خەبات: ڕەنجبەر بەرزنجی:- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەبازاڕکردنی بەروبوومی ناوخۆیی، یەکەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی قەزای سیدەکان بەڕێوە چوو. ئەم چالاکییە بەرچاوە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە کەشوهەوایەکی جۆش و خرۆشدا بەردەوامیی هەبوو، تێیدا (٦٥) جووتیار، ئاژەڵدار و هەنگەوانی سنوورەکە تەواوی بەرهەمە ڕەسەن و سەرنجڕاکێشەکانیان نمایش کرد. بۆ زانینی زانیاریی زیاتر لەسەر گرنگی و ئامانجەکانی ئەم فیستیڤاڵە، (ئیحسان چەلەبی) قائمقامی قەزای سیدەکان، لە هەڤپەیڤینێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی (خەبات)ی دایەوە.

هەماهەنگی و رێکخستنی فیستیڤاڵەکە
لە سەرەتای ئاخاوتنەکەیدا سەبارەت بە چۆنیەتیی سازکردن و ئامادەکارییەکانی ئەم بۆنەیە، (ئیحسان چەلەبی) قائمقامی قەزای سیدەکان ڕایگەیاند: «لە ڕاستیدا ئەم فیستیڤاڵە بە دەستپێشخەری و ڕێکخستنی قائمقامییەتی قەزای سیدەکان و بە هاوکاری و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاتبووە سازکردن. چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی یەکبەدوایەک بەردەوام بوون، کە تێیدا زیاتر لە (٦٥) جووتیار، ئاژەڵدار و هەنگەوانی ناوچەکە بەشدارییان تێدا کرد و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانیان خستە ڕوو. جگە لە ئامادەیی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بە مەبەستی ڕەخساندنی کەشێکی خۆش و زیندوو هێشتنەوەی کەلەپووری ناوچەکە، چەند بڕگەیەکی هونەری و گۆرانی لەلایەن دەنگخۆشانی دەڤەرەکەوە پێشکەش بە میوانان و ئامادەبووان کرا.

ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخستنی فیستیڤاڵ
سەبارەت بەو ئامانج و پەیامانەی کە لە پشتی ڕێکخستنی ڕووداوێکی لەم جۆرەبوون، قائمقامی قەزای سیدەکان ڕوونی کردەوە کە دوو ئامانجی سەرەکییان لە بەستنی ئەم فیستیڤاڵەدا هەبووە:
• یەکەمیان؛ بەبازاڕکردنی بەروبووم و دروستکردنی دەرفەتی کار: دەڤەری سیدەکان و برادۆست ناوچەیەکی جوگرافیی ئێجگار فراوان و دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەکان. ساڵانە زیاتر لە (١٥٠٠) خێزان بۆ ئەنجامدانی کاری کشتوکاڵی، ئاژەڵداری و هەنگەوانی ڕوو لە کوێستانە فێنک و ڕەنگینەکانی ئەم دەڤەرە دەکەن. له کۆتایی وەرزدا بەرهەمێکی زۆریان دەست دەکەوێت؛ لەبەر ئەوە ئامانجی بنەڕەتیی ئێمە کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی ئاسانی بەرهەمەکانیان.

• دووەمیان؛ ناساندنی بەروبوومی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی ئەزموون: سیدەکان بە بەرهەمی هەنگوینی خاوێن و بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی کوالیتی بەرز ناوبانگی هەیە. سازکردنی ئەم بڵاوکراوە و فیستیڤاڵانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نیشاندانی ئەم توانستە ڕەسەنانە. هاوکات سەکۆیەک بوو بۆ ئاشنایەتیی زیاتری نێوان جووتیاران، ئاژەڵداران و هەنگەوانان تا بتوانن زانیاری، ئەزموون و ئاڵوگۆڕی پیشەیی لەگەڵ یەکتردا بکەن.

دەستکەوتەکان و ڕەزامەندیی بەشداربووان
ئیحسان چەلەبی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە یەکەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بوو کە لە سەر ئاستی قەزای سیدەکان بەڕێوە بچێت. ناوبراو ئاماژەی بە سەرکەوتنی جێی شانازیی فیستیڤاڵەکە کرد و وتی: «ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و شانازیی تەواوی ئێمە بوو، پێشوازییە گەرم و بەرچاوەی خەڵکی ناوچەکە و میوانان بوو کە ڕەزامەندیی زۆری لێ کەوتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە زۆر خۆشحال بووین کە سەرجەم بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە—لە جووتیاران، ئاژەڵداران و هەنگەوانان—توانییان لەم دوو ڕۆژەدا تەواوی ئەو بەرهەمانەی هێنابوویان بیانفۆشن و سوودی دارایی باش وەربگرن.

بەڵێن و پلانەکانی داهاتوو
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، قائمقامی قەزای سیدەکان هیوا و پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: «لە دەستەی کارگێڕیی قەزاوە هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ سەرجەم جووتیاران و بەرهەمهێنەرانمان دەخوازین و هیوادارین ئەم فیستیڤاڵە جێگەی شایستەی خۆی گرت بێت. ئێمە وەک قائمقامییەت ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەکی پێویست بۆ ئەوان. هەروەها لە ئێستاوە بڕیارمان داوە و ڕایدەگەیێنین کە لە پلانماندایە بۆ ساڵی داهاتوو ئەم فیستیڤاڵە بە شێوازێکی زۆر فراوانتر، بە ڕێکخستنێکی نوێتر و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکی زیاتر ڕێک بخەین تاوەکو زۆرترین کەس سوودمەند ببن.