سهرهتا وتار ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان ئەلترناتیڤی نەهێشتنی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن و ئیفلیجکردنی...
کاروان محەمەد سینو
دوابەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و لە میانەی پەیمانی (سیڤەر) كە لە 10ی ئابی 1920 لە نێوان وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانیی یەكەم و وڵاتانی دۆڕاوی جەنگەكە (ئەڵمانی نازی و ئیمپراتۆریەتی نەمسا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) ئیمزا كرا، لە بەندی 62 و 64ی پەیمانی (سیڤەر)دا؛ مافی سەربەخۆیی درایە میللەتی كورد كە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و داوای سەربەخۆییی خۆیان بكەن. بەڵام مشتومڕی لایەنەكانی پەیمانی(سیڤەر) و سازانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێگەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی خۆیان، مافی سەربەخۆییی میللەتی كورد كرایە قوربانی و كارتی سازان لە نێو خۆیاندا و، دواجار لە ئیمزاكردنی پەیمانی (لۆزان لە 24ی تەممووزی 1923) ئەو مافەی میللەتی کورد بووە قۆچی قوربانی و هەموو لایەک پاشگەز بوونەوە لەو مافەی كورد كە لە پەیمانی (سیڤەر)دا بۆ میللەتی کورد دەستەبەر ببوو. بەڵام ئازادیخوازان و سەربەخۆخوازانی كورد هەرگیز ملكەچی ئەم واقیعە نەبوون و هەر لە سەرەتاوە خەبات و شۆڕش دژ بەم واقیعە سەپێنراوە دەستی پێكرد. هەڵبەت بروسكەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بەهاری 1907 بۆ (باب ئەلعالی)ی دەوڵەتی عوسمانی لە (ئوستانە) و شەڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دژی (نەفیرعامی) دەوڵەتی عوسمانی بە سەرۆكایەتیی (محەمەد فازل پاشا داغستانی كۆتایی ساڵی -1907) و شۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموودی حەفید و شۆڕشی یەكەمی بارزان لە 9ی كانونی یەكەمی 1931 و شۆڕشی دووەمی بارزان لە 2ی ئۆكتۆبەری 1943 و ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد (22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946) و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان؛ ئەمانە چەند نموونەیەكن لە شۆڕش و بەرخودان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییی میللەتی كورد، هەڵبەت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان (25ی ئەیلوولی 2017)یش ماف و ئیرادە و خواستی سەرجەم خەڵکی کوردستان بوو بە ڕابەرایەتیی مەرجەعی کورد مەسعود بارزانی.
وێڕای ئهوهی سهربهخۆیی كوردستان ئامانجی ههموو خهڵكی كوردستانه، ههروهها لێرەدا بەلانی کەمەوە دەتوانین چەند واقعێک دیاری بکەین وەک هۆكارهكانی بهرجهستهبوونی هزری ریفراندۆمی سهربهخۆیی ههرێمی كوردستان له 25ی ئهیلوولی 2017دا وهك::
یەکەم: هەڵبەت ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان(2017) ئەلترناتیڤی ئیفلیجکردنی دەستووری فیدڕاڵی عێراق و شکاندنی بنەماکانی (تەوافوق و شەراکەت و یەکسانی) بوو؛ لە ڕاگرتنی شایستەدارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرغکردنی پۆستە باڵاکانی عەسکەری و دیپلۆماسی و هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی بەرپرسانی کورد لەنێو سیستەمی حوکمڕانیی فیدڕاڵیی عێراقدا.
دووەم: هەروەها پێشێلکردنی دەستوور؛ بەتایبەت ئەوماددانەی پەیوەست بوون بە دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان(ماددەی 140) و دەستبەسەرداگرتنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە سەپاندنی مەبدەئی (زۆرینە و کەمینە – دیکتاتۆرییەتی پەرلەمانی) لە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق بەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی کە پەیوەستن بە ماف و شایستەدارایی و دەسەڵات و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان؛ لەکاتێکدا هەموو کەس دەزانێ کە ژمارەی دانیشتووانی نەتەوەی کورد لە عێراقدا کەمترە بەرانبەر ژمارەی دانیستووانی نەتەوەی عەرەب بە سوننە و شیعەوە (هەروەها ئەم هاوکێشەیە ڕاستە بۆ ڕێژەی نوێنەرانی عەرەب لە پەرلەمانی عێراقیشدا)، بۆیە هەر دەنگدانێک لە پەرلەمانی عێراقدا دەربارەی هەر مافێکی هەرێمی کوردستان (پێشوەختە شکستی هێناوە و شکست دەهێنێت) بەرلەوەی پڕۆسەی دەنگدان دەست پێ بکات، ئەمەش بە دیکتاتورییەتی پەرلەمان و (دیکتاتۆریی دیموکراسی دەناسرێ)!! کاتێک کە پەیڕەو دەکرێ.
سێیەم: کەنارخستن و پەراوێزخستنی موشارەکە و بەشداریکردنی کورد لە هەڵسوڕاندن و ئیدارەدانی جومگەکانی حکوومەت لە سێکتەرەکانی (بەرگری، هەواڵگری، نەوت و گاز، داهات و بودجەی گشتیی وڵات و خاڵەسنوورییەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات و هتد)؛ لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێکی هەرەگرنگی نیشتمانی و سەرەکی بوو لە پڕۆسەی بونیادنان و پێکهێنان و ڕاستەڕێکردنی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق. بەڵام عەقڵییەتی شۆڤێنی و تایفەگەری و پاشکۆ (تبعیە)؛ گوێڕایەڵیی بێگانە لەلایەن برایانی عەرەب لە کاربەدەستانی نێو حکوومەتی فیدڕاڵ؛ کە بووەتە هۆکاری لەدەستدانی ئیرادە و سەروەریی عێراق و لەدەستدانی ناوەندی بڕیاری نیشتمانی وەکوو میللەت و دەسەڵات و وڵاتێکی فیدڕاڵیی ئازاد؛ ئەمەش زۆر بە زەقی لەنێو حکوومەتی فیدڕاڵدا ڕەنگیداوەتەوە و کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند.
ئێستاش بەداخەوە لە لایەن عەرەبە شۆڤێنیزم و تایفەگەر و چڵکاوخۆرانی بێگانەوە؛ هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردن و سنووردارکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی و گرنگ لە حکوومەتی فیدڕاڵیی نیشتمانیی عێراق، بۆ ئەوەی هەلیان بۆ بڕەخسێ بە جارێک حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ قۆرخ و دەستەمۆ و کۆنتڕۆڵ بکەن و جارێکی دیکە عێراق بەرەو داهاتوویەکی تاریک و نادیار ئاراستە بکەن.