١٦ی ئاب و وەرچەرخان لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد دا

125

ئازاد حەمەئەمین
١٦ی ئاب ڕۆژی پڕشکۆ، شانازی و وەرچەرخانە؛ لە کاتێکدا بوو خەڵکی کوردستان بێ دۆست و لە ژێر دەستەییدا دەچەوسایەوە، هیوایەکی نوێی بۆ دروست بوو. یادکردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبێک کە لە هەناوی نەتەوەیەکی مەزڵومدا سەری هەڵدا بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕۆحیی کورد( بارزانیی نەمر) لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا، ڕووداوێکی مێژوویی و پڕ حیکمەت بوو. مێژووی فیداکاریی ئەم حیزبە پڕییەتی لە سەروەری و خەبات؛ خوێنی هەزاران جوامێری نیشتمان کراوەتە قوربانی تا گەلەکەمان بگاتە ئامانج و مافە ڕەواکانی کە سەربەخۆیی و سەرخستنی دۆزی ڕەوای میللەتی کوردە.

ئەم ڕۆژە لە دیدگای کادیرانی پارتی و ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبدا کۆمەڵێک بەها و ڕەهەندی سەرەکی لەخۆدەگرێت؛ لەوانەش ڕێزگرتن لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان، بیروباوڕی ئازاد، هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دەستاودەستکردنی دەسەڵات. ئێمەی کادیرانی پارتی، ١٦ی ئاب وەک دەرفەتێک دەبینین بۆ نوێکردنەوەی بەڵێن و وەفا بەرامبەر خزمەتکردنی زیاتر بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

مێژووی پارتی پڕییەتی لە هەوراز و نەشێو و ئاڵنگاریی سەخت تا ئاستی بێهیوایی، بەڵام پارتی سەربەرزانە و بەهێزەوە لە سەرجەم بارودۆخەکاندا وەک چیا و داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە پشت خواستەکانی خەڵکی کوردستان مایەوە. بە بڕوا و قوربانیدانی پێشمەرگە، خوێنی ئاڵی شەهیدان و جەماوەری دڵسۆز، بەربەستەکانی تێپەڕاند و ناسنامەی نەتەوەیی پاراست. لەم وێستگەیەدا کادیران و حیزب جەخت لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان دەکەنەوە.

لە سەردەمی نوێدا کە شۆڕشی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵگە بووەتەوە، نەیاران و چەواشەکاران هەوڵی شێواندنی ئارامی و هۆشیاریی گەنجان دەدەن. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە جەنگە فکرییە، پارتی بە پشتبەستن بە کادیرانی ئەکادیمی، ژیر و بەجورئەت دەکاتە کارنامەی خۆی؛ کادیرانێک کە بە زانیاری، داتا و ئاماری دروست و لە ڕێگەی ڕاپرسی، کۆڕ و سیمینارەوە وەڵامی گومانەکان دەدەنەوە و ڕووی ڕاستەقینەی دەستکەوتەکان بۆ هاووڵاتییان دەردەخەن.

نوێگەری و بەکارهێنانی ئامرازی هاوچەرخ، ئەرکی سەرەکیی ئێستای ڕێکخستنەکانە تاوەکو وەڵامدەرەوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بن. لە یادی ١٦ی ئاب و لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانیدا، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی بەڕێزیان و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێین. پیرۆز بێت ١٦ی ئاب و شەکاوە بێت ئاڵای ڕەنگینی کوردستان.