گیان لەدەستدانی نەخۆشێک سەرپێچیی و لەیاسادەرچوونی نەخۆشخانەیەک و دوو پزیشکی ئاشکرا کرد”

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ئافرەتێکی 21 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر، دەرکەوت پزیشکی نەشتەرگەر ڕێگەپێدانی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە و نەشتەرگەرییەکە لە هۆڵێکدا کراوە کە بە بڕیاری وەزارەت بۆ دوو مانگ بووە داخراوە.

وەزارەت جەختی کردەوە بەهۆی سەرپێچیکردنی بڕیارەکان و بەکارهێنانی دەرگای نافەرمی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، نەخۆشخانەکە بە تەواوی دادەخرێت و ئیدارەکەی لەگەڵ پزیشکی نەشتەرگەر و پزیشکی سڕکردندا ڕەوانەی دادگا دەکرێن.

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی …
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی نەخۆشێک …
دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت (ئەهلی) لەشاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی کرا، بە پێویستمان زانی بۆ ڕای گشتی ڕایبگەیەنین کەوا:

1- پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نیە لەو نەخۆشخانەیە.

2- نەبوونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.

3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بوونی فریاکەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.

4- لەبە نەبوونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە دوو بەفەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێدا ڕاگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بەڕێگای دیکەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیکەی نافەرمی چوونەتە ژرەوە و کاریان کردووە.

5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردووە و پابەند نەبوونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی لە یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە16 ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگا دەکات بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

لێرەوە جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کەوا پێویستە تەواوی نەخۆشخانەکانی ئەهلی و سەنتەر و کۆمەڵگاکانی پزیشکی کەرتی تایبەت پابەندبن بە کارکردن بەپێی بوونی مۆڵەتی بەرکار و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکات.

بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسیاییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر ڕێکارەکانی دادگا.
بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون
وەزارەتی تەندڕوستی
2 ئەیلول 2026