خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ژمارەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و هاونیشتمانیان، مەراسیمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە شاعیری داهێنەر و ناوداری کوردستان، قوبادی جەلیلزادە، بەڕێوەچوو؛ مەراسیمێک کە تێیدا ساڵانێک لە خزمەت و بەخشین و داهێنانی ئەم شاعیرە بە یاد هێنرایەوە.
ئەم مەراسیم و کۆڕە ئەدەبییە لەلایەن سەنتەری هاوبەشی لوڕ بە ناونیشانی «تەمەنێک لە بەخشش، ئاسمانێک لە داهێنان» سازکرا و لە کەشێکی پڕ لە هەستی ڕێز و پێزانین، بەشێک لە بەرهەم و کاریگەری ئەدەبی و هونەری قوبادی جەلیلزادە خرایە بەر باس و گفتوگۆ. لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن سەنتەرەکە و ژمارەیەک لە دامەزراوە کەلتووری و فەرهەنگییەکانەوە، پێشکەشی شاعیری ناودار قوبادی جەلیزادە کراو بەو شێوەیە هەوڵ درا بەهای ئەو ساڵانەی بەخشین و داهێنان و خزمەتکردنی بە ئەدەبیاتی کوردی بخرێتەڕوو.
هەروەها، دکتۆر موحسین ئەدیب خەڵاتی ڕێز و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیی پێشکەشی شاعیر قوبادی جەلیزادە کرد و بە وشەیەکی پڕ لە هەست و پێزانین، باسی کاریگەریی ئەو شاعیرەی لە ژیانی ئەدەبی و کەلتووری کورد دا کرد.