پارتی دیموكراتی كوردستان 80 ساڵ لە شۆڕش و خۆڕاگری و بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و ئاوەدان

150

د. محەمەد خورشید*
ئەمڕۆ، گەلی كوردستان و مێژووی نەتەوەییمان بە شانازییەوە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكاتەوە. پارتی، وەك پارتێكی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی ڕەسەن، لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە ڕابەرایەتیی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد، مستەفا بارزانیی نەمر، دامەزرا. ئەم یادە ئاوڕدانەوەیەكی قووڵە لە هەشتا ساڵ خەبات، قوربانیدان، خۆڕاگریی و هەنگاونانی بەردەوام بەرەو بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلێك كە دەیویست بە ئازادی و سەربەرزی لەسەر خاكی خۆی بژی. پارتی لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، چرایەكی گەشاوەی هیوایە بۆ هەموو كوردستانییان لە هەر شوێنێكی جیهان بن.

مێژووی هەشتا ساڵەی پارتی، مێژووی شۆڕشە مەزنەكانی كوردستانە. شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی، گەورەترین شۆڕشی جەماوەری و سەرتاسەری بوو كە توانی بۆ یەكەمین جار هەموو چین و توێژەكان و ناسنامەی نەتەوەیی لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراودا كۆبكاتەوە و دوژمنان ناچار بە داننان بە مافەكانی كورد بكات. دواتر، شۆڕشی گوڵان، سەلماندی كە پارتی ئەو هێزە نییە بە پیلان و نسكۆكان بشكێت یان لەناو بچێت. سەرباری سەختترین قۆناغەكان، پیلانە هەرێمییەكان و دڕندەیی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، پارتی بە خۆڕاگرییەكی پۆڵایینەوە لە چیا سەختەكانی كوردستانەوە بەرگریی لە كەرامەت و مانەوەی نەتەوەیەك كرد. ئەو خۆڕاگرییە، بووە هەوێنی متمانەیەكی جەماوەریی قوڵ كە تا ئەمڕۆش كۆڵەگەی مانەوە و بەهێزیی ئەم حزبەیە.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم، دیدگایەكی ڕوون و ستراتیژی هەبووە بۆ حوكمڕانی و بە دامەزراوەییكردنی كوردستان. دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١، پارتی ڕۆڵی سەرەكی و ڕابەری بینی لە گواستنەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی شاخ بۆ شەرعییەتی دەستووری، سندوقەكانی دەنگدان و حوكمڕانیی شار.

پارتی ئەندازیاری ڕاستەقینەی دروستكردنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو. ئەم هەنگاوە، قۆناغێكی زێڕین بوو بۆ ئەوەی كورد خاوەنی دامەزراوەی فەرمیی و نیشتمانیی خۆی بێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك قەوارەیەكی دانپێدانراو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، كە تا ئەمڕۆش سەرباری سەختییەكان وەك قەوارەیەكی بەهێز ماوەتەوە.

لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتی ڕۆڵێكی میحوەری و یەكلاكەرەوەی بینی لە داڕشتنەوەی عێراقی نوێ و جێگیركردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا. بە سەرۆكایەتی و دانایی سەرۆك مسعود بارزانی، پارتی بووە قەڵغانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

یەكێك لە شانازییە گەورەكانی دیكەی پارتی لەم ٨٠ ساڵەدا، گۆڕینی كوردستانە بۆ ناوچەیەكی ئارام، سەقامگیر و پێشكەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی پڕ لە ئاڵۆزیدا. بە پلان و خەمخۆریی كابینەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ئاوەدانی، بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەرتاسەری كوردستانی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ كە یادی ٨٠ ساڵەی ئەم كاروانە پڕ سەروەرییە دەكەینەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە لووتكەی هێز، متمانە و پێگەی جەماوەریی خۆیدایە. وەك قوتابخانەیەكی نەتەوەیی بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی، پێكەوەژیان و پاراستنی كوردستان. ئەم ٨٠ ساڵە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە كە پارتی لەگەڵ كوردستان لەدایك بووە، لەپێناو كوردستان خەباتی كردووە و تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجە نەتەوەییەكان، وەك چەتری كۆكەرەوە و پارێزەری هەموو كوردستانییان دەمێنێتەوە.

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان و سەركاروانیان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پ.د.ک