فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، “بۆ هەموو لایەک روون بووەوە، ئامانجی ئێران تێکدانی سەقامگیریی عێراق و کوردستانە”.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی 1ی  2024، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدرانی ئێران بۆسەر هەولێر کرد ، داواش دەکات پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە ببەستێت.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵی دەکات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەرکۆنەکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق، گرتنەبەری رێگەچارەی یاسایی و دیپلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوژمنکارییە. هاوکات داواش دەکات رێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەرێگەی دانانی سیستەمی دژە مووشەک.

سەبارەت بە هەڵویستی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، فراكسیۆنی پارتی داوا لە  سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات هاوهەڵوێست بن لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەولێر و ئاسایش و سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن. دەشڵیت:  بۆ هەموو لایەک روون بووەوە، ئامانجی هێرشەکانی ئێران، پێشێلکردنی سەروەری، تێکدانی ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستانە و، هەوڵدانە بۆ تۆقاندنی خەڵکەکەی.

فراکسیۆنەکی پارتی رووی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، داوا دەكات هەڵوێستێکی جددییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی و بێ دەنگ نەمێنن.

شەوی ڕابردوو 15ی 1ی 2024، بە چەندان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.