ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گوێندەلن وێندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەیبوو، رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی عێراق و باڵیۆز ستیڤ فەیگن سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە لە نزیکەوە پشتیوانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بووە، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی هێمای بەوەدا لەسەر بنەمای دەستوور و پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق رێکخستۆتەوە، هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر حکوومەتەکانی پێشووتری عێراق پابەندی ئەم بنەمایانە بوونایە دەستکەوتی زۆر زیاتر بۆ عێراق و هەموو پێکهاتەکان بە گشتی دەهاتنەدی.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو پشتیوانی لە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق دەکەن لەچوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووردا هاتوون. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی پێکهاتەکانی کوردستان بە تایبەت خوشک و برایانی کریستیان لەسەر بنەمای رێز و مافی دەستوری و شەڕاکەتیان کردەوە و هێمای بەوەدا کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بایەخی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان کرد بۆ ئەوەی خوشک و برایانی کریستیان ئیرادەی خۆیان لای خۆیان بێت و کەس لە جێگەی ئەوان بڕیار نەدات.
لە درێژەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچەکە کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە سیاسەتی ئێمە هەر لەسەرەتاوە روون و ئاشکرابووە و ئێمە بەشێک نەبووین لە ئاڵۆزییەکان و بەشێکیش نابین لە ململانێ و کێشەکان. لەگەڵ ئەوەشدا پێمان باشە هەموو لایەک بە گفتوگۆ و دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
لای خۆیانەوە شاندی ئەمەریکی پابەندیی خۆیان بەرانبەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و راشیانگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بەمانای کۆتاییهاتنی پابەندیی ئەمەریکا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە. هەروەها لە رابردوو هاوپەیمانان لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لێرەبوون و بە هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی داعشیان تێکشکاند. جەختیشیان لەوە کردەوە ئەمەریکا لە رووی ئاسایش و ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری و هاوپەیمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.