
خهبات : حەمید سوورچی
دکتۆر سەدرەدین عەبدڵڵا هەریری پزیشكی پسپۆڕی هەناو و دڵ، لەم دیدارەی خهباتدا تیشک دەخاتە سەر: نەخۆشی جەڵتەی دڵ و هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشیە، جیاوازی نێوان جەڵتەی مێشک و دڵ، نیشانەکانی نەخۆشییەکە، چۆنیەتی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی، کاریگەریی لایەنی دەروونی و خواردن لەسەر نەخۆشییەکە، هەروەها لایەنی بۆماوەیی لەسەر نەخۆشی دڵ ڕووندەکاتەوە.
* لە دەستپێکدا لە بارهی ناساندنی نەخۆشی جەڵتەی دڵ دکتۆر سەدرەدین عەبدوڵڵا هەریری پسپۆڕی هەناو و دڵ بۆ خەبات گوتی: جەڵتەی دڵ بریتیە لە لەناکاو گیرانی خوێنبەرەکانی ماسوولکەکانی دڵ، کە خوێن و ئۆکسجین بۆ ماسولکەکانی دڵ دابین دەکهن.
*لە وەڵامی پرسیاری ئایا هۆکارەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ چین؟ ئەم پزیشکە پسپۆڕەی هەناو و دڵ روونی کردەوە: هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ جۆری خواردن، جۆری هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانە life style ، جگەرە کێشان، قەڵەوی، هۆکاری بۆماوەیی، باری دەروونی، کە باسی هەریەکێکیان بەجیاواز دەکەین. یەکەم: خواردن، ئەو خواردنانەی ڕێژەی چەوری زۆر و ڕێژەی کاربۆهایدرێتی زۆرە، خراپن و هۆکارن بۆ تووش بوون وەک fast food، خواردنی ئامادەکراوی هەڵگیراو بە مواد حافزە، هەروەها چۆنیەتی و چەندیەتی خواردن کاریگەری لەسەر درووستبوونی جەڵتەی دڵ هەیە. دووەم: چۆنیەتی ژیان کردن life style ئەوکەسانەی جۆری کارکردنیان دانیشتنە بۆ ماوەیەکی زۆر و چالاکی و جوولەیان کەمە، ئەوانەی شەونخوونی دەکەن و شەوان تا درەنگ ناخەون و بەڕۆژ زۆر دەخەون. سێیهم: ئەوانەی وەرزش ناکەن و بەپێ زۆر ناڕۆن چالاک نین. چوارەم: جگەرە کێشان دەبێتە هۆی ڕەقبوونی دیواری خوێن بەرەکانی دڵ و لەدەستدانی لاستیکی خوێنبەرەکان، کە هۆکارێکی گرنگی جەڵتەی دڵە. پێنجەم: هۆکاری بۆماوەیی؛ ئەو بنەماڵانەی کە لەناویان خزمێکی نزیکیان وەک مام خاڵ ئامۆزا یان باوکیان یا دایکیان لە تەمەنی پێش پەنجاو پێنج ساڵی تووشی جەڵتە دەبن، هۆکارێکە کەوا ئەندامانی تری نزیکی بنەماڵە تووش ببن، بۆیە پێویستە پشکنینی ساڵانە بکەن. شەشەم: قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە یارمەتیدەرن بۆ دروستبوونی جەڵتەی دڵ.
* لە وەڵامی پرسیاری ئایا جیاوازی چییە لە نێوان جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک؟ گوتی: جەڵتەی دڵ لە ئەنجامی وشکبوون یاخود برینداربوونی بەشێک لە ماسوولکەی دڵ دروست دەبێت، بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ، بەڵام جەڵتەی مێشک بە دوو جۆر دروست دەبێت یان گیرانی دەمارە خوێنبەرەکانی مێشک و مەیینی خوێن تیایاندا، یاخود خوێنبەربوون و تەقینی خوینبەرەکانی مێشک ڕوو دەدات. نیشانەکانی جەڵتەی مێشک ئیفلیجی لایەکی لەشی مرۆڤەکە دەبێت، بەڵام جەڵتەی دڵ نابێتە هۆی ئیفلیجی.
* لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی ئایا لایەنی دەروونی و نیگەرانی لە کێشەکانی ژیانی مرۆڤ، زیاتر کاریگەری هەیە لە سەر جەڵتەی مێشک و دڵ یان خواردن؟ لە وەڵامی ئەمەش دکتۆر سەدرەدین عەبدوڵڵا هەریری گوتی: بێگومان خواردن و لایەنی دەروونی کاریگەریان لەسەر دروستبوونی جەڵتەی دڵ و مێشک هەیە بە ڕێژەی جیاواز، هەندێ جار زۆری لایەنی دەروونی وەک خەمێکی قووڵ و زامی دەروونی و دڵەڕاوکێ و ستریسی زۆر، لەوانەیە جەڵتهی مێشک یان جەڵتەی دڵی بەدوادا بێت، هەرچەندە خواردنی تەندروستیش بخوات، ئەگەر مرۆڤەکە باری دەروونی باش بێت، بەڵام جۆری خواردنەکانی زیانبەخش بن ئەوانەش لەوانەیە تووش ببن.
*لە وەڵامی پرسیاری ئەو کەسانە کێن کە زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن؟ گوتی:
ئەوانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن کێن، جگەرەکێش قەڵەوی، نەخۆشانی شەکرە و بەرزی گوشاری خوێن، ئەوانەی پێشتر نەخۆشی تەسکبوونەوەی دەمارەکانی دڵیان هەبووە، ئەوانەی ناچالاکن و وەرزش ناکەن، ئەوانەی شەو درەنگ دەخەون و ئەوانەی خواردنی تەندروست ناخۆن یان نالەباری ژیانوگوزەران و ناڕێکی باری دەروونیان هەیە.
* لە درێژەی درێژەی قسەکانیدا لەبارەی پرسیاری ئایا بۆماوەیی کاریگەری لەسەر نەخۆشی دڵ هەیە؟ ئەم پزیشکە پسپۆڕەی دڵ و هەناو گوتی: بەڵێ هۆکاری بۆماوەییش کاریگەریی لەسەر جەڵتەی دڵ هەیە، بۆ نموونە مرۆڤێک تەمەنی لە خوار پەنجا ساڵە و تووشی جەڵتەی دڵ بووە، کەواتە ئەندامانی تری ئەو خێزانە ڕێژەی درووستبونی جەڵتەی دڵیان زیاترە لە خێزانێک، کە هیچیان جەڵتەی دڵیان نەبووە، یان ئەگەر هەبووبێت لە تەمەنی سەروو حەفتا ساڵی ڕوویداوە.
* لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەکرێت، کە جەڵتەی دڵ له ناو گەنجان لە زیادبووندایە، هۆکارەکەی چییە؟ بۆ ئەمەش گوتی: بەڵی جاران بەهیچ جۆریک لە خوار تەمەنی چل وپێنج ساڵ جەڵتە نەبوو، بەڵام ئێستا لهتەمەنی بیست ساڵی جەڵتە تۆمار کراوە و حالەتەکان بەرەو زیاد بوونن، هۆکارەکەش گۆڕانی جۆری ژیان و خواردن و چالاکیە. جاران خەڵک زوو دەخەوتن بەیانی زوو هەڵدەستان جووڵە و چالاکی ڕۆژانەیان زۆر بوو ماندوو بوون، بەڵام تەمبەڵ نەبوون، خواردنی خۆماڵی و تەندروستیان دەخوارد، ئەگەرچی خواردنی سادە و ساکاریش بووایە، خەمیان لە بەیانی دووا ڕۆژ نەدەخواد بە ئاسوودەیی دەنووستن، گیانی خۆشەویستی و هاوکاریان هەبوو، ڕق و قینە و تووڕەیی و ناتەبایی نەبوو، گەنجی ئیستا شەوان تا بەیان دانیشتوون، جگەرە و نێرگهلە دەخۆن تایگەر و ئاسان دەخۆنەوە، بە ڕۆژ تاکو دوای نیوەڕۆ خەوتوون، باری دەروونیان ناتەواوە، بۆیە ڕێژەی تووشبوون لە گەنجان بەرەو زیاد بوونە.
* لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشی جەڵتەی دڵ، گوتی: جەڵتەی دڵ نیشانەکانی لە ناکاو و کت و پڕ دەر دەکەون، بە ئازارێکی زۆر لە ناوەڕاستی سنگ و تەختەی سنگ دەست پێ دەکات، ئازارەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو شان و قۆڵی چەپ، ئازارێکی زۆر بەهێزە وەک چەقۆ کێشانە لەشان و سنگ، لەگەڵیدا دڵ تێک هەڵاتن ڕوو دەدات و هەندێ جار ڕشانەوەی بەهێز، ئینجا ئارەقەیەکی ساردی یەکجار زۆر دەکات و هەست بە هەناسە سواری و تەنگەنەفەسی دەکات، هێزی نامێنێت و گوشاری خوێنی دادەبەزێت، لە دواجار لە هۆش خۆی دەچێت، ئەگەر زوو فریای نەکەون و زوو نەگاتە نەخۆشخانە لەوانەیە گیانی لە دەست بدات..
* لە بارەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەش دەڵێت: دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە، یەکەم بەهۆی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشیەکە، دووەم هەندێ پشکنینی تایبەت دەکرێن وەک هێڵکاری دڵ ECG پشنینی troponin وCK MB ئیکۆی دڵ echocardiography بەم پشکنینانە دڵنیا دەبینەوە لە هەبوونی جەڵتەی دڵ.
* لەوەڵامی پرسیاری ئایا ئەم نەخۆشییە چۆن چارەسەر دەکرێت ؟ بۆ ئەمەش گوتی: چارەسەری جەڵتەی دڵ ئەگەر لە کاتی ڕوودانی جەڵتەی دڵ دەست و بردی خێرا نەکرێت، نەخۆشەکە گیانی دەکەوێتە مەترسیەوە، هەر خولەکێک لە دواکەوتنی چارەسەر، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش دروست دەکات، بۆیە پێویستە بە زووترین کات نەخۆشەکە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ بکرێت. ئەگەر نەخۆشییەکە پشتڕاست کرایەوە دەبێ بەزووترین کات قەستەرەی دڵی بۆ ئەنجام بدرێت، چەند زوو قەستەرە بکرێت ئەنجامی باشتر بەدەست دێت، لە دوای قەستەرە نەخۆش دەبێت دەرمانی تایبەت بهكاربێنێت و ڕێنماییە پزیشکیەکان بە ڕێکی جێبەجێ بکات.
* لە وەڵامی دواپرسیاریش لە بارەی ئەوەی ڕێنمایتان چییە بۆ هاووڵاتیان بۆ خۆ پاراستن لە جەڵتەی دڵ؟ ئەم پزیشکەی پسپۆڕی دڵ و هەناو گوتی:
بۆ خۆ پاراستن لە جەڵتەی دڵ، پێویستە؛ یەکەم: هەر کاتێک سینگ ئێشە یان هەر نیشانەیەکی نەخۆشی دڵ سەری هەڵدا، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات، چونکە جاری وایە پێش جەڵتەی دڵ بە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک، سنگ ئیشە و تەنگەنەفەسی و بێتاقەتی ڕوو دەدات، بە هۆی تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکان، بەتایبەتی ئەگەر لە کاتی ماندووبوونێکی کەم ئەم نیشانانە دەربکەون. دووەم: گۆڕینی شێوەی ژیان، واتە وەزرشکردن جووڵەی زۆر، ئەگەر مرۆڤەکە کاری ڕۆژانەی دانیشتن بێت. سێیەم: زوو خەوتن و زوو لەخەو هەڵسان. چوارەم: خواردنی تەندروست و دوور کەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان و خواردنە پڕ چەورییەکان و خواردنەوە گازی و وزە بەخشەکان، دوور کەوتنەوە لە جەگەرە کێشان و نێرگەلە، خۆ بەدوور گرتن لە تووڕەیی، لابردنی هەر هۆکارێکی گوشاری دەروونی و چارەسەرکردنی. پیادە ڕۆیی ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو سەعات بەلای کەم، تا بکرێت خواردنی خۆماڵی بخورێت، زیاد کردنی سەوزە و ڕیشاڵەکان، زەڵاتە و بەکارهێنانی زەیتی زەیتوون، جەرەزات کە بۆ تەندروستی دڵ زۆر باشن.