وەزارەتی كارەبا ئاشكرای كرد، كە لە داشكانی 50%ـی قەرزی كۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناكی، نزیكەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری كوردستان سوودیان لێ بینیوە و دەشڵێ: “جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو هابەشانەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان هەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.”

ئەمڕۆ یەكشەممە 13ـی 9ـی 2026، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕووناکی وەرگرتووە، کە لە ڕۆژی سێی ئاب تا (10)ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی چل ڕۆژێک بەردەوام بوو.”

ڕاشیگەیاند: “ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابوو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا ڕزگاریان ببێت، کە لە ڕێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە ڕێژەی (50%) جێبەجێ کرا و تا ئێستا لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت وێنەی نەبووە.”

ئاماژەی بەوەش دا، كە “ئەم داشکاندنە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ڕووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تیایدا هەموو بەکارهێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.”

وەزارەتی كارەبا دەشڵێ: “جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو هابەشانەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان هەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.”

وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوبەشانی کارەبادا، لەسەر پشتگیریکردنی هاووڵاتییان و هاوبەشانی لە هەموو کەرتەکانی بەردەوام دەبێت.