خەبات: تریفە ئازاد
لە ئەرشیفی قارەمانییەتی و خەبات و تێكۆشانی گەلی كورددا زۆر داستان تۆمار كراون، بەڵام رەنگە تایبەتمەندی داستانی پردێ دیارترینینیان بێت، چونكە لە زەمەنێكدا بوو كە گەلی كورد لە دوای ریفراندۆمێكی چارەنووسسازدا لە چاوەڕوانی كردنەوەی دەروازەی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیدا بوو، كەچی لەو لاوە بە پیلانگێڕیەكی ئیقلیمی و بە هاوكاری دەستێكی رەشی خیانەتكاری ناوخۆیی، كێشەیان خستە بەردەم ئەو ئاواتەی كورد كە سەربەخۆییە. بەڵام بەسەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی، پێشمەرگەكانی كوردستان لە داستانێكی بێ وێنەی قارەمانیەتی خەوی گڵاوی داگیركەرانیان لە پردێ گۆڕگوم كرد و وانەیەكی وایان پێدان كە هەتا هەتایە مێژوو بە عیبرەت بۆیان دەگێرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە خەبات چەند پرسیارێك ئاڕاستەی حوسێن یەزدان پەنا دەكات كە یەكێك بوو لە فەرماندەكانی داستانی پردێ.
❊ داستانی پردێ چۆن بوو؟
-لە ساڵی 2014ەوە بەشێكی بەرچاو لە هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی كوردستان لە میحوەری رۆژاوای كەركووك و قەزای دوبز دامەزرا بوون و ئەو سێ ساڵە، دەورێكی كاریگەریان لە شەڕی شكستپێهێنانی داعشدا، بینی، كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، كەركووك داگیركرا و لە ئاكامدا دۆخی سەربازی لە میحوەرەكە گۆڕانی بەسەرداهات، شەو درەنگانی 16 لەسەر 17ی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ كاك د. كەمال كەركووكی یەكترمان بینی و پێی راگەیاندم كە ئەركی سەرەكیی ئەم قۆغەمان پاراستنی هەولێر دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بارەگای میحوەر و هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ دادەمەزرێین.
شەوی 17 لەسەر 18 بەڕێز د. كەماڵ، گشت فەرماندەكانی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك كرد لە مزگەوتێكی شێراوا، بابەتی ئەو كۆبوونەوەیە سەرژمێری هێزەكان و چۆنییەتی دامەزران و ئەركەكانیان بوو، دواتریش تا 20ی ئۆكتۆبەر ئەو كۆبوونەوانە بەردەوام بوون. ئێمە پێكەوە لەگەڵ بەرپرسی میحوەر، پەیمانمان دابوو كە یان سەر دەكەوین و رێگە لە داگیركرانی هەولێر دەگرین، یان لێرە لە سەرنگەردا دەمرین. چەندی پێمان كرا و مەكائینمان لەبەردەستدا بوو، سەنگەر و ساترمان لێدا، لەو لاشەوە، هێزەكانی دوژمن كەوتبوونە جوڵە و پەیتا پەیتا هێزیان كۆدەكردەوە و لە رێگای سەرەكیی كەركووك-پردێ، قافڵەی ئالیات و مەكائینی جەنگییان دوور و درێژتر دەبووەوە.
بەپێی پلانی بەرەنگاربوونەوەكە، لە باشووری پردێ، ساترێك لێدراو ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی پاك و هێزەكانی دیكە، لێی دامەزرا بوون. لیوا كاك حەمە رێگر سەرپەرشتی ئەم هێڵەی دەكرد و سێ فەرماندە هێزی پاك: هەڤاڵان عەبەرەش و ئەردەلان خەسرەوی و رێباز شەریفی هاوكارییان دەكرد. لە باكووری پردێش، ساتر و سەنگەرە سەرەكییەكان دروستكرابوون كە هێزەكانی زێرەڤانی بە فەرماندەیی لیوا سالار تەیموور و هێزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان پێكەوە لێی دامەزرابوون. بەرزاییەكانی رۆژاوا و رۆژهەڵاتی جەبهەكەش، بە هێزەكانی دیكە سپێردرا بوون. لە مەفرەقەكەی پردێ-دووبزیش، ساترێكمان دروستكرد بوو و ژمارەیەك هامەر و چەكمان لێ دانا بوو.
هاوكات هێزەكانی پشتیوانی یەك، خۆیان و چەكە قورسە بەكار و زەبرەكانیان لە شوێنی تایبەتی خۆیان جێگیر ببوون.
هەموو ئاماژەكان و ئەو زانیارییانەی كە بە دەست میحوەر دەگەیشت، نیشانی دادە كە هێرشێكی گەورە بۆ داگیركرانی هەولێر بەڕێوەیە. بۆیە ئێمەش ئەوەی لە توانا و ئیمكانماندا بوو خستبوومانە گەڕ كە هێرشەكە بشكێنین.
من و بەرێز د. كەمال، لە ژوورێكی مزگەوتەكە، پێكەوە دەماینەوە، شەوی 19 لەسەر 20ی ئۆكتۆبەر پێیگوتم بەرەبەیان هێرش دەكرێتە سەرمان، وەڵامم دایەوە، ئێمە ئامادەین، تێكیان دەشكێنین، پاش ئاگادركردنەوەكەی د. كەمال، منیش فەرماندەكان و هێزەكانی پارتی ئازادیی كورددستانم ئاگاداركرد كە خۆیان بۆ شەڕی مان و نەمان ئامادە بكەن. كاك د. كەمال بڕیارێكی دەركرد كە دواتر زۆر كاریگەر بوو لە شكستی هێرشەكەی دوژمن، ئەویش بریتی بوو لە تەقاندنەوەی پردە سەرەكەكییەكەی پردێ، بەشی یەكەمی پلانەكەی هەر بەو شەوە جێبەجێكرا، یەكەمجار بۆ سەعات 4 خۆمان حازركرد بوو.
كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی جومعە 20ی ئۆكتۆبەر، فەرماندە رێباز شەریفی كە لە هێڵی پێشەوە بوو، تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی هەر ئێستا هێرشەكەیان دەسپێكرد و بە تۆپی دەبابە لێیان داین. لەگەڵ كاك د. كەمال بەرەو ساترەكە رۆیشتین، ئێمە بەپێی ئەو پلانەی داماننا بوو، كارمان دەكرد، پەلانەكەمان هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێدەكرد، پلانی گشتیی ئێمە ئەوە بوو كە دوژمن بكێشینە پانتاییەكی بەرتەسك و بە هەموو تواناوە لێیان بدەین، بەشێك لە پلانەكە ئەوە بوو كە هێزەكانمان لە ساتری یەكەم، واتە باشووری پردێ، لە كاتی دیاریكراودا بكشێنەوە، هێزەكانی دوژمن وایان دەزانی، پێشمەرگە شكاوە، بۆیە زۆر بە پەلە و بە خێرایی هەزران ئۆتۆمبێل و ئالیاتی جەنگیی و هەزاران چەكداری حەشد و جەیش و پۆلیسی فیدراڵی و حیزبوڵا و پاسداری ئێرانی، بە مەبەستی داگیركردنی هەولێر، بەرەو باكووری پردێ لە پێشبڕكێ دا بوون.
لێرەدا، بەشی دووهەمی پلانەكەی د. كەمال جێبەجێكرا و پردەكە تەقێندرایەوە و كاتێك كە هێزەكانی دوژمن و ئالیاتەكانیان لەو بەردەمی پردە رووخاوەكەدا مۆڵیان خواردبوو، لە هەموو لایەكەوە ئاگربارانمان كردن، شەڕ، شەڕی جەبهەیی دوو دەوڵەت بوو، ناوچەكە لە ئاگر و دووكەڵ و دەنگی چەكدا نووقم ببوو. سوور بووین لە شكاندنیان، لە ماوەی 10 كاتژمێر شەڕ و بەرەنگارییدا تێكمان شكاندن و بەو تێكشكاندنە، جارێكی دیكە، كوردستان كەوتەوە سەر رەوڕەوی هەستانەوەی سەربازی و سیاسیی و دیپلۆماسی.
❊ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر چۆن روویدا؟
-روونە كە 16ی ئۆكتۆبەر، پیلانێكی ئەقلیمی و بگرە نێودەوڵەتی گەورە بوو، دژی كورد و كوردستان كە ئامانجەكەی نەك هەر داگیركردنی كەركووك، بەڵكوو داگیركردنی هەولێر و كۆتاییهێنان بە قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان بوو. ئەندازیاری ئەو پیلانگڕییە تاران بوو، ئەكتەرە ئیقلیمییەكانی دیكە بریتی بوون لە بەغدا و ئەنقەرە كە پێكەوە بۆ ئەو ئامانجەی باسمكرد رێككەوتبوون، بەریتانیاش پاڵپشتێكی بێدەنگ و پشتی پردەی ئەو دوژمنكارییە بوو دژ بە كورد، بەداخەوە، بەرپرسانی ئەمەریكی لە عێراق، چاوی خۆیان لە ئاست ئەو غەدرەی لە كوردستان و پێشمەرگە كرا گرت و لایان بۆ سوپا هاوبەشەكەی تاران و بەغدا شل كرد كە بە دەبابەی ئەوانەوە، هێرشبكرێتە سەر كوردستان. لە ئاستی ناوخۆشییدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك خۆیان رایانگەیاند، لە گەڵ بەغدا و تاران رێككەوتبوون.
❊ پێتوایە هێزە عێراقییەكان لەم بەرنامەیەی كە دایانڕشتبوو، جارێكی تر ناتوانن بەرامبەر پێشمەرگە بوەستنەوە؟
-رووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، سەلماندیان كە لە هەر كوێ پێشمەرگە بیەوێت بەرەنگاری بكات و بەرانبەر سوپای عێراق و پاڵپشتەكانی، راوەستێت، دەتوانێت هەر هێرشێكی هەر چەند گەورەش تێكبشكێنێت. من دڵنیا نیم لەوەی تازە، جارێكی دیكە، هێزە عێراقییەكان شەڕی كورد نەكەن، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەگەر شەڕی كورد بكەن، تووشی شكان دەبنەوە، ئاواتەخوازم ئەوان چیدیكە، شەڕی كورد نەكەن. لەو باوەڕەدا نیم، هیچ هێزێك بتوانێت پێشمەرگەی كوردستان، لەناو ببات، چونكە پێشمەرگە خاوەنی پرسێكی رەوایە و لە هەناوی خەڵك و خاكی كوردستان هەڵقوڵیوە.
❊ ئەو رۆژەی كە لە پردێ، هێرشی داگیركردنی هەولێرتان شكاند و سەركەوتن، چ هەستێكت بوو؟
-نەبەردی مێژوویی پردێ بە گەورەترین شانازیی و سامانی رۆحی و مەعنەوەی خۆم و پارتی ئازادیی كوردستان دەبینم. چونكە كەوتن و داگیركرانی هەولێر، جوانەمرگ بوونی كۆمارەكەی پێشەوا قازی محەمەد دەبوو.










