لە كوردستان 20 سەنتەری شووشتنی گورچیلە، پڕۆسەی شووشتنی گورچیلە بۆ نزیكەی 14 هەزار نەخۆش ئەنجام دەدەن، كە بەشێک لەو چارەخوازانە خەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، لەمبارەیەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێ: “پڕۆسەی شووشتنی گورچیلە بۆ چارەخوازان بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێن.”
ئەمڕۆ پێنجشەمە 15ـی 10ـی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە، كە لە سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە، هەر چارەخوازێک هەفتانە 2 بۆ 3 جار بێبەرامبەر گورچیلەکانی بۆ دەشۆرێت.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە خزمەتگوزارییەکان تەنیا پڕۆسەی شووشتنی گورچیلە ناگرنەوە، بەڵکوو سەرجەم پشکنینەکانی ڕۆژانە و مانگانە، لەگەڵ دابینکردنی دەرمانی پێویست، بێبەرامبەر پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لە سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە هەولێر کردووە، کە خاوەنی 36 ئامێری پێشکەوتووە، شەو و ڕۆژ بێ وەستان لە خزمەتی نەخۆشاندایە.
ئاشكراشی كرد، كە ئاستی بەرزی خزمەتگوزارییەکان وای کردووە، نەخۆشانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ببنە بەشێک لە چارەخوازان و بەردەوام بە مەبەستی وەرگرتنی ئەم چارەسەرە بێبەرامبەرە، ڕوو لە سەنتەرەکانی کوردستان بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کارى بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردووە و ئەمەش ڕەنگدانەوەى لەسەر چارەسەرە پزیشکییەکانی هاووڵاتییان هەبووە.