خەبات:ڕۆشنا عەلی:- دوابە دوای وەڵامەكەی وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین بڕیاردرا دەوامی قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوەو هەریەك لەو پەروەردانە بە نوسراوی فەرمی گشتاندنییان بۆ پەروەردەی قەزاكان كرد بەناوی (دەسپێكردنەوەی دەوام) كە تیایدا داوایانكردبوو دەرگای قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابیاندا بكرێتەوەو ساڵنامەی خوێندن دابنرێت بەپێی ماوەی دیاریكراو كەلەبەردەستدایەو بەشێك لە پرۆگرامی خوێندنی پۆلە ناكۆتاكان كەمبكرێتەوە لەم بارەیەوە لاپەڕەی پەروەردە ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە:
بەپێی گشتاندنەكان ڕۆژی 9-1-2024 وەك یەكەم ڕۆژی دەسپێكی وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكراوە كە دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا بەپێی ئەو ڕێكەوتە دەست بە پڕۆسەی خوێندن كراوەتەوە لە تەواوی ئەو پەروەردانە لەم بارەیەوە دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان دەربارەی كردنەوەی قوتابخانەكان بۆ خەبات گوتی: زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەكان كراونەتەوەو بەڕێوەبەرو یاریدەدەر دەڕۆن وپۆلی دوانزەكانیشمان هەر دەوام دەكەن، ئەوەندەی كە بەدواداچوونمان كردووە دەرگای قوتابخانەكان كراوەتەوە هەندێكی بەڕێوەبەرو قوتابی دەوام دەكەن هەندێكی بەڕێوەبەرو بەشێك لە مامۆستایان و قوتابی دەوام دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هێشتا ماوێتی و بە تەواوی نەكەوتوونەتە دەوام ،پێم وایەڕۆژی یەكشەمە بە دواوە لە هەفتەی ئایندەوە زیاتر گوڕوتین بە خۆی ببینێ.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی چ كار ئاسانییەك دەكرێت بكرێت بۆ دەوامی مامۆستایان؟ لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ناوبراو گوتی: كارئاسانیمان وا كردووە ڕامانگەیاندووە زەخت لە مامۆستاكان نەكرێت بە جۆرێك قورسایی بكەوێتە سەر شانیان بەڵكو بە هەموو شێوەیەك هاوكاریان بن و كارئاسانیان بۆ بكەن و خشتەكان وەها دابنرێت لە بەرژەوەندی مامۆستا بێ كە وانەی نەبوو بڕواتەوە بۆ ماڵ واتە بە هەر شێوەیەك بگونجێت.
دەربارەی پڕۆگرامی خوێندن ئایا بۆیان كورت دەكەنەوە؟ لەم بارەیەوە دارا ئەحمەد گوتی: هەرهەمان ڕۆژ پڕۆگراممان بۆ كورت كردوونەتەوە ساڵنامەی نوێشمان داناوە ساڵنامەكە هەردوو كۆرسەكە تاقیكردنەوەی تێدا دەكرێت واتە هەر كۆرسێك نزیكەی دوومانگ ونیو دەوام دەكرێت و تاقیكردنەوەی تیادا دەكرێت تاقیكردنەوەكە لەسەر هەشتا ئەنجام دەدرێت دوو هەڵسەنگاندنمان داناوە تاقیكردنەوەشمان هەیە لەسەر بیست ئەوە لەو هەشتا دەرئەهێنرێ كۆرسی دووەم چوار ڕۆژ دوای كۆرسی یەكەم دەست پێ دەكات ئەویش نزیكەی دوو مانگ زیاترو هەر لە سەر هەشتا نمرە تاقیكردنەوە دەكرێت و لە 16-5-بە هەردوو كۆرسەكە قوتابخانە دادەخرێت.
دەربارەی ئەوەشی كە ئەم دابڕانە بۆ چ قۆناغێك زۆر هەستیارەو زیاتر پێوەی دیارەو كەمكردنەوەی پڕۆگرام ناتوانێت قەرەبووی بكاتەوە لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان گوتی: بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی زیاتر كاریگەری هەیە بۆنموونە ئەم سێ مانگە دەخوێنێت فریا ناكەوێت هەموو بابەتەكە وهەموو پڕۆگرامەكەی پێ بگەیەنی یان هەموو پیتەكانی فێر بكەیت بە نیوە ناچڵ دەچێتە قۆناغێكی ترواتە بە نەخوێنەواری دەچێتە قۆناغێكی ترو ڕەنگە قورسیش بێ ساڵێكی تر بتوانرێت ئەو قەرەبووەی بۆ بكەیتەوە لە پۆلی دوو بابەتی پۆلی یەكی پێ بدەین بە پەلە پڕوزێ كەواتە بۆ پۆلی یەك زۆر زەحمەتە بە پلەی یەك و دواتریش و پۆلی دوانزە.
دەربارەی ئەوەشی لە ئەگەری نەكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان كاریگەرە خراپەكەی چییە ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتی: لە كوردستان ئەمساڵ ئەگەر دەوام نەكەوێتە سەر پێ بۆنموونە پەنجا و دووهەزار قوتابی پۆلی یەك لەسنووری گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە وڕانیە هەیە ومەحرووم دەبێت لە خوێندن ساڵێكی تر پەنجاو دوو هەزار قوتابی تر دەبنە پۆلی یەك ئەمە موزعەف ئەبێتەوەو دەبێتە دوو ئەوەندە ئەوە جگە لەوەی پۆلی نۆو پۆلی شەشیش ناڕوات و دەمێننەوە، مامۆستا دارا ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان كێشەیان لەگەڵ پۆلی دوانزە نییەو هەرلەسەرەتاوە هەموو ئامادەییەكانییان دەوامیان كردووە ئەو گوتی: ئێمە تەنها دوو ئامادەیمان دەوام ناكەن ئەویش خوێندكارەكانیمان دابەش كردووە بەسەر ئامادەییەكانی تردا.











