مۆرفۆلۆژیای گوندەکانی ناحيەی قه‌سرێ.. شیکردنەوە و خستنەڕوو

133

تەنکە عوسمان سەعید*
ناحيەی (قەسرێ) سەر بە قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر، ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشی شاخاوییە لە ڕووی مۆرفۆلۆژیای گوندەکانەوە (شێوازو نەخشە و پێکهاتەی گوندەکان) شێوەیەکی تایبەتی وەرگرتووە، کە
مۆرفۆلۆژیای گوند لەم ناوچەیەدا بەشێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەری فاکتەری سروشتی سەرچاوەی ئاو وکەشوهەوا دا ( تۆبۆگرافیا) شێوەی وەرگرتووە، ئەگەر بە وردی و سەرنجی شێوەو پێکهاتەی دەرەوەی خانووەکان بدەین، ئەو خاڵانەمان بۆ دەردەکەوێت کە بریتیین لە :_
١- شێوازی نەخشەی گوندەکان (Village Patterns)
گوندی هێڵەکی (Linear Villages): زۆربەی گوندەکانی ناحیەی قەسرێ بەدرێژایی ڕووبار و ڕەز و شیوەکان یان ڕێگا سەرەکییەکان درێژبوونەتەوە. ئەمەش لە پێناو ئاسانکاری لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو و ڕاییکردنی کارو ئەرکە ئابوورییەکان و چالاکی ڕۆژانەیان دەگەڕێتەوە.
٢-گوندی پەرشوبڵاو(کەڵەکەبوو)لەسەر بەردەڵان یان کوێستانەکان: لە شوێنە بەرزەکان و کوێستانەکان خانووکان بەشێوەیەکی ناڕێک و بەپێی گونجانی زەوییەکە شێوازی پلیکانە (مدرجات ) لەسەر داوێنی شاخەکان دروستکراون.
٣- شێوازی دروستکردن و ئەندازیاری خانووکان (Architecture & Stepped Pattern)
شێوازی پلیکانەیی (Terraced Structure): بەهۆی لێژیی شاخەکان، لە زۆرێک لە گوندە کۆنەکاندا حەوشە یان سەربانی خانوویەک لە لایەن زۆرێک لە دانیشتوان یان گوندنشینانی ناوچە کە دەبێتە حەوشە یان بەشێک لە ڕێگای خانووی سەرەوەی خۆی.
٤- کەرەستەی خۆماڵی:
لە کۆندا خانووەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە بەردی چیا، قوڕ و دار دروست دەکران لە پێناو ئەوەی لە وەرزی زستان و سەرما خۆگربن. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، جۆری کەرستە کانی بیناسازی و خانووبەرە، گۆڕان و زیاتر کەرەستەی هاوچەرخ وەک چیمەنتۆ، بلۆک جێگەی گرتوونەتەوە.
٥- ئاڕاستەی نیشتەجێبوون (Sunlight & Orientation)
زۆربەی گوندەکان ڕوویان لە باشوور یان باشووری ڕۆژهەڵاتە بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی پایز و زستاندا زۆربەی تیشکی خۆریان بەربکەوێت و زیاتر گەرم بن، هەروەها خۆیان لە باو زریان و بەفرگرتنی زۆری داوێنی باکووری شاخەکان بپارێزن.
٦- پەیوەندی بە سەرچاوەی ئاو و زەوی کشتوکاڵی
پاراستنی زەوی کشتوکاڵی: خانووکان زیاتر لەسەر ئەو بەشەی شاخەکە دروست دەکرێن کە زەوی بەردەڵانە یان کشتوکاڵی نییە، بۆ ئەوەی زەوییە تەخت و بەپیتەکانی نێو دۆڵەکان بۆ مەبەستی ڕەز و باخ و چاندن و کشتوکاڵ بمێننەوە.
٧- نزیکیی لە رووبار و کانیاوەکان:
شوێنی ناوەکی گوندەکان هەمیشە لە دەوروبەری سەرچاوەیەکی ئاوی هەمیشەیی (کانی و کاریز یان چەم و ڕووبار) دروست بووە.
٨-گۆڕانکاریی مۆرفۆلۆژی هاوچەرخ:
لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگەوبان و گەشەی ئابووری و گەشتیاری لە ناوچەکە، مۆرفۆلۆژی گوندەکانی قەسرێ بەرەو کشانی هێڵەکی لەسەر شەقامه سەرەکییەکان و بەکارهێنانی مۆدێلی نوێی خانوو و گەشەی کەرتەکانی گەشتیاری و خزمەتگوزاری هەنگاوی ناوە.
دیارترین گوندەکانی ناحیەی قەسرێ ئەمانەن:
(دیلمان، سەرنێڵ، چۆمساک، وەسان، ئیسکاوە، ڕەزوێکە، قەڵات، سمۆرە، ماونان، خەزێنە، زەنگەڵین، چۆمە، سەرکان، کۆیلێ و بوران).
ئەم گوندانە بەهۆی سروشتە شاخاوییەکەیان و هەبوونی کانیاو و ڕەز و باخی زۆرەوە ناسراون. لەسەر ئاستی گوندە کانیش، گوندی دیلمان ( کە دەکەوێتە ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمان)، چونکە خاوەن پێگەیەکی جوگرافی و ستراتیژی گرنگ بوو، هەم لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافی، ببووە یەکێک لە گرنگترین و دیارترین ناوەندە سەربازی و ئیدارییەکانی شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١ – ١٩٧٥) بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی.
گوندی دیلمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بارەگای سەرەکیی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بوو زۆربەی بڕیارە سیاسی و سەربازییە چارەنووسسازەکانی شۆڕشی ئەیلوول لەم گوندەوە دەردەچوون.
دیلمان کەشێکی ئارام و پارێزراوی ڕەخساندبوو بۆ بەستنی کۆبوونەوەی شاندە سیاسییەکان و ڕوژنامەنووسانی بیانی و نوێنەرانی وڵاتان و کەسایەتییە سیاسییەکانی دەڤەرەکە.
لەکۆتایی ئەم وتارە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە مۆرفۆلۆژیای گوندەکانی ناحیەی قەسرێ ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی هەبووە بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی و سەربازی و ناوەندی بڕیاردانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر – بەشی جوگرافیا/کۆلێژی ئاداب زانکۆی سەلاحەددین.