کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بارەی ژماردنی دەنگەکانەوە دەڵێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژماردنی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی نەبووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیهنێت، ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنیی دەنگدانی تایبەت هاوتای یەک بوون، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تا ئێستا چوار سکاڵا تۆمار کراون.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند: “پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنیی دەنگدانی تایبەت تەواو بووە و دەنگەکان هاوتای یەک بوون، هیچ جیاوازییەک نەبینراوە”.
رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی تایبەت بۆ پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، ڕێژەی بەشداری گەیشتووەتە 82.42%، ژمارەی دەنگدەرانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەر بووە. لەگەڵ ئەو ژمارەیەش 26 هەزار و 986 ئاوارە دەنگیان داوە.