكاڵییەكان، كەرتی پەلەوەر گەیشتووەتە قۆناغی خۆژێنی و زۆریی بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، ئاماژەی بەوەیش كردووە كە لە كۆی 59 پڕۆژەی هێلكەی مێز، ساڵانە زیاتر لە 4.8 ملیار هێلكە بەرهەم دێت، لە كاتێكدا پێویستیی ناوخۆ تەنیا 1.8 ملیارە. هەروەها سەرووی 2100 پڕۆژەی مریشكی گۆشت، ساڵانە زیاتر لە 450 هەزار تۆن مریشك بەرهەم دەهێنن، لە كاتێكدا پێویستیی هەرێم تەنیا 150 هەزار تۆنە.

وەزیری كشتوكاڵ زیاتر گوتی، ئەم دۆخە پێشانی دەدات كە بەرهەمی ناوخۆیی نەك تەنیا پێداویستیی هەرێم پڕ دەكاتەوە، بەڵكو دەتوانێت تەواوی عێراق دابین بكات، بۆیە لابردنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە بازاڕ دەخنكێنێت، زیانێكی دارایی قورس بە كەرتی پەلەوەر دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی كار دەخاتە مەترسییەوە.

لە كۆتاییدا ڕوون كراوەتەوە كە لەم پێناوەدا وەزیری كشتوكاڵ لە دوو نامەی ناڕەزایەتیدا داوای لە حكوومەتی فیدراڵ كردووە كە لە جیاتی ئەم بڕیارە، هاوكاریی دابینكەرانی ئالیك و كێڵگەكان بكات و ڕێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێم بە ئاسانی بگاتە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق.