شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/3/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: “لە نیوەرۆی رۆژی یەکشەممەوە 26ی مانگ نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست روو لەناوچەکانمان دەکاتەوە کە ئەمجارە لە باشووری دەریاکەوە بۆ سەر ناوەراستی عێراق جوڵە دەکات جیاواز لەحاڵەتەکانی پێشتر بارانەکە لەناوچە نزمەکاندا زیاتر و بەخوڕ دەبێت بەراورد بەناوچە شاخاوییەکان”.

ئەوەشی خستووەتە روو: “چەقی ئەم شەپۆلە دەکەوێتە درەنگانی شەوی یەکشەممە تاوەکوو ئێوارەی دووشەممە 27ی مانگ لەو ماوەیەدا لەسەرجەم ناوچەکان کەشوھەوا ناجێگیر و باراناوی دەبێت کە ھەندێک کات ھەورە تریشقە چالاک دەبێت و تەرزەش دەبارێت لە ھەندێ ناوچەدا، پلەکانی گەرماش لەو ماوەیەدا بەرێژەی 4 تا 6 پلە نزمدەبێتەوە و خێرایی باش بە زۆری مامناوەند دەبێت و جگە لەرۆژی یەکشەممە کاتەکانی پێش نیوەرۆ بۆ دوای نیوەرۆ خێرایی با ھەندێ کات تا 40کم/س چالاک دەبێت”.

ئاماژەشی بەوەداوە: “رێژەی بارانی پێشبینیکراو بۆ سەرجەم ناوچەکان لە 20 تا 60 ملیممەتر ئەگەر ھەیە، ئێوارەی دووشەممە بەگشتی کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە لاواز دەبێت و بۆ رۆژی سێشەممە کاریگەرییەکانی بەلاوازی دەمێنێتەوە لەسەر ناوچەکە و لە ئێوارەدا کۆتایی پێدێت”.