ئەمڕۆ سێشەممە 18/11/2025، لە شاری دهۆک، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پیرۆزباییان لە یەکتری کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەڕێوە چوو، هەردوولا هیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر یاسای هەڵبژاردن لەپێناو دادپەروەریی زیاتر پێویستی بە گۆڕین هەیە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەو دیدارەدا هەریەک لە فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بەها ئەعرەجی و ئەحمەد ئەلئەسەدی و قوسەی مەحبوبە ئەندامانی هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردەوە و گەشەپێدان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.